دایکی ناریا
ئامارتیا سێن: ئازادیی ژنان تەنیا ئامانجێکی دادپەروەرانە نییە بەڵکوو ئامرازێکی پەرەسەندنیشە.
هەرکام لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵی وەدیهێنانی یەک یان چەند ئامانجێک دەدەن بە مەبەستی پڕکردنەوەی کەلێنێکی کۆمەڵایەتی کە خۆی بەرهەمی بێ مافی یان ستەمێکی مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی یان کولتوورییە. بزووتنەوەی ژنانیش لەو ڕێسایە بەدەر نییە و کار لە سەر ڕاستکردنەوەی ئەو ڕوانینە لەسەر ژنان دەکا کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا چەسپاوە و ژن وەک بوونەوەرێکی تابع و پەڕاوێز سەیر دەکا. تا ئەو کاتەی ئەو چەشنە ڕوانینە بۆ ژنان هەبێ، ژنان ناتوانن وەک سووژەیەکی چالاک، بەشداریی لە پرسە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا وەک ئابووری و سیاسەت و هتد بکەن.
کاتێک باس لە بزووتنەوەی ژنان دەکەین شاکلیلی ئەو کێشە و ئاریشەی هەوڵی چارەسەر کردنی دەدەین، بریتیە لە دادپەروەریی جێندەری. هەر بۆیە سەرەتا پێویستە تێگەیشتنێکی ڕوونمان لەو چەمکە هەبێ و ئەو لێڵی و ناڕوونیانەی لەسەر چەمکی ڕەگەز، جێندەر، دادپەروەری و هەروەها دادپەروەریی جێندەری هەیە لابدەین.
لە زۆربەی ئەو دەقانەی لەسەر پرسەکانی پەیوەندیدار بە بزووتنەوەی ژنان لە لایەن چالاکانی بواری ژنانەوە نووسراون، دوو چەمکی ڕەگەز و جێندەر بەردەوام دووبارە دەبنەوە و زۆرجار بە هەڵە لە جێگای یەکتر دادەنرێن بێ ئەوەی تێگەیشتنێکی دروست لە جیاکردنەوەیان بەدەستەوە بدەن. کاتێک ڕەگەز بۆ جیاکردنەوەی ژن و پیاو بەکار دەهێنرێ ئاماژەیە بۆ ئەو جیاوازییە سروشتی و بایۆلۆجیکییەی لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤەکاندا بوونی هەیە و هیچ کاریگەرییەکی دەرەکی ناتوانێ ئەو واقعیەتە بگۆڕێ. لە کاتێکدا جێندەر پەیوەندی بەو ژینگە سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە هەیە کە کۆمەڵگا دەیبەخشێتە هەر دوو ڕەگەزەکە. واتە ژینگەی کولتووری، کۆمەڵایەتی وسیاسی بەرهەمهێنەری مێنتالیتەی جێندەرییە بەو جۆرەی ئێمە ئێستا لەگەڵی ئاشناین، چەمکی نایەکسانی و نادادپەروەریی جێندەری بەرهەمی ئەو مێنتالیتەیەیە.
گەشەی سیاسەتە ستڕاتژییەکانی کۆمەڵگا بە بێ وەدیهاتنی پەرەسەندنی سیاسی نایەتەدی. پەرەسەندنی سیاسی بە واتای گەشەپێدانی زەرفیەتەکان، دامەزراوەکان و پڕۆسەی سیاسیی کۆمەڵگایە بۆ بەشداری پێکردنی زیاتری هاووڵاتی، بردنەسەری مەشرووعیەتی دەسەڵاتی سیاسی و لە ئەنجامدا باشتر کردنی حوکمڕانی بە ئامانجی وەدیهێنانی بەها ماددی و مەعنەوییەکانی وەک پێکهێنانی سەقامگیری، دیمۆکڕاسی و دادپەروەری. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە کۆڕ و کۆمەڵ و دامەزراوە دیمۆکڕاتیکە ناحکوومییەکان پەرەیان پێ بدرێ و یاسا بەسەر کۆی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگادا سەروەر بێ و حوکمڕانییەکی شەفاف پشتیوانیی بکا و هەر کێشە و ئاریشەیەک لە کۆمەڵگادا سەر هەڵبدات لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕێککەوتنی نێوان دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هاوتەریب لەگەڵ دامەزراوە حکوومییەکان چارەسەر بکرێ. کەواتە پەرەسەندنی سیاسی (کە لێرەدا مەبەستی ئێمەیە) پێویستی بە وەگەڕخستنی زۆرترین زەرفیەتە ماددی و مرۆییەکانی کۆمەڵگا هەیە. لێرەدایە پرسی دادپەروەریی جێندەری وەک زەروورەتێک بۆ گارانتی کردنی پەرەسەندنی سیاسی خۆی دەنوێنی. کۆی ئەو بیردۆزانەی پڕژاونەتە سەر پرسی پەەرەسەندنی سیاسی، جەخت لە سەر مرۆڤ و پەرسەندنی مرۆیی وەک پێش داهاتی پەرەسەندنی سیاسی دەکەنەوە. هەر کۆمەڵگایەک پێکهاتووە لە ژن و پیاو، کە پەیوەندییەکی دوولایەنە بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە و هەر کام ڕۆڵ و فۆنکسیۆنی تایبەت بە خۆیان هەیە کە ئەو بەیەکەوە کارکردنە لە پێویستییە بنەڕەتییەکانی پەرەسەندنی سیاسییە. ئەگەر ژنان لە کۆمەڵگادا نەتوانن یان دەرفەتی تواناسازیی مرۆییان نەدرێ، هەر لە جێدا نیوەی هێزی مرۆیی لە پڕۆسەی پەرەسەندن دەرهاویژراوەو بێگومان ئەوەش کاریگەرییەکی قووڵ دەکاتە سەر پێشڤەچوونی کۆی جومگەکانی کۆمەڵگا بە پەرەسەندنی سیاسیشەوە. سڕینەوەی ژنان لە پڕۆسەی پەرەسەندن تەنیا لە لایەنی چەندایەتییەوە هەڵناسەنگێنرێ، بەڵکوو کار دەکاتە سەر چۆنایەتیی هێزی مرۆیی بەشدار لە پەرەسەندنەکەشدا. هەروەک ئاماژەمان پێکرد کارکرد و فۆنکسیۆنی ژنان لە ڕەوتی پەرەسەندندا پرسێکی گرینگە و زۆر جار فەرامۆش کراوە. واتە نادادپەروەریی جێندەری نیوەی کۆمەڵگا بە هەموو تایبەتمەندییەکانیەوە دەخاتە دەرەوەی پڕۆسەی پەرەسەندن.
بۆ تیشک خستنە سەر گرینگیی سۆبجێکتیڤیتەی ژنان لەسەر بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگا و خەسارەکانی نادادپەروەریی جێندەری لەسەر پەرەسەندنی کۆمەڵگا، پشت بە بۆچوونەکانی ئامارتیا سێن فیلسوفی بەنێوبانگی هولەندی دەبەستین کە بەشێکی بەرچاو لە چالاکییە ئاکادیمییەکانی خۆی تەرخان کردوە بۆ ئەو پرسە.
بۆچوونەکانی ئامارتیا سێن فیلسوف و ئابووریناسی هولەندی سەبارەت بە کاریگەریی تواناسازیی ژنان لە کەمکردنەوەی نایەکسانیی جێندەری و هاوکات پەرەسەندنی سیاسی، دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ تێگەیشتن لەو بەستێنانەی پێویستە فەراهەم بکرێن تا تیایدا ژنان بتوانن لە پرسە گەورە و ستڕاتیژییەکاندا دەوری کاریگەر بگێڕن و دیدگا و ڕوانگەی خۆیان بە سەر کۆی پرسە گشتییەکانی کۆمەڵگا ببیننەوە، واتە بەشێک بن لە هەموو ئەو گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونانەی کۆمەڵگاکان بەرەوڕووی دەبنەوە.
ئامارتیا سێن لە سەر ئەو بڕوایەیە کە پەرەسەندنی کۆمەڵگا (لە هەموو بوارەکاندا) بە بێ ژنان مومکین نییە و پێویستە لە نێوان سیاسەتە گشتییەکانی پەیوەست بە گەشەپێدانی یەکسانیی جێندەری و ئازادیی ژنان (بە تایبەت لە بوارەکانی پەروەردە، خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەرفەتی کاری ژنان) پەیوەندییەکی چڕ هەبێ. ئامارتیا سێن گرینگییەکی زۆر بە تواناسازیی ژنان دەدا و بە قووڵی بڕوای بە سۆبجێکتیڤیتەی ژنان هەیە لە هەموو بوارەکان و بە تایبەت لە بواری ئابووری و سیاسیدا. ئەو پێی وایە سیاسەت و پلانی حکوومەتەکان وەک دابەش کردنی سەرچاوەی دارایی و بودجە، پێگەیەکی نزمتری بۆ ژنان لێکەوتۆتەوە و بەشی ژنان لە خۆش بژێوی و پەروەردە و بە گشتی هەموو ئاستەکانی بڕیاردان و بەڕێوەبردندا نادادپەروەرانەیە.
ئامارتیا سێن بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکی توانایی ((capability، دەرفەتەکانی بەردەم مرۆڤەکان بۆ کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە و پێداویستییەکانی، بە سەرنج دان بە تایبەتمەندییەکانیان بە جیاواز دەبینێ، بۆ وێنە پەروەردە، دەسڕاگەیشتن بە میدیای ئازاد، دەرفەتی بەشداریی ئازادانە لە ڕێگەی مافی هەڵبژاردنەوە و کەڵک وەرگرتن لە مافەکانی هاووڵاتی بوون، نە تەنیا بۆ بەرەوپێش بردنی ژیانی تاکەکەسی، بەڵکوو بۆ کاریگەر بوون لە چالاکییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بە گرینگ دەزانێ. ئەو دەڵێ توانایی ژنان کەمتر نییە لە پیاوان، بەڵکوو ئەوە جیاوازیی دەسڕاگەیشتنی ژنان بەو بەهایانەیە کە پێگەی لاوازتری بەراورد بە پیاوان پێ بەخشیون. لە ئەنجامی خوڵقاندنی بە ئەنقەستی لاسەنگییەکی مێژوویی، کولتووری، سیاسیدایە ژنان خراونەتە پەڕاوێزەوە و داهاتووی کۆمەڵگاکان لە ماتەوزەی ژنان بێ بەش کراوە.
