شەهرام سوبحانی
لەم ڕۆژانەدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی دژواری ئابووری و سیاسیی دایە کە زیاتر لە هەموو کاتێک ڕێژیمی ئاستەنگتر کردووە، ئەم قەیرانە ئابووری و سیاسییە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا گەیشتۆتە ئاستێک کە هەر ڕۆژ بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی دەنوێنێ، ڕێژیمیش بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم دۆخە هەنووکەییەدا لە هیچکار و پیلانێکی دژە مرۆڤی دەسپارێزی ناکات. جا بۆیە لە هەموو شتێک کەڵک وەردەگرێ، تاکوو بتوانێ چەن ساڵێکی دیکە، تەمەن بۆ دەسەڵاتە نەگریسەکەی مسۆگەر بکات.
هەموومان بە باشی ئاگادارین خەڵکی کوردستان و بەگشتیی ئێران لە دۆخێکی زۆر خراپی ئابووریدا ژیان بەسەر دەبەن کە هەر ڕۆژ خەڵک شاهیدی هەڵاوسان و بەربەرەکانی لەگەڵ کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانن ئەم ئاستەنگی و هەڵاوەسانە لە نێوخۆ گەیشتۆتە ڕادەیەک کە خەڵکی بەرەو شۆڕشێکی بەرین و بەرفراوان کۆکردۆتەوە کە هەرکات ئیمکانی سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە لە ئارا دایە، هەروەها لە بەرەبەرەی ساڵوەگەڕی شەهید بوونی ”ژینا” داین کە خەڵکی کوردستان و ئێران بە گشتیی خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ شەقامەکان ئامادە کردووە. جا بۆیە لە ئارادا بوونی ئەم دوو ڕەوتە لە نیۆخۆی وڵات ترسی خستۆتە نیۆ دڵی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم کە بۆ بەگژداچوونەوە لەگەڵ ئەم شۆڕشە، لە فیکری پیلانگێڕی و داڕشتنی سناریۆی تازەن، تاکوو بتوانن پڕۆسەی شۆڕشەکە وەدوا بخەن یان بە لاڕێیدا ببن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر بەباشی دەزانێ کە کوردستان وەک هەمیشە سەری شۆڕشەکەیە، جا بۆیە تەرکیزی ڕێژیم زیاتر لەسەر کوردستانە، تا بەشەکانی دیکە لە ئێران، چونکە کوردستان بەپێی دەوڵەمەند بوونی ئەو پاشخانە مێژووییە کە هەیەتی هەمووکات ڕێنیشاندەر و ڕێبەری جووڵانەوەکانی نێوخۆی کوردستان بووە، هەر وەک ئەوەی لە شۆڕشی ژینادا بینیمان کە کوردستان زۆر بە باشی تەواوی خەڵکی ئێرانی بەرەو ڕووخانی ڕێژیم هیدایەت دەکرد. و ئەم ماهییەتەی کوردستان وای کردووە کە هەمیشە کوردستان قوربانی سیاسەتەکانی ڕێژیم بێت. چەندین هۆکار هەن کە هەمیشە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هان داوە کە کوردستان بکاتە قوربانی سیاسەتە نەگریسەکانی خۆی، تاکوو لە ئاکامدا بتوانێ لەو قەیرانە بەرینە و ئاڵۆزەدا خۆی ڕزگار بکات.
-یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لە:
گواستنەوەی شەڕ و ئاڵۆزەییەکان بۆ کوردستان، تاکوو بەم مێتۆدە بازنەی ناڕەزایەتییەکان کەمڕەنگ کاتەوە چونکە ڕێژیم لە کوردستان زیاتر بۆ جینایەتە مرۆڤییەکانی دەست ئاوەڵاترە، دووهەم بە حاشیە کێشانی قەیران و دۆخی هەستیاری ئێستا کە بەرۆکی ڕێژیمی گرتۆتەوە تاکوو بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی لێ دەرباز بکا. بۆ نموونە لەم چەن ڕۆژەدا کۆماری ئیسلامی بە دەسپێکی شەڕێکی نەرم لە کوردستان واتا بە ئاگر تێبەردانی دارستانەکانی کوردستان دەیهەوێ لە ساڵوەگەڕی شەهید بوونی ژینادا خەڵکی کوردستان لە شەقامەکان دوور بخاتەوەو، دڵی شۆڕشەکە لە لێدان بخا. تاکوو بە باشی بتوانێ چاودێری دۆخەکە بکا و سرنجی خەڵک و میدیاکانی دەرەوەو و لایەنە سیاسییەکان بە لای بارودۆخێکی لەپێشداڕێژاو دا ڕابکێشێت. جا بۆیە ئەم دیاردەیە بۆ ڕێژیم یەک تیر و دوو نیشانە، لەلایەک بە لاڕێیدابردنی هێز و وزەی لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان، واتا سەرگەرم کردنی لاوان بە کووژاندنەوەی ئاگرەکان بە جێگەی هاتنە سەر شەقامەکان، دووهەم، لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان.
