لەیلا قادری
ژنە کوردم، نا لەدایکبووی سنوورێک
نیم من بەرهەمی چوار پارچەی بریندارم، کۆڵەکەی راوەستاوی چوارپارچە، لە شاخەکانی باکورەوە تا سەنگەری باشوور، لە شەقامەکانی رۆژهەڵاتەوە تا خاکی گڕگرتووی رۆژئاوا. نەک پاڵپشتی پیاو، نەک دوای شکست، بەڵکو هەمیشە لە بەرەی پێشەوەی شەڕ.
کاتێک داعش دەهات و جیهان یەک بە یەک شارە داگیرکراوەکانی دەژمارد، ژنی کورد باڵانسەکی تێک شکاند، کەزییەکانی دایە بە بای شەماڵ و بە چەکی شانی ترسی ڕاودەنا، دەڕویشتە پێشەوە، کاتێک لە ئێران دژی ژن بوونەوە ، ژنی کورد وتی؛ بێ ژن ژیان نابێ و بە خوێنی ئاڵ مانای بە دروشمی ژن و ژیان و ئازادی بەخشی. ئەو دروشمە لە گەروییەک دەهاتە دەڕ کە لە مێژ ساڵە دەزانێ ئازادی دیاری نییە، خەباتی دەوێ.
نزیک بە هەشتا ساڵە ژن لەناو حیزب دا لە شاخ، لە بەندیخانە و ئاوارەیی پشکی شێری هەڵگرتووە، نەک بۆ سەلماندنی خۆی ، بەڵکو بۆ رزگاری نەتەوەکەی، ئێستا کەزییەی کچە کوردێک دەبڕن و پێیان وایە کورد شکستی خواردووە، ئەوان کەزییە دەبڕن چون لە ریشە دەترسن، هەر تاڵە موویەکی ژنی کورد مێژووە، هەر گرێیەکی نێوی شەهیدێکە و هەر پەلکەیەک بەڵێنێکە بۆ درێژەپێدان.
کزەییەکانمان دەهۆنینەوە نەک لەبەر قورسایی خەمی دەروونمان بەڵکو بۆ ئامادەیی، کێ دەتوانێ مێژوو چەواشە کا، ئێمە ماوین و رێشەمان لە قووڵایی مێژوو دایە.




