نووسینی:شەهرام سوبحانی
فەلسەفەی ژیانی مرۆڤەکان لەوێڕا دەست پێدەکا کە ئینسان بە ئازادی هاتۆتە دنیاوە و دەبێ بە ئازادیش بژی. واتا هیچ کەسێک و هیچ لایەنێک ناتوانێ هێڵی سوور بۆ ئازادی دیاری بکا. جا بۆیە دەتوانین بڵێن ئازادی سنووری نییە؛ وەک “هونەر” و “ئەشق” وایە، کە سنوورەکان ناناسن، بەڵام لێمان تێکنەچێ ئازادی بە واتای ئەوە نییە؛ کە هەر کارێکی پێمان خۆش بوو بیکەین و بڵێین مرۆڤ دەبێ ئازاد بێت. ئازادی دەبێ بە شێوازێک بێ کە مافی دەورووبەرت پێشێل نەکەی بە جۆڕێک بێت کە لە ئاکامی ئەو ئازادییەدا “عەداڵەتی کۆمەڵایەتی” مسۆگەر بێت. نەوەک کۆمەڵگە تووشی ئاژاوە و شڵەژان ببێ.
وەک “کارلایل” فەیلەسوفی ئینگلیزی دەڵێ: “ئازادی ڕاستەقینەی مرۆڤ دۆزینەوەی ڕێگەی ڕاستە و هەنگاونان لەو ڕێگەدایە”. یان بەشێکی دیکە لە بیرمەندەکان بەم شێوازە ئازادی پێناسە دەکەن بۆ نموونە: “تامس هابس” دەڵێ: “مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە کە ئەگەر ویستی کارێک بکا و هێزی بەو کارە شکا نابێ هێچ شتێک ڕێگری بێ لە گەیشتن بەو ئامانجە”یان بە وتەی “ئێپیکتۆس” کە دەڵێ: “هیچ مرۆڤێکی بەدکار ئازاد نییە”ٚ جا بۆیە پێناسەی جۆراجۆر بۆ ئازادی کراوە کە هەرکامیان جیاوازییان لەگەڵ یەک هەیە بەڵام لە کۆتاییدا پێم وایە جوانترین پێناسە بۆ ئازادی “عەداڵەتی کۆمەڵایەتییە” واتا پڕەنسیپێک کە ئاکامەکەی لەوەدا دەرکەوێ، کاتێک منداڵێکت بوو نیگەرانی داهاتووی نەبی، کاتێک ئامانجێکت بوو هیچ کەسێک هیچ لایەنێک نەتوانێ کەند و کۆسپت بۆ درووست بکا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، کاتێک منداڵەکەت شتێکی لێ ویستی شەرمەزاری نەبیت. ئەمنییەتی ماڵی و گیانیت هەبێ، ڕەهەندەکانی دیکەی ئازادی، ئازادی “ئایینە”
هەر ئایین و بیر و بۆچوونێکی جیاواز لە کۆمەڵگە، جێگای ڕێز و ئێحترامە واتا ئایین شتێکی کەسییە و هیچ کەسێک بۆی نییە بێ ڕێزی بە باوەڕەکانی خەڵک بکات. چونکە هەر کۆمەڵگەیەک پێک هاتووە لە چەندین بیرو باوەڕی جیاواز و ئایینی جیاواز کە ئەرکە لەسەر هەر تاکێک کە ڕێزیان لێبگرێ. تاکوو مرۆڤەکان بتوانن پێکەوە کۆمەڵگەیەکی بەختیار پێک بهێنن. بەڵام هەر وەک ئاگادارین کۆماری ئیسلامی لەسەر چەمک و ئایدۆلۆژیای ئایینی “شێعە” دامەزراوە کە لە چوار دەیە دەسەڵاتداری خۆیدا هەموو سەروەت و سامانی ئەم خاکە بۆ ئەم چینە لە کۆمەڵگە و شێعەکانی دەروەی سنوورەکان تەرخان دەکا. بەڵام ئەوەی لێرە جێگەی سرنجە ئەوەیە کە بە پێی ئەوەیکە ئایینەکانی دیکە لە پەراوێز خراون تەنانەت دژایەتیش یان دەکەن و هەر ساڵە ئێمە شایەتی ئەوەین