بەشداریی نوێنەری کۆمیتەی سوئیس لە کۆنفرانسی «لە بزووتنەوەی ژینا تا داهاتووی ئازاد»

بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، کۆنفرانسی «لە بزووتنەوەی ژینا تا داهاتووی ئازاد» لە ڕۆژی ١٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦، بە هەوڵ و پێشنیاری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە سرودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب» و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی ژینا ئەمینی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەستی پێکرد.
لە بەشی سەرەتایی کۆنفرانسەکەدا، پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن خاتوو کەژال نەقشبەندی، بەرپرسی یەکیەتیی ژنان لە دەرەوەی وڵات، خوێندرایەوە.
خاتوو شایستە، ئەندامی بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوئیس، بە نوێنەرایەتیی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە لە کۆنفرانسەکەدا بەشداری کرد.
لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرانی ٩ حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کوردستان و نەتەوەکانی ئێران بەشدارییان کرد و لە دوو پەنێلی سیاسیی جیاوازدا، بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بزووتنەوەی ژینا، ڕۆڵ و پێگەی ژنان لەم بزووتنەوەیە و هەروەها گرنگیی هاوکاری و هاوبەشی لە پێناوی داهاتوویەکی ئازاد و دێموکراتیکدا تاوتوێ کران.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، یەکەم «خەڵاتی ژینا» پێشکەش کرا. ئەم خەڵاتە لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دامەزراوە و ساڵانە بە مەبەستی ڕێزگرتن لەو کەسان و بنەماڵانەیە کە لە بەرامبەر نادادپەروەری بێدەنگ نەبوون و لە پاراستن و بەردەوامکردنی یاد و ئامانجەکانی بزووتنەوەی ژینا هەنگاویان ناوە.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، هیوا و ئاواتی ئەوە دەربڕدرا کە لە ساڵی داهاتوودا «خەڵاتی ژینا» لە ناو نیشتمان و بۆ قارەمانانی ڕێگای ئازادیی کورد و کوردستان پێشکەش بکرێت.
ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێک بوو بۆ زیندوو ڕاگرتنی یاد و ئامانجەکانی ژینا و هەموو ئەوانەی لە ڕێگای ئازادی، ژن، ژیان و دادپەروەری گیانیان بەخت کردووە.









