ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤، کۆمیتەی زاگرۆس سەر بە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هاوبەشیی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی کۆیە، سێمینارێکیان بۆ بەڕێزان پ. د هووشمەند عەلی شێخانی و ڕەحمان سەلیمی بەڕێوەبرد.
ئەم سێمینارە بەشداریی ژمارەیەک لە کادرو چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەروەها شاندێکی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرێوەچوو.
سەرەتای سێمینارەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر، خاتوو ئاسکە حەسەنزادە، بەرپرسی کۆمیتەی زاگرۆس و بەڕێوەبەری سێمینارەکە، باسێکی کورتی سەبارەت بە گرینگیی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان پێشکەش کرد.
لە بەشی دیکەدا، دوو تابلۆی هونەری کە نەخشە و ئاڵای کوردستانیان تێدا دیار بوو، و لەلایەن خاتوو دڵارام ئەرجەمومەندی، ئەندامی چالاکی کۆمیتەی زاگرۆسەوە نەخشێندرابوون، خرانە بەرچاو.
لە بەشی یەکەمی سێمینارەکەدا، پ. د هووشمەند عەلی شێخانی، مامۆستای زانکۆ، باسێکی لەسەر مێژووی ئاڵای کوردستان کرد و لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە ئاماژەی بە مانا هێمایی و نەتەوەییەکانی ئاڵای کوردستان دا.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، ڕەحمان سەلیمی، کادری سیاسیی حیزبی دێموکرات، باسەکەی خۆی لەژێر ناونیشانی «ئاڵا و پێشمەرگە؛ ئیرادەی سەروەریخوازیی کورد» پێشکەش کرد.
بەرێز سەلیمی لە باسەکەیدا ئاماژەی بەو تێگەیشتنە مێژووییە کرد کە ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات نزیکەی ٨٠ ساڵ لەمەوبەر لەسەر پرسی هێماسازی و پتەوکردنی بنەما نەتەوەییەکان هەیان بووە، کە ئەو تێگەیشتنە لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی کورددا دەگمەن بووە.
بڕگەی کۆتایی سێمینارەکە تایبەت کرابوو بۆ پرسیار، سەرنج و ڕاوبۆچوونی بەشداربووان، و لەلایەن هەرکام لە کۆڕگێڕانەوە وەڵامەکان درانەوە.




