
بۆن، ئاڵمان ـ ئەژین حوسێنی، ڕۆژنامەوانی سەربەخۆی کورد و ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چوارچێوەی «گڵۆباڵ میدیا فۆڕم ٢٠٢٦» لە شاری بۆنی ئاڵمان، بەشداری یەکێک لە پانێڵە سەرەکییەکانی ئەم کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییە کرد و باس لە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان، سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان و ڕۆژنامەوانانی کورد کرد.
حوسێنی وەک یەکێک لە قسەکەرە سەرەکییەکانی پانێڵی تایبەت بە ناونیشانی «لە پشت چیرۆکی؛ ڕۆژنامەوانانێکی لە ژێر هەڕەشەدا» کە لەلایەن «دەستپێشخەری هانا ئارێنت»ەوە ڕێکخرابوو، ئەزموونە کەسی و پیشەییەکانی خۆی سەبارەت بە سەرکوت، هەڕەشە و توندوتیژییە سیستەماتیکەکان دژ بە ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی کورد لەگەڵ ئامادەبوواندا هاوبەش کرد.
ئەم دانیشتنە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و بەرپرسانی فەرمیی ئاڵمان، لەوانە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی ئاڵمان و ئۆفیسی کۆمیسەری حکوومەتی فیدراڵ بۆ کاروباری کولتوور و ڕاگەیاندن، بەڕێوە چوو. لە کۆتایی بەرنامەکەشدا، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئامادەبوو لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە گفتوگۆیان کرد و سەبارەت بە دۆخی ژنانی ڕۆژنامەوان و ئاستەنگەکانی کاریان پرسیاریان لێکرد.
حوسێنی لەو بەرنامەیەدا بە جلی نەتەوەیی کوردی (هەوری) بەشداربوو و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی قسەکانی، گۆرانی «کوردم» بە دەنگی ئەیوب عەلی لە هۆڵەکەدا بڵاوکرایەوە. ئەو ئەم هەنگاوەی بە نیشانەی ناسنامە، کولتوور و خۆڕاگریی گەلی کورد وەسف کرد و وتی کورد، سەرەڕای دەیان ساڵ سەرکوتکردن، نکۆڵیکردن لە ناسنامە و سیاسەتە جیاکارانەکان، هێشتا لە پێناوی پاراستنی زمان، کولتوور و بوونی خۆیدا خۆڕاگرە.
ئەو هەروەها بە توندی ڕەخنەی لە هەندێک لە ڕاگەیاندنە فارسییە دەرەکییەکان گرت و نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی کە بە وتەی ئەو، «داواکاری و ڕاستییەکانی کۆمەڵگای کورد بە ئەنقەست سانسۆر و پێچەوانە دەکرێنەوە».
ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی خۆیدا ئاماژەی بە هێرشی مووشەکی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەی میدیایی «کوردکاناڵ» لە هەرێمی کوردستان لە ٢٨ی سپتامبری ٢٠٢٢ کرد و بە گێڕانەوەی ئەزموونی کەسیی خۆی، ڕووی مرۆیی ئەو کارەساتەی ڕوونکردەوە. هەروەها ئەو باسی لە شەهیدبوونی ژنێکی دووگیانی کورد و منداڵە لەدایکنەبووەکەی کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بێدەنگ نەبێت بەرامبەر بە بەردەوامبوونی هێرشە مووشەکی و فرۆکەی بێفڕۆکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکان.
حوسێنی هەروەها باس لە ماوەی یەک ساڵ مانەوەی ناچارانەی خۆی لە کەمپی «پەهلەوانکۆی» لە تورکیە و گوشارە نژادپەرستانەکان، سنووردارییە توندەکان و هەڕەشە ئاسایشییەکانی پەیوەندیدار بە گەڕاندنەوەی زۆرەملێی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان بۆ ئێران کرد. ئەو لەم بارەیەوە جەختی لەسەر گرنگیی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسانکاری بۆ دەرکردنی ویزای مرۆیی بۆ ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەوانانە کرد کە لە مەترسیدان.
ئەژین حوسێنی لە کۆتایی قسەکانی خۆیدا جەختی کردەوە کە ئەزموونی کەسیی ئەو تەنها بەشێکە لە ڕاستیی ژیانی سەدان ژن، منداڵ، چالاکی مەدەنی، چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەوانی کورد کە هێشتا لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکان، هێرشە سەربازییەکان و سەرکوتی بەردەوامدا ڕووبەڕوون. ئەو هەروەها بە ئاماژەدان بە دۆخی زیندانیانی سیاسی و توندتربوونی گوشار بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی لە ئێران، داوای لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گرنگیی زیاتر بەو پێشێلکارییانە بدەن و لە بەرامبەر بەردەوامیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بێدەنگ نەبن.



