بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بزوتنەوەی ژینا ئاراستەیێکی نوێی بە خەباتی مافخوازانەی ژنان بەخشی

شەهێن حوسێنی ٤٨
بزوتنەوەی ژینا ئاراستەیێکی نوێی بە خەباتی مافخوازانەی ژنان بەخشی
سیاسی‹بزوتنەوەی ژینا ئاراستەیێکی نوێی بە خەباتی مافخوازانەی ژنان بەخشی

شەهێن حوسێنی

زیاتر لە سەدەیەکە بزاڤی فێمینیستی بۆ گەیاندنی دەنگی ژنان، بەدەستهێنانی یەکسانیی ژن و پیاو و دەستەبەرکردنی مافە کۆمەڵایەتییەکانیان، هاندەر و ڕێکخەری خەباتی ژنان بووە. هەرچەندە ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە کە ویستوویانە دەنگی مافخوازانەیان بۆ یەکسانی و سەربەخۆیی کپ بکەن، بەڵام بزاڤەکە هەر جارە و بە وێنایەکی نوێوە خۆی نوێ کردووەتەوە و لە خەبات بەردەوام بووە. لە کوردستان و لەم ساڵانەی دواییدا، لە هەناوی «بزووتنەوەی ژین»دا و بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»، شۆڕشی مافخوازانەی ژنان ئاڕاستەیەکی نوێی بە خۆیەوە گرتووە. ئاڕاستە بنچینەیییەکانی ئەم بزووتنەوەیە، خەباتی ئازادیی ژنانی بە خێرایی کردە هێزێکی سیاسیی گەورە و لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوی کردەوە.

ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەم بزووتنەوەیەدا تێدەپەڕێت کە سەرەتا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر لە ئێران سەری هەڵدا و پاشان دەنگدانەوەیەکی جیهانیی لێ کەوتەوە؛ ڕووداوێک کە کاریگەرییەکی قووڵی لە ڕوانگەی جیهانی بەرامبەر بە بزووتنەوەی ژنانی کوردستان دانا. لە ئێستادا هیوا بەم بزووتنەوەیە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و بووەتە چەقی ڕزگاریی کۆمەڵگە و ئەو مانیفێستەی هەڵگرتووە کە «ئازادیی نیشتمان بەبێ ئازادیی ژن بەدی نایەت».

بۆ تێگەیشتن لەم بزووتنەوەیە، دەکرێت دروشمە سەرەکییەکەی و ڕەهەندەکانی شیکار بکەین و لە ڕەگ و ڕیشەی مێژووییی دروشمەکە بکۆڵینەوە. دروشمەکە پێش ئەوەی ببێتە سیمبۆلی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٤٠١، مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە. هەشتا ساڵ لەمەوبەر، مامۆستا هێمن، شاعیری نەتەوەییی کورد، بە گوتنی «تا ژن ئازاد نەبێ، سەرچاوەکەی ژین لیخنە»، ئەو سێ وشەیەی خولقاند: ژن، ژیان، ئازادی. ئێستا هێزی ئەم سێ وشەیە بووە بە دروشمی شەقامەکان. لە کۆتایییەکانی سەدەی بیستەمیشدا لەلایەن ژنانی خەباتگێڕی کورد لە باکووری کوردستان و لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییە فێمینیستی و ڕزگاریخوازییەکانەوە گوتراوەتەوە. دواتر لە ڕۆژاوای کوردستان بوو بە بنەمایەکی فەلسەفی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە و بەرخۆدان دژ بە داعش.

پاشان چوار ساڵ لەمەوبەر، لە ٢٥ی خەرمانان و لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر گۆڕی «ژینا»ی جوانەمەرگ، دوای ئەوەی پوری ژینا گوتی: «ناوت دەبێتە ڕەمزی خەبات بۆ ئازادی»، ژنێک بەوپەڕی هێزەوە هاواری کرد: «ژن، ژیان، ئازادی» و دواتر بوو بە هاواری ملیۆنان مرۆڤ لە جیهاندا. ئەم سێ وشەیە تەنیا دروشمێک نەبوون بۆ دامرکاندنەوەی ڕق و قینی بەشداربووانی مەراسیمی بەخاکسپاردنی ژینا، بەڵکو پوختەی جیهانبینی و داواکارییەکان بوون بۆ یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ. بۆیە بوو بە ناسنامەی ڕزگاریی کۆمەڵگەیەک و توانی هەموو سنوورە نەتەوەیی و ئایدۆلۆژیایییەکان ببڕێت و ببێتە دروشمێکی جیهانی:

  • ژن: تەنیا وەک ڕەگەز سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک چەقی ڕزگاریی کۆمەڵگە دەبیندرێت، بەو مانایەی کە کۆتوبەندکردنی ژن، کۆتوبەندکردنی تەواوی مرۆڤایەتییە.
  • ژیان: بەو مانایەی کە ژن سەرچاوە و بەخشەری ژیانە. کاتێک مافەکانی ژن پێشێل دەکرێن و ژینگە و ژیانی لێ تێک دەدرێت، چەمکی ڕاستەقینەی ژیان بەهای خۆی لە دەست دەدات.
  • ئازادی: ئەنجام و ئامانجی کۆتایییە. ژن ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئازادیی گشتیی کۆمەڵگە. بەبێ ڕزگاربوونی ژن لە بنەماکانی پیاوسالاری و ستەمکاریی نەتەوەیی، هیچ ئازادییەکی ڕاستەقینە بۆ کۆمەڵگە نایەتە دی.

