ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٩-٠٨-٢٠٢٥ بەشێکی زۆر لە ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات بەشداریان لە ڕێوڕەسمی ساڵۆەگەری ٨٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی یەکەم حیزبی مۆدێرن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبی دێموکرات دا کرد، ئەو حیزبەی بە هاندانی ژنان و پشتیوانی کردن لە ڕێکخراوەی”یایان” ڕێگەی خۆش کرد تا ژنان بێنە مەیدان و کار بۆ بەرەوپێشچوونی خۆیان لە باری فەرهەنگی و خوێندن و کلتووری دا بکەن و لە نێو کۆمەڵگە دا نەخش و ڕۆڵی تایبەت بە خۆیان هەبێ.
بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی شەهیدانی ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد و دواتر بەرێوەبەرانی بەرنامە، خاتو” ڕێناس محەممەدیان” و هاوڕێ “قادر مێهفەر” وێڕای خوێندنەوەی هۆنراوە و پەخشان بە زمانەکانی کوردی و سوئێدی بەخێرهاتنی بەشدارانیان کرد.
جێگای ئاماژەیە کە “شلێر حەسەن پوور” بەرپرسی کومیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوئێد پەیامی یەکیەتییەکانی ژنان، خوێندکاران و لاوانی خوێندەوە.
لە پەیامەکە دا هاتبوو کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران تا دێ زیاتر فشار لە سەر چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگە و بەتایبەتی لەسەر ژنان و
لاوان و خوێندکاران چڕتر دەکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا باس لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران کرابوو کە کاریگەری لە سەر ڕەوشی ژیانی هاوڵاتیان لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان هەبووە.
بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ تایبەت بە بەشی هونەری بوو کە لەو بەشەدا هونەرمەندانی دەنگخۆش؛ “کاوە حەدداد” ، “باوان کەریمی” و “میکائیل” بە پێشکەشکردنی سروود و گۆرانیی شۆڕشگێڕی شەوێکی پڕ لە شادیی و خۆشیان بۆ
بەشداربووان پێکهێنا.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی سوئێد
٢٩-٠٨-٢٠٢٥