کە دەیان بەهایی و سونییەکانی بلووچستان تەنیا به هۆی باوەڕ و ئایینی جیاوازەوە دەکوژرێن و لە سێدارە دەدرێن. یەکێکی تر لە ڕەهەندەکانی ئازادی، ئازادی “تاکە کەسییە” کە هەر وەک بیرمەندان دەڵێن: “ئەگەر دەتەوێ بۆ ئازادی میللەتێک تێبکۆشی دەبێ لەپێشدا خۆت ئازاد بی” واتا هەست بە ئازادی بکەی تامی ئازادیت چێشتبێ، ئەگینا ناتوانی بۆ ئازادی خەڵکانی ژێر دەست خەبات بکەی چونکە تۆ خۆت نازانی تامی ئازادی چییە! هەر بۆیە دەبێ لەپێشدا خۆت ئازاد بی ئەگینا جگە لە حاڵەتێکیی نمایشی و درووشمێک زیاتر نییە؛ زۆر جار دەوڵەتان یان نوێنەرانی پەرلەمان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات کەڵک لە ئەم دروشمە وەردەگرن تاکوو بتوانن لە دەنگدانەکانی حکوومەتی دا سەرکەوتوو بن بەڵام تەنیا ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و هەڵخڵەتاندنی خەڵک، کەوا بوو ئازادی شتێک نییە؛ کە من بتوانم لە دوو ڕەستە دا باسی بکەم. ئازادی ئەونە شیرینە کە کاتێک بتهەوێ لەتکە نانێک بە مەلیچێک بدەی باڵ ئەگرێتەوە چۆن ئەزانێ ئازادی لە نان شیرین ترە لێرەدا وتەیەکی جوانی د.قاسملووم بیر دێتەوە سەبارەت بە ئازادی دەڵێ: هیچ نێعمەتێک لە دنیا دا لە ئازادی بەنرخ تر نییە؛ ئازادی کەرامەت و شەخسییەت بە ئینسان دەبەخشێ و ڕێگە نادا ئینسان ببێتە مۆرە و دەبێ ئینسان لە حاڵەتی مۆرە بێتەدەر و ببێتە تاکێکی زیندوو و چالاکی کۆمەڵگە، بەڵام بەداخەوە کاتێک ئاوڕێک لە چینەکانی کۆمەڵگە دەدەینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بەشێکی هەرە زۆری کۆمەڵگە مۆرەن کە ئەمە بۆخۆی کارەساتە، وەک ڤایرۆسێک دەمێنێ کە پێش لە گەشە سەندنی کۆمەڵگە دەگرێ. هەر بۆیە ئەگەر ئینسان نەتوانێ قاڵبی خۆی پەیدا بکا واتا گەر نەتوانێ خۆیی بناسێ هەتا کۆتایی ژیانی گوێلەمشتی کەسانێکی تر دەبێ. پێناسەکانی ئازادی بە پێی سەردەم و تاکەکان جیاوازە بەڵام وەک پێناسەیەکی گشتگیر دەتوانین بڵێن ئازادی دۆخێکە کە تێیدا هیچ شتێک ڕێگر نەبێت لە بەردەم ئێرادەی تاک بۆ گەشیتن بە ئامانجەکانی.ڕەهەندێکی دیکە لە ئازادی کە زۆر گرینگە، “مافی ژنانە” ژنان نیوەی کۆمەڵن واتا نێوەی کۆمەڵگە لە ژنان پێک دێی و زۆر گرینگە کە هەر ژنێک لە کۆمەڵگە مافی یەکسانی خۆی هەبێت چونکە ژنانی ئازاد دەتوانن کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر پێک بێنن بۆ ڕاستی ئەم وتەیە دەتوانین ئاوڕێک لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی دنیا بدەینەوە کە ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە چارەنووسی وڵاتدا گێڕاوە.