بۆچوونەکانی ئامارتیا سێن هەرچەند بەرەوڕووی ڕەخنەش بوونەتەوە بەوەی سێن بە شێوەیەکی زێدەڕۆیانە گرینگی بە مافی هەڵبژاردن دەدا و پێی وایە ئەگەر ژنان بتوانن لە ژیانی ڕۆژانەیان دا مافی هەڵبژاردنیان هەبێ ئەوا دەتوانن کاریگەر بوونی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا بسەلمێنن، لە کاتێکدا ناوبراو خۆی لەو واقعیەتە دزیوەتەوە کە ئەو کۆنتێکستەی ژنان تیایدا هەڵدەبژێرن ئەستەمە بەدەر بێ لەو نێرسالارییەی زۆربەی کۆڵەکە فکرییەکانی کۆمەڵگای لەسەر بنیات نراوە. بە شێوەیەکی گشتی ڕەخنەگرانی سێن دەڵێن بۆچوونەکانی ناوبراو نەخشێکی مێحوەری بۆ ژن وەک تاک قایلە و کەمتر ڕەفتاری بەکۆمەڵی ژنانی کردۆتە بابەتی توێژینەوەکانی.
سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنانە، بۆچوونەکانی ئامارتیا سێن سەبارەت بە ڕۆڵ و کاریگەریی توانایی ژنان لە پرسە گشتییەکانی کۆمەڵگادا گرینگ و شایەنی پشت پێ بەستنن. ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی هاوکات لە سەرەوە بۆ خوارەوەو لە خوارەوە بۆ سەرەوە پێویستە. ڕێکخستنی ژنان لە دامەزراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و هەڵگرتنی بەرپرسیارەتییان بەرامبەر هەموو پرسە گشتیەکانی کۆمەڵگا لە لایەک و داڕشتنەوەی سیستەمی یاسایی وڵات لەسەر بنەمای دادپەروەریی جێندەری و گارانتی کردنی مافە سروشتییەکانی ژنان لە لایەکی دیکەوە، تەواوکەری یەکترن لە پێناو گۆڕانی بنەڕەتی لە ستڕاکتۆر و مێنتالیتەی پیاوسالاری وەک گەورەترین بەربەستی بەردەم داڕشتنی ستراتیژەکانی کۆمەڵگا بەدەر لە نادادپەروەریی جێندەری. تا ئەو کاتەی ئەو گۆڕانە بنەڕەتییە نەیەتە دی، کۆی سیاسەتە ستڕاتژییەکانی کۆمەڵگا لە بەرژەوەندیی سیستەمی پیاوسالاریدا دەنووسرێنەوە و نادادپەروەریی جێندەری بەردەوام خۆی بەرهەم دێنێتەوە.
ئامانجی دادپەروەریی جێندەری بەدی نایە تا ئەو کاتەی بزووتنەوەی ژنان خۆی لەو کۆت و بەندانە ڕزگار نەکا کە بەرهەمی کاردانەوە بەرامبەر حوکمڕانیی پیاوسالارە، واتە بزووتنەوەی ژنان پێویستە لە بوونێکی بەستراوەو تابعەوە ببێتە بوونێکی سەربەخۆ و خاوەن کەسایەتیی تایبەتمەندی خۆی. لە ڕاستیدا بزووتنەوەی ژنان یان وردتر بڵێین ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکانی ژنان بەتایبەت لە کۆمەڵگای ئێمە (هەڵبەت لە زۆربەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا) زیاتر وەک سەکۆیەک دەچن بۆ پاڵدانی کۆمەڵێک لە چالاکانی ژنان بۆ ناو کایە گشتییەکانی کۆمەڵگا بە سیاسەتیشەوە، بە بێ ئەوەی ستڕاتژێکی ڕوونیان هەبێ بۆ گۆڕانکاری لە ناوەڕکی پیاوسالارانەی سیاسەت. ئەو بەشدارییە بەشدارییەکی ژنانە نییە بەڵکو هەوڵێکە بۆ ونکردنی ژن بوون بە واتا جێندەرییەکەی. بزووتنەوی ژنان پێویستە خەسارناسییەکی بنیاتنەر لە چیەتیی خۆی بکا و نەخشەڕێگایەکی ڕوون بۆ خۆڕزگار کردن لەو کەمایەسییانە بدۆزێتەوە.




