ڕۆژی شەممە ٩ی مارسی ٢٠٢٤، لەسەر بانگهێشتی کۆمەڵەی کوردی شاری ڤێستێڕۆس، هاوڕێیان: “مووژدە عەزیزی، سوهەیلا مێهدیزادە و ئارەزوو حیسامی” بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە ڤێسترۆس بەشداریان لە یادی ٨ی مارس دا کرد!
دوای بەخێرهێنانی بەشداربووان و ڕاگرتنی دەقەیەک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدان، وتارێک لەسەر چۆنیەتی ھەڵسوکەوت و دانانی جیاوازی لە نێوان کچان و کوڕان لە بەشێک لە بنەماڵەکان و کۆمەڵگە دا لەلایەن “ئارەزوو حیسامی” پێشکەش کرا.
لە بەشی دووھەمی بەرنامەکە دا چەندین ھۆنراوەی جیاواز پێشکەش کران.
ھۆنراوەی ” ژینای کورد” یەک لەو ھۆنراوانە بوو کە لەلایەن بەڕێز مامۆستا ناسر حیسامی پێشکەشکرا.
دواتر پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران- کۆمیتەی ڤێستێرۆس لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی ئەو شارە، “خاتوو مووژدە عەزیزی” پێشکەش کرا.
ناوبراو لە پەیامەکەدا ئاماژەی بە مێژووی ڕێکخراوەی ژنان و ڕۆڵی بەرچاوی ژنانی کورد ھەر لە سەرەتای کۆماری کوردستان و پێک ھاتنی رێکخراوە ژنان بەگشتی و بەتایبەت لە شۆڕشی ژینا دا کرد و گوتی: “یەکیەتیی ژنانی دێموکڕات بەردەوام بۆ هاندانی ژنان بۆ وەدەست ھێنانی ئازادی و مافی یەکسانی لە تێکۆشان دابوە”.
بەشی کۆتایی نەمایشێکی جوڵەو سەما بوو کە لەلایەن خاتوو ئارەزوو حیسامی پێشکەش کرا، ھەروەھا نەمایشێکی نیشاندانی جلوبەرگی ژنان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ئامادەکرابوو کە ھەرکام لە نەمایشکاران لەسەر شێوەی جلوبەرگی ناوچەکەی خۆیان باسێکی کورتیان پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران-کۆمیتەی ڤێستێڕۆس
٠٩-٠٣-٢٠٢٤