وەکوو وڵاتی فەنلاند کە زۆربەی بەڕێوەبەرانی وڵاتەکەیان لە ژنان پێک هاتووە کە ئاکامەکەی لەوەدا دەردەکەوێ کە ئەمڕۆ وڵاتی فەنلاند وەک وڵاتێکی پێشکەوتوو لە ئاستی دنیا بەرچاو دەکەوێ. ئەوانە هەر ئەو ژنانەن کە لە دەسەڵاتە ئیسلامییەکانا بە زایفە ناو دەبرێن، ئاوانە هەر ئەو ژنانەن کە لە کۆماری ئیسلامی دا بە چاوی کاڵایەک سەیریان دەکەن. جا بۆیە ژنان ڕۆڵێکی گرینگ و بنەڕەتییان لەسەر بەردی بناغەی وڵاتدا هەیە کە حاشا هەڵنەگرە، ئەگەر ژنان مافی هەڵبژاردنیان وەک تاکێکی زیندوو لە کۆمەڵگە هەبێ دەتوانن لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتدا گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی دروست بکەن. تەنانەت ئەگەر ئەو دۆخەش نەڕەخسابێ دەتوانن ئەو هەلوومەرجە بڕەخسێنن هەر وەک خاتوو “ئامینەی کاکە باوە” کە چەندین ساڵ پێش شۆڕشی ژینا لە وتەیەکی دا ئاماژە بەو خاڵە کرد کە ئەگەر لە داهاتوودا هەر گۆڕانکاریەک لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕووبدا ئەوا بە دڵنیاییەوە ژنانن دەیکەن. شۆڕشی ژینا دەرخەری ڕاستی وتەکەی خاتوو “ئامینە” بوو کە ژنان ڕێبەری شۆڕشێکیان و ئەستۆگرت کە بۆ ماوەی ۷مانگ بەردەوام درێژەی هەبوو و توانی کۆڵەکە سەرەکییەکانی ڕێژیم و لەرزە بخات. شۆڕشێک کە مێژوویەکی پڕ لە شانازی و دەسکەوتی تۆمار کرد. کە هەتا ئێستاشی لە گەڵ بێ لە مێژوویی سیاسی ئێران و کوردستان دا بێوێنە بووە. بەڵام لە سیستەمی تووتالیتەری کۆماری ئیسلامی دا کە هەر لە ڕیشەڕا تا دەگاتە لەق و پۆی نیزامەکە دژ بە ژنان و مافی ژنان هەڵسووکەوت دەکرێ. لەم نیزامە دا ژنان تەنیا وەک کەرەستەیەک چاو لێ دەکرێن. تەنانەت لە یاسای بنەڕەتی ڕێژیم دا هاتووە کە دییەی ژنێک نیوەی پیاوە کە ئەم یاسا بە گشتی دژی ژنان نووسراوە کە تێدا ژنان چوارچێوە دەکرێن. واتا سنووردار کردنی ژنان لە کۆمەڵگە، نموونەیەکی دیکە ئەویە کە ژنان ناتوانن بە ئازادی جلووبەرگ بپۆشن. حەتمەن دەبێ لە چوارچێوەی ئایینی ئیسلامی دا هەڵسووکەوت بکەن. و ناچارن لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژییەکی حاکم دا بجووڵێنەوە ئەگینا مەترسی گیانیان لە سەرە، وەک ئەوەی کە ئەمساڵ بینیمان “ژینا ئەمینی”یان تەنیا بە تاوانی لەچکێک کوشت و ڕۆحیان تێکەڵ بە کاروانی نەمران کرد. ئەمانە تەنیا بەشێکن لە فاشیزمی ئایینی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر ئازادی و مافی ژنان.
چەمکەکانی ئازادی زۆرن کە ئەگەر بمانهەوێ لەسەر هەر کامیان بنووسین دەبێ دەیان لاپەڕەی بۆ دابنێن. بۆ نموونە: ئازادی فیکر، ڕادەربڕین ، میدیا، تاکەکەسی، هەڵبژاردن، ئایین، و …هتد. کە پێم وایە گرینگ ترینان ئازادی “ڕادەربڕینە”
“ئازادی ڕادەربڕین” یەکێک لە سەرەکی ترین مافەکانی هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە کە هەر هاووڵاتییەک دەبێ لەو مافە مرۆڤییە بێبەش نەبێت. واتا بتوانی بە بێ هیچ ترس و دڵەڕاوکەیەک ڕاو بۆچوونی خۆی سەبارەت بە کۆمەڵگە و دەسەڵات، یاسا و ڕێساکان دەربڕێ، واتا بە بێ چاوەدێری و دیاریکردنی سزای یاسایی بەڵکوو زۆر بە ئاسایی بتوانێ دیفاع لە مافی ئینسانی و کەرامەت و شەخسییەتی خۆی بکا. ئەم ئازادی ڕادەربڕینە وەکوو نەریتێک لە کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتییش دا پەسند کراوە واتا لە ماددەی ۹ـی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و لە ماددەی ۱۰ـی پەیماننامەی ئورووپایی لە سەر مافەکانی مرۆڤ هاتۆتە ئاراوە.
