پیرۆزباییی گەرمی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان دەکەین و هیوا دەخوازین کۆنگرەیەکی سەرکەوتووتان هەبێ.
جێی خۆشحاڵییە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پاش ئەرکی پیرۆزی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و هەروەها سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە هەوڵی ئەوەدایە ڕێکخراوەکەی لە ڕووی تەشکیلاتی و سیاسییەوە نوێ بکاتەوە و بە هەناسەیەکی گەرمتر و وزەیەکی پتەوترەوە لەم دۆخە هەستیارەی کوردستان و ئێران و ناوچەدا، درێژە بە خەباتی خۆی بدات.
بێگومان هیچ بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی مۆدێرن و دێموکراتیک ناتوانێ بێلەبەرچاوگرتن و بەشداریکردنی ژنان بە سەرکەوتن بگات، ئێمە لەو ڕووەوە خۆمان بە بەختەوەر دەزانین بە بوونی ڕێکخراوێکی بەتەمەن و بەئەزموونی وەک یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، ساڵەهایە لەم پێناوەدا ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەر دەگێڕن و هەتا ئێستا بەردەوام بوون و هەتا گەیشتن بە دوا لووتکەکانی سەرکەوتنیش لەم تێکۆشانەتاندا بەردەوام دەبن.
ئومێدمان ئەوەیە ڕێکخراوەکەتان لە ڕەوتی ئەم کۆنگرەیەدا بتوانێ بە کەڵکوەرگرتن لە توێژی خوێندکار و خوێندەڤان لەنێو ئەندامانیدا و بەکارهێنانی ئەندێشە و میتۆدی نوێ و پراگماتیستیی ئەم توێژە، لەو سەرکەوتنانەی وا چاوەڕێی دەکات و شیاوی پێگەیشتنیەتی نزیک و نزیکتر بێتەوە.
لەوێڕا کە ئێمە وەک یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان خۆمان بە پاڵپشتی سەرەکیی ئێوە و ڕێکخراوەکەتان و باوەڕمەند بە ئامانج و بایەخەکانتان دەزانین؛ لەم ڕێیەدا پاڵپشت و هاوڕێ و هاوسەنگەرتانین.
سەر کەوێ خەباتی یەکسانیخوازانەی ژنان لە هەموو جیهان و بەتایبەت لە کوردستان!
سەر کەوێ کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی




