ئەسید پڕژاندن بەسەرژنان تاوانی تاکەکەسیە یان پەروەردەی سەرکوتی ڕێژیمی ئێران؟

هێرۆ عەزیزی
ڕێژیمی ئیرن لە سەرەتای داسەپاندنی دامەزراندنییەوە بۆ سەر خەڵک هەوڵی داوە بە یاسا، پەروەردە، میدیا و دامەزراوەکانی دەوڵەت، حیجابی زۆرەملێ، وێنەیەکی ناحەز لە ژن و پیاو و پەیوەندیی نێوانیاندا بسەپێنێت.
لەو سیستەمەدا، ژن زۆرجار لە چوارچێوەی ئەرکی خێزانی، حیجاب، ئەخلاقی دەوڵەتی و کۆنترۆڵی جەستەیدا پێناسە دەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئازادیی ژن بۆ هەڵبژاردنی شێوازی ژیان، جلوبەرگ، پەیوەندی و داهاتووی خۆی لەگەڵ سنوورەکانی دەسەڵاتدا بکەوێتە ناکۆکی.
کاتێک دەوڵەت بەردەوام پەیامی ئەوە دەدات کە جەستەی ژن پێویستی بە چاودێری و کۆنترۆڵ هەیە، ئەوا ئەو پەیامە دەتوانێت لە هەندێک بەشی کۆمەڵگەدا ببێتە بنەمایەک بۆ ڕەواکردنی دەستێوەردان لە ژیانی ژنانی ئەو کۆمەڵگەیەدا.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، کۆماری ئیسلامی چۆن لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا کاریگەری لەسەر پەروەردەی کۆمەڵگە داناوە، و چۆن ئەو سیاسەت و یاسا و بانگەشە ئایدیۆلۆژییانە دەتوانن لە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی دژی ژناندا ڕۆڵ ببینن؟
ئەسید پڕژاندن بەسەر ژنان تاوانی تاکێک بەتەنیا نییە، بەڵکوو دەبێت لە چوارچێوەی ئەو کولتوورە کۆمەڵایەتییەدا بخوێندرێتەوە کە ساڵانەکە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەرهەم هاتووە، کولتوورێک کە لە زۆر شوێندا ژن بە مرۆڤێکی خاوەن ماف نابینێت، بەڵکوو وەک جەستەیەک دەیبینێت کە دەبێت کۆنترۆڵ بکرێت، سنووری بۆ دابنرێت و بە پێی پێوەرەکانی دەسەڵات هەڵسەنگێندرێت.
پەروەردە تەنها لە قوتابخانەدا ڕوونادات؛ لە خێزان، میدیا، دامەزراوە ئایینییەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بەردەوامە.
کاتێک کچ لە منداڵییەوە فێر دەکرێت کە سنووری ئازادییەکانی قبوڵ بکات و بڕیاری کۆتایی لە ژیانی ئەودا لەلایەن کەسانی دیکەوە بدرێت، و کاتێک کوڕ فێر دەکرێت کە دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی ژن بەشێکە لە پیاوبوون، ئەوا نایەکسانی لە پەیوەندییەکاندا ڕەگ دادەکوتێت.
کۆماری ئیسلامی بە یاسا و سیاسەتەکانی خۆی ئەم جیاوازییە ڕەگەزییانەی بەهێز کردووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە ئەو بیرکردنەوەیە قبوڵ دەکەن. لە ناو هەمان کۆمەڵگەدا، ژنان و پیاوانی زۆر هەن کە دژی ئەم نایەکسانییە دەوەستنەوە.
بەردەوامیی تاوانی ئەسیدپڕژاندن بەسەر ژناندا لە ئێران، نیشانەی قووڵیی قەیرانێکە کە تەنها بە سووتاندنی جەستەی ژنان کۆتایی نایەت، بەڵکو کەرامەت، ئازادی و مافی ژیانیان دەخاتە ژێر هەڕەشەوە. بڵاوکردنەوەی بابەتی ڕۆژنامەی «شەرق» لەسەر بەردەوامیی دۆسیەی پەیوەندیدار بە ئەسیدپڕژاندن، جارێکی دیکە ئەو پرسیارە بنەڕەتییە دەخاتە ڕوو بۆچی ژنان هێشتا دەبنە ئامانجی ئەم جۆرە توندوتیژییە و بۆچی دادپەروەری هێشتا نەیتوانیوە کۆتایی بەو زامە بهێنێت!
ئەسیدپڕژاندنیان کردوتە سزایەک بۆ شکاندنی ژن
کە بەتەنیا هێرشێک نییە بۆ سەر جەست بەڵکوو هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی ئاسایش، کەرامەت و داهاتووی ژن. ئەوە تاوانێکە کە بە ئەنقەست جەستەی ژن دەکاتە ئامراز بۆ تۆقاندن و ترساندن.
