ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٣ ـ ٠٩ ـ ٢٠٢٥ی زائینی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات بە هاوکاری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سمینارێکی بە بۆنەی ڕووداو و کارەسات و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی خەرمانان دا لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە برد.
سەرەتا خاتوو “باوان کەریمی” و” کاک سۆران عەلیپوور” وەک بەرێوەبەرانی ئەو کوڕیادە، بە ناوی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات و کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بەخێرهاتنی گشت بەشداربووان و میوانانیانی ئەم سمینارەیان کرد.
سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب لەلایەن کاک “هەڵۆ بەرزنجی” دەستی پێکرد و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی گشت شەهیدانی کوردستان و بە تایبەت شەهیدانی مانگی خەرمانان، ( شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، شەهیدانی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات، شەهید کرانی چەند بەندی سیاسی و هەروەها شەهیدانی شۆڕشی ژینا) دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
دوای زانیاری لە سەر ساڵۆن، هاورێ “سۆران عەلیپوور” کورتەیەک لە بیوگرافی ژیانی کاک “سەعید بیگزادە” خوێندرایەوە و داوا لە بەڕێزیان کرا کە باس و وتارەکەی خۆی لە ژێر ناوی (باسێک لە سەر جینایەتەکانی میکونووس و مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و هەروەها شۆڕشی ژینا) پێشکەش بکات.
بەرێز کاک “سەعید بیگزادە” وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی لە پێکهێنانی ئەو کۆڕیادە باسەکەی خۆی لە چەند تەوەرێک دا پێشکەش کرد و گووتی کە:
دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لە دێرزەمانەوە سیاسەتی کوشتن و تێرۆر کردنی سەرانی کوردیان دەبەرنامەدا هەبووە و ئێستاش هەر درێژەی دەدەن.
شەهید کردنی سکرتێری حیزب و هاورێیانی و موشەکبارانی قەڵای دێمۆکرات ، هەر درێژەی ئەم سیاسەتە سامناک و جینایەتکارانەیە کە هەتا ئێستاش بەدژی کورد بەرێوە دەچێ.
شەهید کردنی کاک دوکتور سەعید و کاک فەتاح و کاک هومایون لەو سەروبەندەدا زەربەیەکی قورس بوو بۆ حیزبی دێمۆکرات.
بەڕێزیان ئاماژەی بە “دادگای میکۆنۆس” کرد و گووتی: پەیگیری دادگای ئاڵمان و بڕیاری لێبڕاوانەی دادستان، زەبرێکی قورسی سیاسی بوو کە لە کۆماری ئیسلامی درا، ناکرێ ئەوەش لە یاد بکەین کە کۆمەڵێک کەسایەتی و حیزبی ئێرانی ئۆپۆزیسیۆن لەم بارەوە بۆ شاهیدی دان و خستنە بەرچاوی بەڵگە لە دادگا زۆر گرینگ و کاریگەر بوون.
حوکمی “دادگای میکۆنۆس” بوو بە نموونەیەک بۆ رۆژئاوا کە پەیگیرتر بن لەسەر ئەم جۆر جینایەت و پەروەندانە.
کاک سەعید لە درێژەی باسەکەیدا، ئاماژەی بە موشەکبارانی قەڵای دێموکرات و شەهید و بریندار کردنی نێزیک بە حەفتا ڕێبەر و کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات کرد و گووتی: ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بەردەوام بووە لە جینایەتەکانی و هەوڵی داوە بە کوشتن و شەهید کردنی ڕێبەران پاشەکشە بەو شۆڕشە بکات.
کۆماری ئیسلامی بە موشەکبارانی بنکەکانی دێموکرات هاوکات کە دەیویست حیزبی دێموکرات لاواز بکا، بەئاشکرا مانۆڕی هێزی خۆی بەو هێزانەی لە ناوچەدان و دەسەڵاتدارن و یان هێزیان لە ناوچەدا هەیە نیشان بدا.
بەڵام نە حیزبی دێموکراتی بۆ لەپێکەوت، نە ئەو جینایەتە و مانۆڕە بوو بەهۆی پاراستنی لە زلهێزەکانی ناوچە.
لە بەشێکی دیکە دا، ناوبراو باسی لە شۆرشی ژینا کرد و گووتی: مەرگی ژینا جینایەتێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بوو بەدژی کچە کوردێک، کە کوردستان خاوەنداریەتی لێ کرد و بە دژی ئەو جینایەتە ڕاپەری و ئێران و جیهانی دەگەڵ خۆی رێکخست.
سەرەڕای کوشتارێکی زۆر و بریندار کردن و بەند کردنی هەزاران کەس، ئەم شۆرشە بێچمی ڕزگاری خوازانەی وەک لایەنێکی تەواو سێکۆلار بەداهاتووی سیاسی ئێرانەوە چەسپاند، ئەگەرچی بە هۆی هێندێک کەمایسی ئەم شۆرشە نەگەیشتە گشت ئامانجەکانی، بەڵام بێگومان لە هەر ئەگەرێکی بۆشایی و دەرفەتدا سەرهەڵدەتاوە و ئامانجەکانی خۆی بە هەر شێوەیەکی دیکەش بێ، بەدی دێنێ.
