ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی، ١٩-١١-٢٠٢٥ شلێر حەسەنپوور بەرپرسی کۆمیتەی گشتی سوئێد بە نوێنەرایەتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە سوئێد بەشداری لە کۆبوونەوەی ناوەندی یەکسانی”Jämställdsmyndigheten” لە سوئێد کرد.
مەبەست لەو کۆبوونەوەیە درووست کردنی بەستەرێک یا پلاتفۆرمێکی هاوبەش لەنێوان ئەو ڕێکخراوە و سازمانانەدا بوو کە یارمەتی مادیان بۆ پرسی بەرابەری جنسیەتی لە “ناوەندی یەکسانی” وەرگرتبوو، تا لە نێزیکەوە باس لە شێوازی کار کردنیان بۆ ئەو پرسە بکەن.
لەو کۆبوونەوەکە دا، دەرفەت درا بە ڕێکخراوەکان تا بەکورتی باس لە کار و چالاکی خۆیان و ئەو خاڵانە بکەن کە بۆ بەرەوپێش چوونی پرسی یەکسانی لە کۆمەڵگە دا کاری بۆ دەکەن.
پێویست بە ئاماژەیە کە نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکرات چالاکانە بەشداری لە باسەکان دا کرد بەتایبەتی لە بەشی ڤورکشۆپ و گرووپ هەوڵی دا تا نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی سوئێدی زیاتر بە کار و چالاکی یەکیەتیی ژنان ئاشنا بکا و هاوکات لە ڕێگای گوڕێنەوە بیرو ڕا و سەرنجی ئەوان بۆ شێوەی تێکۆشانیان لە بواری یەکسانی و کاری بەردەوامی ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە سوئێد بۆ ئەو پرسە ڕابکێشێ.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی سوئێد
١٩-١١-٢٠٢٥















