کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران له ئاڵمان ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژ ، ڕێوڕەسمێکی بۆ ڕێزگرتن لە ١٠ پێشمەرگەی گیانبەختکردووی خۆی ، لە شاری فرانکفۆرت بەڕێوەبرد.
ئەم ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامان، دۆستان و دڵسۆزانی ڕێبازی هەموو شەهیدانی کوردستان بەڕێوەچوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی کۆمیتەی ئەڵمانی حیزبی کۆمەڵە خوێندرایەوە. لە ناوەڕۆکی پەیامەکەدا جەخت لەسەر بەردەوامی خەبات، پاراستنی بەهاکانی گیانبەختکراوان و نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئامانج و ڕێبازیان کراوە.
ئەندامانی یەکیەتیی ژنان-کۆمیتەی ئاڵمان بەشداریی چالاکیان لەم ڕێوڕەسمە کرد و هاوشانی ئامادەبووان، ڕێزیان بۆ یادی پێشمەرگە گیانبەختکراوان نیشاندا.
ڕێوڕەسمەکە چەندین بڕگەی لە خۆ دەگرت لەوانە خوێندنەوەی سروود لەلایەن گرووپی سروود؛ لە کۆتاییدا بە نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ گیانبەختکراوان و بەرز ڕاگرتنی یاد و ئامانجەکانیان کۆتایی هات.