لە ئورووپا پاش ڕاپەڕینی ئەندێشەی ڕێنیسانس، پێناسەی جۆراوجۆریان بۆ ئازادی کردووە کە یەکێک لەو پێناسەگەلە ئەوەیە کە “ئازادی بە زەمینە و دەرفەتێک دانراوە کە لەوێدا تاک بتوانێ پەرە بە تواناییەکانی خۆی بدا”.هەر کام لە پێناسەکان بە شێوازێکی جوان واتای ئازادی بەیان دەکەن. بەڵام لە حکوومەتە دیکتاتۆر و توتالیتەرەکاندا تاکەکان و دەسەڵاتدارەکان لە گەڵ چەمکە زیندووەکانی ئازادی لە هەناوی دێموکراسی دا دژایەتی دەکەن. کە خۆیان لە پشت ئەم پێناسەگەلەو حەشار داوە و ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕێگایی دەنگ و ڕەنگی دەسەڵاتەکەیانەوە بانگەوازەی بۆ دەکەن کە لە حکوومەتەکەیان دا ڕەهەندێکی زیارتر لە ڕەهەندی سیاسی بۆ ئازادی قایل دەبن. بەڵام بە پێچەوانەی ڕێکلامەکان و دروشمەکانیان لە دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکاندا ئازادی هیچ واتایەکی نییە؛ چونکە پێناسەی
“دیکتاتۆر”و “ئازادی” وەک “ئاو”و “ئاگر” وان قەت ناتوانن پێکەوە بحەسێنەوە، هەر بۆیە لە سیستەمێکی تووتالیتەر دا هیچ بەهایەک بۆ ئازادی مرۆڤ و تاکەکان دا نانڕێت و ئەوەی لە سەرەوەی یاسا و ڕێساکانی مافی مرۆڤەوە بوونی هەیە، تەنیا تاک ڕەویی سیاسییە کە بڕیار دەری گشتییەو کێشەکان یەکلا دەکاتەوە و ئەرک و بڕیارەکان هیچ کامیان عەقڵانی ودرووس نییە؛ هەمووکات لە ڕووی سەلیقەی تاکە کەسییەوە جێبەجێ دەکرێت. هەر بۆیە ئەگەر بمانهەوێ ئازادی لە کۆمەڵگەی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا پێناسە بکەین.
