ئەژین حوسێنی، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، وەک یەکێک لە وتاربێژانی «کۆڕبەندی جیهانیی میدیا» (Global Media Forum) بانگهێشت کراوە، کە ساڵانە لەلایەن تۆڕی نێونەتەوەییی «دویچە ولە» (DW)-ەوە لە شاری بۆنی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.
کۆڕبەندی جیهانیی میدیا یەکێکە لە بەناوبانگترین بۆنە نێونەتەوەیییەکان لە بواری میدیا، ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەریدا، کە تێیدا سەدان ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی میدیایی، سیاسەتمەدار، لێکۆڵەر و نوێنەری ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە ئازادیی چاپەمەنی لە سەرانسەری جیهانەوە بەشدار دەبن. ئەم بۆنەیە دەرفەتێکە بۆ وتوێژکردن لەبارەی ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی میدیاکان دەبنەوە، هەروەها ئەو هەڕەشانەی لەسەر ڕۆژنامەنووسان هەن و ڕێکارەکانی پشتیوانیکردن لە ئازادیی گەیاندنی زانیاری.
ئەژین حوسێنی لەم خولەی کۆڕبەندەکەدا، لە دانیشتنێکی تایبەتدا بە ناونیشانی «لە پشت چیرۆکەکەوە؛ ڕۆژنامەنووسانی ژێر هەڕەشە» (Behind the Story: Journalists under Threat) کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی حوزەیران لەلایەن «بیرۆکەی هانا ئارێنت» (Hannah Arendt Initiative) بەڕێوە دەچێت، ئامادە دەبێت. ئەم بەرنامەیە بە شێوەی پێشکەشکردنێکی زیندوو و چیرۆک-تەوەر بەڕێوە دەچێت و تێیدا ڕۆژنامەنووسانی تاراوگە و مەترسیلێکراو لە وڵاتانی جیاوازەوە، ئەزموونە کەسییەکانی خۆیان لەبارەی سەرکوت، هەڕەشە، تاراوگە و تێکۆشان بۆ پاراستنی دەنگی ڕاستی لەگەڵ ئامادەبوواندا هاوبەش دەکەن.
لەو دانیشتنەدا، چوار ڕۆژنامەنووس لە وڵاتانی ئوکراینا، نیکاراگوا، ئێران و ڕووسیا گێڕانەوەکانی خۆیان پێشکەش دەکەن و ئەژین حوسێنی وەک ڕۆژنامەنووسێکی کوردی تاراوگە، لەبارەی ئەزموونی ژیانی خۆی و سەختییەکانی کاری میدیایی لەژێر سێبەری سەرکوت و سنووردارکردنە فراوانەکان دژی ڕۆژنامەنووسان و ژنانی کورد دەدوێت.
ئەژین حوسێنی، ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ و چالاکوانی مافی ژنان، ساڵانێکی زۆرە لە بواری پرسی ژنان، مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی کاری میدیایی دەکات. ئەو پاش زیادبوونی گوشار و هەڕەشەکان ناچار بوو ئێران بەجێ بهێڵێت و ئێستا لە تاراوگە بەردەوامی بە کاری پیشەیی خۆی دەدات. بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی جیهانیی میدیای ٢٠٢٦، دەرفەتێکە بۆ ڕەنگدانەوەی دەنگی ژنان و ڕۆژنامەنووسانی کورد و هەروەها سەرنجڕاکێشانی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ سەر دۆخی ئازادیی میدیا و مافی مرۆڤ لە ئێراندا.