“شۆرشی ژینا” لەگەڵ ئەوەی عەتفێکی زۆری بۆ ئازادیخوازانی گشت نەتەوەکانی ئێران، خەباتی ژنانی نەتەوەکانی ئێرانی بە گشت جیهان ناساند و توانی گەورەترین پشتیوانی بەدەست بێنێ.
هەر ئەم شۆرشە جارێکی دیکەش ئەم ڕاستییەی ئاشکراتر کرد کە ڕاپەرینی گەورە بۆ ئاڵوگۆر کاری سیستماتیک و رێبەری لێبراوی دەوێ.
پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو بەشە لە کۆڕیادەکە بەشێوەی پانێل وەک پرسیار و وەڵام لە لایەن هاوڕێ “سۆران عەلیپوور” بە ورووژاندنی چەندین پرسیار بەڕێوەچوو.
لە بەشی دووهەم دا “باوان کەریمی” ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنان لە سوئێد کورتەیەک لە بیوگرافی خاتوو “شەهین بایزیدپوور” پشکەش کرد و داوا لە بەڕێزیان کرا کە باس و وتارەکەی خۆی لە ژێر ناوی ( شۆڕشی ژینا و دوورە دیمەنی بۆ خەباتی سیاسی ژنان) پێشکەش بکات، لەم بەشەدا گرتە ویدیۆی باس و وتاری خاتوو “شەهین بایزیدپوور” کە پێشتر ئامادە کرابوو پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
باسی خاتوو شەهین پێک هاتبوو لە ئاوڕدانەوەیەک لە “شۆڕشی ژینا و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی”.
خاتوو “شەهێن بایەزیدپوور” ئەندامی حیزبی دێموکرات و چالاکی بواری ژنان لە ڤیدیۆیەکدا بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ژینا، سەبارەت بە چۆنیەتی سەرهەڵدان و مەکۆی فیکری ئەو شۆڕشە باسی لە رۆڵی “ڕێکخراوە” کرد و گووتی: کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان خوڵقێنەری ئەو شۆڕشە بووە.
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: “ناوەند نەیتوانیوە ڕێکخراوەی مەدەنی چالاکیان هەبێ و کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێکبخات و نوخبەی فارسیش ئەگەر بەشێک لە هێزی سەرکوت نەبووبێتن بەڵام هەڵوێستێکیان دەربارەی جینایەتەکانی دەسەڵات نەبووە”.
کۆمەڵگەی مەدەنی فارس بەتایبەت ژنانیان لە سەرکوتی ئازادییەکان و داسەپاندنی توندوتیژی هاودەستی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بووە”.
خاتوو شەهێن لە درێژەی باسەکەی دا ئاماژە بە نەسڵی زێد لە کوردستان دەکات و هۆکار و پێشینەی فیکری سەرهەڵدانەکانی کوردستان پتر ڕوون دەکاتەوە دەڵێ: “بەدڵناییەوە دەڵێم شۆڕشی ژینا دەسکەوتی شۆڕشێکی نەتەوەییە کە حیزبی دێموکرات دەستی پێکردبوو”.
دەسکەوتی ئەو شۆڕشە بوو بە هۆی ئەوەی کە دەسەڵات ئیتر نەتوانێ وەکو جاران ژنان سەرکوت بکات. هەروەها ئوپۆزسیۆنی ناوەندگەرا کە بەدوای نۆستالۆژییەوەن و لە جۆرجتاون کۆبوونەوە سەلمێنرا کە پێگەی جەماوەرییان نییە”. ئەو لە کۆتاییدا بەپێی شرۆڤەی خۆی پیوایە کە ژنی کورد دەتوانێ پێشەنگی ئەڵتەرناتیڤ لە کوردستان و تەنانەت ئێرانیش وەئەستۆ بگرێ.
شایانی باسە کە لە بەشی دووهەمیش دا هاوڕێ “سۆران عەلیپوور” چەند پرسیاری ئاراستەی خاتوو “شەهین بایزیدپوور” کرد، کە بەڕێزیان لەو بەشەدا بە شیکاریەوە وەڵامی پرسیار و تێبینییەکانی دایەوە و باسەکەی پێشتری دەوڵەمەندتر کرد.
جێگەی ئاماژەیە کە لە نێوئاخنی بەرنامەکە دا خاتوو “ناهید حوسێنی” شاعیر وچالاکی سیاسی هۆنراوەیەکی لە ژێر ناوی گەلیارەکانی وەرزی هەنار بە هاوکاری موزیکژەنی بە توانا کاک “هەڵۆ بەرزەنجی” پێشکەش کرد.
کۆڕیادی شەهیدانی خەرمانان دوای سێ کاتژمێر بە دانی چەپکە گوڵی ڕێزلێنان بە بەڕێز کاک سەعید بیگزادە لە کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکرات و کۆمیتەی حیزب کۆتایی بە کارەکانی هێنا.
کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سوئێد
١٣ ـ ٠٩ ـ ٢٠٢٥ی زائینی




