ڕۆژی یەک شەممە ٢٣ی نوامبر سێمینارێکی ئۆنلاین لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئاڵمان به بۆنەی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتێژی دژی ژنان بەڕێوە چوو.
سەرەتای سێمینارەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەێ ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. پاشان لەلایەن بەڕێوەبەری سێمینارەکە (ڕێژان مێنبەری) بەخێرهاتنی میوانانی سێمینارەکەو بەشداربووان کرا و کورتە باسێک سەبارەت بە مێژووی ٢٥ی نوڤامبر پێشکەش به میوانان کرا.
دواتر خاتوو نیشتمان ڕۆحانی (مامۆستای زانکۆ) لە سەر توندوتێژی هێمایی: ئەو برینانەی کە نابینرێن بابەتێکی پێشکەش به بەشداربووان کرد که ناوەڕۆکی بابەتەکە سەبارەت بەو توندوتێژیانه بوو کە زیاتر لە هەموو شتێک ڕۆحی ژنان و کچان دەکاتە ئامانج و ڕۆژانه لەنێو بنەماڵە و کۆمەڵگەدا ڕوو دەدا. پاشان کاک سوڵتان گوڵاوی (بەرپرسی کومیتەی ئاڵمان) بابەتێکی سەبارەت به ڕوانگەی حدکا لەسەر پرسی یەکسانی ژن و پیاودا لە حیزب و کۆمەڵگادا پێشکەش به بەشداربووان کرد و ناوەڕۆکی بابەتەکە زیاتر لە سەر پێگەو پلەو و پایەی ژنان و هاوتەراز بوونی ئەرک و کارەکانی ژنان و پیاوان لەنێو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.
بابەتەکانی پێشکەشکراو لەم سیمینارەدا هێندە سەرنجڕاکێش و بەرهەمدار بوون کە توانیان سەرنجی میوانان و بەشداربووان ڕابکێشن. کەشی کۆبوونەوەکە بەجۆرێک بوو کە پرسیار و بۆچوونی جۆراوجۆر لەلایەن ئامادەبووانەوە وروژێندرا و گفتوگۆی زۆر بەنرخ دروستکرا. لە ڕاستیدا فرەچەشنی پرسیارەکان و بەشداری چالاکانەی خەڵک ئاماژەی بە گرنگی و قووڵایی بابەتەکانی پێشکەشکراو دەکرد.