قوربانییەکانی ئەسید بە ئازاری ساتەوەختی سووتان کۆتاییان پێ نایەت. ساڵانێکە لەگەڵ نەشتەرگەری، برینی دەروونی، تێکچوونی ژیان و هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی دەژین.
بەڵام لە هەموو ئەمانەشدا، ژنانی قوربانی، دوای ئەوەی جەستەیان سووتێندراوە، دەبێت جارێکی دیکەش لەبەرامبەر بێپشتیوانی و بێدادپەروەریدا خۆیان بپارێزن، ڕاپۆرتی «شەرق»؛ بەڵگەیەک لەسەر زامە بەردەوامەکان و بەردەوامی ئەو تاوانە بڵاو کردوتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتی ئێران ساڵانە بە بانگەشەی پاراستنی ژنان و ئەخلاقی کۆمەڵگە دەردەکەوێت، بەڵام ژنانی قوربانی هێشتا لەگەڵ کێشەی چارەسەری، خەرجیی پزیشکی، بێکاری و نەبوونی پشتیوانیی بەردەوامدا دەژین.
ئەوەی ڕێژیم ناتوانێت لێی هەڵبێت، بەرپرسیاریەتیی سیاسی و یاساییی خۆیەتی لە پاراستنی ژنان و دابینکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیانی توندوتیژی.
کاتێک تاوانێک ڕوودەدات و قوربانییەک بەبێ دادپەروەری دەمێنێتەوە، متمانە بە یاسا و دادگا تێک دەچێت. کاتێک ژنێک دوای ئەسید پڕژاندن ناچارە بە تەنیا خەرجیی چارەسەر و ژیانی خۆی دابین بکات، ئەوا بەرپرسیاریەتیی دەوڵەت لەبەرامبەر قوربانییەکە بە شێوەیەکی ڕوون دەردەکەوێت.
کۆماری ئیسلامی ناتوانێت بە بانگەشەی ئەخلاق و ئایین خۆی لەو بەرپرسیاریەتییە دوور بخاتەوە. ئەو دەسەڵاتەی کە یاسا بۆ کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژن بەکاردەهێنێت، دەبێت وەڵامی ئەوەش بداتەوە کە بۆچی پاراستنی جەستە و کەرامەتی ژنانی قوربانی لە پێشینەی کارەکانییدا نییە.
ژنان؛ قوربانیی سیستەمێک کە دەبێت بەرپرسیار بکرێت
ئەوەی ژنان داوای دەکەن، دیارییەک نییە کە دەسەڵات پێیان ببەخشێت. ئەوە مافێکی سەرەتاییی مرۆڤە، ژیانکردن بەبێ ترس، پاراستنی جەستە، ئازادیی هەڵبژاردن و دەستگەیشتن بە دادپەروەری.
ژنانی قوربانیی سوتاو بە ئەسید پێویستیان بە پشتیوانیی تەندروستی و دەروونی، پاراستنی یاسایی، دابینکردنی خەرجیی چارەسەر و مافی ژیانێکی ئاسایی هەیە. ئەو داواکارییانە نابێت بە هیوایەکی دوور و درێژ بمێننەوە.
بەڵام ئەوەش ڕوونە کە تا کاتێک سیستەمی کۆنترۆڵ و سەرکوت بەردەوام بێت، ژنان ناچار دەبن بۆ پاراستنی مافەکانیان خەبات بکەن.
لە کۆتاییدا ئەم زامانە لەبیر ناکەین
ئەسید پڕژاندن تاوانێکە دژی جەستە، کەرامەت و ئازادیی ژنان. بێسزایی و بێپشتیوانیی قوربانیانیش کێشەیەکی قووڵی یاسایی و سیاسییە کە دەبێت بە بەرپرسیاریەتی و دادپەروەری وەڵامی بدرێتەوە.
کۆماری ئیسلامی ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیاریەتیی پاراستنی ژنان دوور بخاتەوە. ئەو دەسەڵاتەی کە جەستەی ژنی کردووەتە مەیدانی کۆنترۆڵ و سەرکوت، دەبێت وەڵامی ئەو زامانە بداتەوە کە ساڵانە لە جەستە و دەروونی ژناندا ماوەتەوە و ڕێژەیی قوربانیانیش بەردەوامە.
لێرەش دایە خەباتی ژنان بە تەنها بۆ پاراستنی جەستە نییە بەڵکوو خەباتێکە بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵات بەسەر ژیان و بڕیارەکانی خۆیاندا. بە خۆش حاڵیەوە ژنانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی ئەم ساڵانەدا نیشانیان داوە کە سەرکوت و زۆری و دەسهەڵات ڕەنگە بتوانێت دەنگێک گپ بکات، بەڵام ناتوانێت ویستی ئازادی و خەبات بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای ژنان لە ناو ببات .







