بەرز ڕاگرتنی بەرهەمە ئەدەبی و مێژووییەکانی «فاروق فەرهاد» لە شاری ڤێسترۆس

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦، بە هەوڵ و تەرخانی یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆڕێکی ئەدەبی و فەرهەنگی بۆ نووسەر و لێکۆڵەر، کاک «فاروق فەرهاد» لە شاری ڤێسترۆسی سوێد بەڕێوەچوو.
کۆڕەکە کە لە کەشێکی ئەدەبی و پڕ لە ڕێزدا بەڕێوەچوو، بە بەشداریی ژمارەیەک لە نووسەران، شاعیران و دڵسۆزانی بواری فەرهەنگ دەستی پێکرد. سەرەتا خاتوو «ئاواز مەولانی»، وەک بەڕێوەبەری کۆڕەکە، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و پاشان ئامادەبووان بە ساتێک بێدەنگی و ڕاوەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و مافە مرۆییەکان، کۆڕەکەیان دەست پێ کرد.
دوای خوێندنەوەی ژیاننامەی کاک فاروق، ناوبراو لە وتارێکدا سوپاسی یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم دەرفەتە فەرهەنگییە. ناوبراو بە کورتی ئاماژەی بە ناوەرۆکی ١١ کتێب و ٢٥ بەڵگەنامەی مێژوویی کرد کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئامادەی کردوون؛ بەرهەمێک کە بەشێکی دانەبڕاوی مێژووی خەبات و گیانفیداییی ئەو کەسایەتییانەیە کە لەپێناو سەربەستیی نەتەوەکەیاندا گیانیان بەخشیوە.
کاک فاروق لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بەرهەمانە دەرەنجامی ساڵانێکی زۆر ماندووبوون و بەدواداچوونی وردی مێژوویین و هەر کتێبێکیان بەشێکە لە یادەوەرییە زیندووەکانی گەلەکەمان. هەروەها سوپاسگوزاریی خۆی بۆ خێزانەکەی، بەتایبەت خاتوو «گۆڵاڵە پێشنەماز» دەربڕی کە بە درێژایی ئەو ڕێگا پڕ لە ئاستەنگە، پشتیوان و هاوکارێکی نزیکی بوون.
لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە و بە پرسیار و سەرنجەکانیان، بەرهەمەکانی کاک فاروقیان هەڵسەنگاند و ستایشی ئەم هەوڵە گرنگەیان کرد بۆ پاراستنی بەڵگەنامە و زانیارییە مێژووییەکان.
شایانی باسە، هۆڵی کۆڕەکە بە تابلۆ و هونەری نیگارکێشانی دوو هونەرمەندی کورد، «عەبدولڵا (هێرش) کامرانی» و «لەیلا کەریمی» ڕازابووەوە. لەو چوارچێوەیەدا و وەک ڕێزلێنانێک بۆ ماندووبوونەکانی نووسەر، هونەرمەند عەبدولڵا کامرانی بەرهەمێکی دەستیی کە بریتی بوو لە دارکەندەکاریی ناوی «فاروق فەرهاد» بە ڕێنووسی کوردی، پێشکەشی ناوبراو کرد.
کۆڕەکە لە کۆتاییدا لە کەشێکی نیشتمانپەروەرانە و پڕ لە خۆشەویستی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران – کۆمیتەی ڤێسترۆس