بزووتنەوەی ژینا و دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»، نیشاندەری وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە تێیدا پرسی ژن، ئەگەر پێشتر وەک پرسێکی لاوەکی چاوی لێ دەکرا، ئێستا بووە بە بزوێنەری سەرەکیی گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بزووتنەوەکە سەلماندی کە دیموکراسی و ئازادیی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر ماف و ڕزگاریی ژنان لە پێشینەی کارەکان نەبێت. بزووتنەوەی ژینا تەنیا داوای لابردنی باڵاپۆشیی زۆرەملێی نەدەکرد، بەڵکو ڕاپەڕینێکی هۆشیارانە بوو دژ بە تەواوی سیستەمی سیاسی، نادادپەروەریی ئابووری و سەرکوتکردنی نەتەوەیی و ڕەگەزی.

ئەگەر لە ڕەهەندە نێودەوڵەتی و هونەرییەکانەوە سەیری بکەین، دەبینین بوو بە تەوژمێکی کولتووریی جیهانی و توانی هاوسۆزی و سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوازێک ڕابکێشێت کە پێشتر کەمتر بینرابوو. لە زۆربەی وڵاتان، ژنانی ناودار، ئەکتەر، سیاسەتمەدار و چالاکوانان وەک هێمایەک بۆ هاوسۆزی و پشتیوانی، قژی خۆیان بڕی. ئەم ڕەفتارە سیمبۆلییە کە لە کولتووری کوردیدا نیشانەی تازیەباری و ناڕەزایەتییە، بوو بە زمانێکی هاوبەشی جیهانی. لە هۆڵەکانی پەرلەمانی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرا بە چالاکوانی ئێرانی (نێرگز محەمەدی) و خەڵاتی ساخارۆڤیش لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە بەخشرا بە خودی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەکە؛ ئەمەش پێگەی یاسایی و سیاسیی نێودەوڵەتیی بەم دۆزە بەخشی. لە ڕوانگەی دیپلۆماسیی کوردی و فێمینیستییەوە بۆ یەکەمجار، دۆزی ژنی کورد وەک پێشەنگی فیکریی گۆڕانکاریی دیموکراتی لە ناوچەکەدا بە جیهان ناسێندرا.

لە لایەکی ترەوە، چەندین گۆرانی و سروودی کوردی و فارسی لەلایەن هونەرمەندانی جۆراوجۆرەوە داڕێژرانەوە کە گیانی بەرگرییان بەرز دەکردەوە. شێوەکار و گرافیککارانیش دیواری شارەکانیان لە ئەوروپا، ئەمریکا و تەنانەت ناوخۆی وڵاتیش بە کێشانی وێنەی ژینا و هێماکانی ئازادی نەخشاند. گرافیکدیزاینەران لە سەرانسەری جیهاندا، بەکارهێنانی قژی ژن و ڕەنگی سووریان کردە هێمایەکی جیهانی بۆ سەرکەوتن. شاعیران و نووسەران ئیلهامی شیعرییان پێشکەش بەم بزووتنەوەیە کرد و دەستیان کرد بە نووسینی دەق و شیعر لەسەر قارەمانێتیی ژنان و کچانی ڕاپەڕیو.

ڕێکخراوە مەدەنییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە؛ لە ڕێگەی ئاڕاستەکردن، یەکخستن و گەیاندنی دەنگی شەقام و پێکهێنانی کۆڕ و بەرنامەی تایبەت و پلاتفۆرمی ژنانەی جۆراوجۆر، کە یەک لەوان «پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵات-ژینا»یە. پەیامی سەرەکیی چالاکییەکانیان ئەوە بوو کە ئەم بزووتنەوەیە وەک ڕووداوێکی مێژوویی نەبینرێت، بەڵکو وەک پڕۆسەیەکی بەردەوام بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەدا سەیر بکرێت. ئەوان تێدەکۆشن ئەم بزووتنەوەیە داهاتوویەک دروست بکات کە هیچ ژنێک ناچار نەبێت بۆ سەربەستی، شوناس، زمان و کولتووری خۆی ئازار بچێژێت؛ بتوانێت خۆی بڕیار بدات، بە ئازادی سنووری تابۆکان تێپەڕێنێت و لە سایەی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و ئازاددا، نەوەیەکی هۆشیار و سەربەست پەروەردە بکات.

لە کۆتاییدا، شتێکی زۆر گرنگ و پڕبایەخ ئەوەیە کە تێکۆشان بۆ مافی ژنان، خەبات بۆ سەربەخۆییی نەتەوەیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گرێدراوی یەکن و لە ئەنجامدا، ژیانی ژن هاوتایە لەگەڵ ئازادیی مرۆڤ.

شەهێن حوسێنی