دیارە کوردستان هەر وەک هەموومان دەزانین خاوەن جوغرافیایەکی تایبەت بە خۆیە کە بووەتە هۆی درووست بوونی دەیان دارستانی جوان و سرنج ڕاکێش و هەروەها شوێنێکی گەشتیاری و داهاتێکی بەردەوام بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی درووست کردووە، بەڵام ڕێژیم تەنانەت چاوی بەم سروشتەش هەڵنایە و هەموو ساڵێک بە پیلانی جۆراوجۆر لە هەوڵی گۆڕینی سروشت و جوغرافیای کوردستانە، تاکوو باشتر بتوانن کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکا. چونکە لای دەسەڵاتدارانی ڕێژیم سەروماڵی کوردەکان بۆ ئەوان حەڵاڵە و هەر کارێکی بیکەن لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و پاراستنی دەسەڵاتی ناوەند دایە. جا بۆیە هیچ بەربەستێک لەبەردەم ئەم جینایەتانەی ڕێژیم لە ئارادا نییە تاکوو لەسەرەڕۆییەکانی ڕێژیم کەم کاتەوە.
-یەکێک تر لە هۆکارەکان ئەوەیە کە کوردستان وەک هیچ بەشێکی دیکە لە ئێران نییە، جوغرافیایەکی جیاوازە کە سەدان ساڵە بوەتە شوێنی ململانێ و شەڕی بەرژەوندیی زلهێزەکان و لەم نێوانەشدا بوەتە “حیاط خلوت”ی کۆماری ئیسلامی بۆ جێبەجێ کردنی کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆی لە ناوچەکە، بە تایبەت دەستێوەردان لە کانزا ئاوییەکانی ڕۆژهەڵات و پڕۆژەی سەد سازی لە کوردستان و کارتی گوشارێک بۆسەر هەرێمی کوردستان و گۆاستنەوەی ئاوەکان بۆ ناوەند، وای کردووە کە ئەم جوغرافیایە زیاتر قوربانی سیاسەتەکانی ڕێژیم بێت.
– یەکێک تر لە هۆکارەکان ئەوەیە کە کوردستان خاوەن شوناسێکی پتەوی مێژوویی و سیاسییە کە ئەم پاشخانە مێژوویەش ئاکامی ٨دەیە خەباتی بێوچانی ئەم نەتەوەیە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم ئەم پێناسەیە بە مەترسییەکی گەورە بۆ مانەوەیان لە کوردستان دەزانن، هەر بۆیە سیاسەت و پیلانەکانیان هەمیشە لە چوار چێوەی کەمڕەنگ کردنەوەی ئەم ماهییەتە لە کوردستان دادەڕێژن کە کورد لەم فاکتەرە سەرەکییە دوور بکرێتەوە، بەڵام بە خوەشحاڵییەوە هەتا ئێستا سیاسەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان نەیتوانییە سەداسەد کارامە بێت و تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی ئەم پڕۆسەیە درێژەی هەبووە و دواتر بە شێوازی جۆراوجۆر لە لایەن نیشتمان پەروەرانەوە پووچەڵ کراوەتەوە.
-یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەوەیە کە بۆ ڕێژیم و بەرپرسانی ڕوونە کە کوردستان درەنگ یا زوو له چوارچێوەی ئێراندا دەبێتە خاوەن سەروەری خاک و ئاڵای خۆی، جا بۆیە هەر لە ئێستاوە لە هەوڵ و تێکۆشاندان تاکوو کوردستان بەتاڵان بەرن و دواتر وڵاتێکی وێرانە تەحویلی ئێمە بدەن، لەم پێناوەشدا ڕێژیم هەر لەسەرەتایی هاتنە سەرکارییەوە هەتا ئێستا بەردەوام لەهەوڵی بە تاڵانبردنی خاکی کوردستاندا بووە، لەلایەک بە گۆڕینی جوغرافیای پارێزگاکان، لە لایەک بە هەڕاجکردنی کانزا ژێرزەوییەکانی کوردستان و لە ناو بردنی ئاسەوارە مێژووییەکان و …هتد.
چونکە ئەوان دەیانهەوێ دوای نەمانی خۆیان هیچ شتێک نەمێنێ بۆ ئاوەدانی، تاکوو کورد لە داهاتوودا هیچ شتێکی نەمێنێ بۆ گەشەکردن و ناچار بێت هەر بە دیلی بمێنێتەوە. جا بۆیە بۆ دەرباز بوون لەم ڕێژیمە و ئاوابوونی ڕووناکی لەم خاکە لە یەکەم هەنگاو دا پێویستمان بە خەباتێکی جیددی و یەکگرتوویی و هاودەنگی زیاترە، تا ئاڵقەی دەسەڵاتداری ڕێژیم زیاتر بە تەنگا بکێشین و لە ئاکام دا کۆڵەکە سەرەکییەکانی ڕێژیم بەروە داڕمانێکی یەکجاری بەرین. تا چیتر کورد و گەلانی دیکەی ئێرانی قوربانی سیاسەتە دژە گەلییەکانی ئەم نیزامی بێ پڕەنسیپە نەبن.