بەشداری ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی کومیتەی ئاڵمان لە سێمینارێک تایبەت به 25ی نۆڤامبر

ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی نۆڤامبر سێمینارێک لە لایەن سەنتەری ژنانی کورد لە شاری کوڵن(وڵاتی ئاڵمان) به بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتێژی دژی ژنان بەڕێوەچوو.
سمینارەکە لە کاتژمێر ١٤:٣٠ به بەشداری ئەندامانی یەکیەتی ژنانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران-کومیتەی ئاڵمان “خاتوو هێلین کەریمی وخاتوو سەحەرئاقا کۆساری” و چەندین ئەندامی حیزب و ڕێکخراوەکان دەستی پێکردبوو بە میوانداری خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی .
ئەو بابەتانە کە بە تایبەتی خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی جەختی لە سەر کردبوو بریتی بوون لە:
زمان و دەسەڵات
* چۆن وشەکان واقیع درووست دەکەن
* زمان و کاریگەرییەکەی لەسەر ڕەگەزەکان
* سێکسیزم لە ژیانی ڕۆژانە و میدیاکاندا
* چۆن میدیاکان لەسەر وەبەرهەم هێنانەوەی توندوتێژی کاریگەرن
* ڕۆڵی نەرێنی و ئەرێنی زمان لە وەبەرهێنانەوەی(negative ) وکەم کردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان (Positive).
سیمینارەکە بە پرسیار و گفتوگۆی بنیاتنەر لەنێوان بەشداربووان بەردەوام بوو، دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ هاوبەشکردنی ڕوانینە جۆراوجۆرەکان سەبارەت بە ڕۆڵی زمان و میدیا لە دووبارە بەرهەمهێنانەوە یان کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
لە کۆتاییدا ڕێکخەران و ئامادەبووان جەختیان لەسەر پێویستی بەهێزکردنی هاوکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی و بەردەوامبوون لە چالاکییە پەروەردەیی و میدیاییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کردەوە.
ئەندامانی یەکیەتیی ژنان (کومیتەی ئاڵمان) بەشداریکردنی خۆی لەم جۆرە بەرنامانەدا بە بەشێک لە پابەندبوونی بەردەوامی خۆی بۆ پشتیوانیکردن لە مافەکانی ژنان و بەهێزکردنی ژنان دەزانێت و بەردەوامیش دەبێت لە چالاکی و پشتیوانیکردن لەم ئاراستەیەدا.