شایەتی هیچ کام لەو پێناسەگەلە نابین کە ئێستا بۆ ئازادی باسمان کرد بنچینە یان ساختاری کۆماری ئیسلامی ساختارێکی داخراو و ئایدۆلۆژیکە کە تەنیا لەسەر دوو بنەمای فاشیزمی ئایینی و قەومی دامەزراوە سیستەمێکە کە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی دا بە پێی بەند و ماددە جۆراوجۆرەکانی تەنیا بە شێوەی قسە و وتارێک هاتۆتە ئاراوە کە هەر تاکێک لە کۆمەڵگەی ئێران بۆیی هەیە ئازادی فیکر، هەڵبژاردن، ڕادەربڕین، و … هتد . هەبێ بەڵام بە پێچەوانەوە جگە لە درووشمێک زیاتر نییە؛ ئاوڕدانەوە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و کردەوە دژە مرۆڤییەکانی لە ۴۴ساڵی ڕابردوودا دەرخەری ئەو لەعابەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ پاساودانی کردووەکانی خۆیی جێبەجێ دەکا تا بە وڵاتانی دەرەوە و یەکیەتیی ئەورووپا وا نیشان بدا کە وڵاتەکەی وڵاتێکی دێموکراتیکە و لە سەر یاسای بنەڕەتی پەسند کراوی دنیا دەچێتە پێش. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی خوێنمژ و دوور لە یاسای نێودەوڵەتی، چوار دەیەیە بە سەرکوت و خەفەقان و بڕین و سێدارە وڵامی ئازادی خوازان و چالاکڤانانی داوەتەوە کە لە هیچ یاسایەکی دێموکراتیک دا جێگیر نەکراوە کە چالاکڤانانی مەدەنی بەبێ هیچ بەڵگەیی یاسایی سزای بەندکراویان بەسەر دا سەپاوە، ئەم دیاردەیە تەنیا لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا دەردەکەوێ. کە هەر ڕۆژ بە شێوەیەکی زۆر بێ بەزەیانە و دوور لە هەر چەشنە یاسا و ڕێساکانی نێو دەوڵەتییەوە خەڵکی ئێران دەکوژن. شەخسی یەکەمی ئەم دەسەڵاتە واتا “عەلی خامنەیی” لە لێدوانەکانیا لە میدیا فەرمییەکانی ڕێژێم باس لەوەی دەکا کە هەر کەسێک بڵێ ئازادی بیر و باوەڕ و ڕادەبڕین نییە، ئەوا درۆی کردووە و شتی وا نییە؛ ئازادی فکر و ڕابۆچوون هەیە ئەمە لە کاتێک دایە کە ڕۆژانە دەیان چالاڤانانی بەهەڵوێست لەنێوخۆی ڕۆژهەڵات تەنیا بە تاوانی ڕابۆچوونی جیاواز دەسبەسەر دەکرێن و دەیان ساڵ لە چاڵە ڕەشەکانی “کەهریزەک” و “ئێڤین” و چالە ڕەشەکانی تری کۆماری ئیسلامی بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەیان کوژن و بێسەر شوێنیان دەکەن. وەکوو “زارا محەممەدی” کە تەنیا بە تاوانی وانە وتنەوەی زمانی کوردی حوکمی ۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا، ئەمە لە کاتێک دایە کە لە یاسای بنەڕەتی ڕێژیم پەسند کراوە کە ئازادی مافی خودا دادی هەر تاکێکەو، ئەرکە لە سەر بەڕێوەبەرانی وڵات کە دەبێ بە شێوازێک لە گەڵ خەڵکی مەدەنی هەڵسووکەوت بکەن کە کەمترین خەسار لە ئازادی تاکەکان بدرێت. بەڵام ئەمانە تەنیا دروشمێکە و بەس، هیچکامیان هەتا ئێستا نەچوونەتە قاڵبی عەمەلەوە جا بۆیە لە ماوەی ۴۴ساڵی دەسەڵاتداری ڕێژیم هەتا ئێستا هیچ ئازادیەکی بۆ خەڵکی ئێران دەستەبەر نەکردووە کە خەڵک بتوانن لە سێبەری دا بحەسێنەوە.
تەنیا بە ساز کردنی دەیان بەرنامە و وتاری بێ بنەما و پڕوپاگەندە بە دنیای دەرەوە ڕادەگەێنن کە خاوەنداری وڵاتێکی دێموکراتیک دەکەن. کاتێک ئاوڕێک لە ئازادی لە ژێر دەسەڵاتی ویلایەتی فەقهــ دەدەینەوە هەموومان پێکەنین مان پێ دێت چونکە لەم دەسەڵاتەدا تەنیا شتێکە بایەخی نییە، گیانی مرۆڤەکان و مافەکانیانە، هەر بۆیە ڕێژیم لە هەوڵ دایە کە بە هەموو شێواز و مێتۆدێک خەڵکی ئێران بچەوسێنتەوە. و هەمووی بەناوی ئایین و ساز کردنی دەیان بەڵگەی نایاسایی وەکوو چالاکی دژی نیزام، ئەمنییەتی میللی، مۆفسد فی ئەرز، و….هتد. تاکوو بتوانن پاساوێک لە هەمبەر پێشێل کردنی مافەکانی خەڵک دا بهێنەوە و خەڵکی پێ تاوانبار بکەن.