لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژ ، یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا بە ناوی «کۆنگرەی هەژار موکریانی» و لە ژێر دروشمی «بەرەو وێژەیەکی کوردستانیی ڕەسەن و هاوچەرخ» بەڕێوەچوو.
کۆنگرەکە بە خولەکێک ڕاوەستان بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد، پاشان وتاری بەڕێز شفا بارزانی(بەرپرسی گشتی ڕەوەندی کوردستانی ) و پەیامی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بە بۆنەی یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا پێشکەش کرا.
بەشەکانی کۆنگرە لە ڕێزلێنان لە نووسەر و ئەدیبانی کورد، پێشاندانی فیلمی دۆکیومێنتاری، پێشکەشکردنی خەڵات بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە که لەلایەن کاک قادر وەریاوە وەرگیرا و پەیامی مامۆستای پێشکەش به ئامادەبووان کرد، هەروەها موزیک و پەیامی پیرۆزبایی چەند ڕێکخراوێک پێکهاتبوو.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران – کومیتەی ئاڵمانیش بە شێوەیەکی فەرمی بەشداری ئەم کۆنگرەیەی کرد. نوێنەری یەکیەتیی ژنان خاتوو شەهین مورتزازادە ئەرکی بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمی کۆنگرەی لە ئەستۆ بوو، هەروەها پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی ژنانی پێشکەش کرد، کە تێیدا جەخت لەسەر گرنگی یەکگرتنی هێزە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکان و پاراستنی زمان، کولتوور و ناسنامەی نەتەوەیی کراوەتەوە.
لە کۆتاییدا، کۆنگرە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەشی نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد لە دیاسپۆرا


