ڕۆژی سێشەممە، ١ی بانەمەڕ، ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شاری هەولێری پایتەخت، لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا هێرشە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کەمپە مەدەنییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکۆنە کرد.
ئەم گردبوونەوەیە کە بە هەوڵ و پلانی «لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان» ڕێکخرابوو، بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی کوردستان و خوێندنەوەی سروودی نیشتمانیی «ئەی ڕەقیب» دەستی پێ کرد.
بەشداربووان لە میانەی ئەم چالاکییەدا، بەرزکردنەوەی وێنەی شەهیدانی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران و گوتنی دروشمی دژی دەسەڵاتی تاران، ناڕەزایەتیی خۆیان بەو پەلامارانە دەربڕی.
لە بەیاننامەی فەرمیی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستاندا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ کرا، چیتر بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێم و ئاوارە مەدەنییەکان دابنێن.
بەپێی زانیارییەکان، لەم گردبوونەوەیەدا ژمارەیەک لە ڕێکخراوە دیموکراتیک و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانەش نوێنەرانی «یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران» و هەموو ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان کرد و هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتی سەربازگەریی ئێران دەربڕی.
ماوەیەکە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی دەبنەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو هێرشانە جگە لە زیانی گیانی و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و ئاوارەی دانیشتووی کەمپەکان، بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا، بەبێ ئەوەی هەڵوێستێکی یەکلاییکەرەوە لەلایەن ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە بگیرێتە بەر




