بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بەشداری لە کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی ڕێکخراوەکانی ژنان لە سوێد*

١٨٩
بەشداری لە کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی ڕێکخراوەکانی ژنان لە سوێد*
سوئێد‹بەشداری لە کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی ڕێکخراوەکانی ژنان لە سوێد*

لە ڕێکەوتەکانی ٢٤ و ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، خاتووان «شلێر حەسەنپوور» و «نازدار کرمانجی»، وەک نوێنەرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی «ڕێکخراوەکانی ژنانی سوێد» (Sveriges Kvinnoorganisationer) کرد، کە تێیدا نوێنەری ٥٩ ڕێکخراوەی ژنان ئامادە بوون.

کۆبوونەوەکە بەیانیی ڕۆژی شەممە، ٢٤ی ئۆکتۆبەر، بە وتەیەکی کورتی «هانا کارلسۆن کۆتا»، بەرپرسی ڕێکخراوەکانی ژنانی سوێد، دەستی پێ کرد. ڕۆژی یەکەم، سەرنجی سەرەکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی سوێد، مافی ژنان و پرسە گرنگەکانی کۆمەڵگەی سوێد بوو.

لە بەشی یەکەمدا، «سوسان شۆبێری»، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەکە، وێڕای بەخێرهێنانی بەشداربووان، باسێکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی سوێد پێشکەش کرد. ناوبراو بەراوردێکی لەنێوان شێوازی هەڵبژاردنەکانی پێشوو و ڕێژەی نوێنەرانی ژن لە حیزبەکانی سوێددا کرد و ڕای گەیاند: «بەپێی لێکۆڵینەوەکان، دۆخی یەکسانی لە سوێد هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە.» هەروەها باسی لە هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ پرسە نێونەتەوەیییەکان لە کۆبوونەوەکانی یەکێتیی ئەوروپا (EU) و نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) کرد، کە چەندین سەرنجی تایبەت بە مافەکانی ژنان، یەکسانی و دێموکراسی لەخۆ دەگرت. دواتر گفتوگۆیەکی گەرم و پڕنێوەڕۆک لەنێوان بەشداربوواندا ئەنجام درا.

لە بەشێکی دیکەدا، «ئێما لارسۆن» و «ئێبا نیکۆلیچ کاجارۆپ»، ڕاپۆرتێکیان لەسەر کار و چالاکییەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ پێشکەش کرد. پاشان خاتوو «کایسا ئێکیس ئێکمەن»، ڕۆژنامەوان و نووسەر، باسێکی سەرنجڕاکێشی لەسەر «بازرگانیی سوروگاسی» (بەکرێگرتنی ڕەحمی ژنان بەهۆی هەژارییەوە) پێشکەش کرد. ئەم باسە بووە هۆی گفتوگۆیەکی گشتی لەسەر پرسە سیاسییەکانی وەک بەرابەریی ڕەگەزی؛ لەوێدا ئەم پرسیارانە ورووژێنران: دەستکەوتەکانی ژنان تا ئەمڕۆ چین؟ بەربەستەکانی بەردەمیان لە ئێستا و داهاتوودا کامانەن؟ و چۆن بتوانین بۆ وەدیهێنانی داهاتوویەکی ڕووناکتر بۆ ژنان هەوڵ بدەین؟

ڕۆژی دووەم، ٢٥ی ئۆکتۆبەر، تەرخان کرابوو بۆ بزووتنەوەی ژنان، دەرفەتەکان، هەوڵدان بۆ بەشداریکردنی زیاتری ژنان لە سیاسەت و کاریگەریی ئەو بەشدارییە لە بەهێزکردنی پرسی یەکسانیدا. لەم بەشەدا، خاتوو «سوفیا ئاملۆە» (نوێنەری سۆسیال دێموکراتەکان) و خاتوو «ئامی کرونبلاد» (بەرپرسی ژنانی حیزبی لیبڕاڵ) وتاریان پێشکەش کرد. هاوکات کاتێکی تایبەت دیاری کرابوو تا ئەو ڕێکخراوانەی لە نێو «تۆڕی یەکگرتوویی» (integrationsnätverk) دان، لە نزیکەوە ڕا و بۆچوونی خۆیان لەگەڵ ئەو دوو پەرلەمانتارە باس بکەن، کە یەکیەتیی ژنانی دێموکرات یەکێک بوو لەو ڕێکخراوانە.

کۆتاییی کارەکانی ئەو ڕۆژە بە شێوەی وۆرکشۆپ بەڕێوەچوو، کە تێیدا لەگەڵ بەرپرسی ڕێکخراوەکانی دیکە ئاشنا بووین و هەرکام باسی شێوازی کار و تێکۆشانی خۆمان کرد. لە کۆتاییدا، هەر ڕێکخراوەیەک پێشنیار و ڕای خۆی لەسەر چوار پرسی جیاواز بۆ کاری داهاتووی ژنان نووسی و پێشکەشی بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکانی ژنانی سوێد کرد.

دەستکەوت و تێبینییەکان:
ئەم دوو ڕۆژە دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئێمە تا ڕوانگەکانمان سەبارەت بە بزووتنەوەی ژنان و پرسی یەکسانی و بەرابەری قووڵتر بکەینەوە. ئێمە بە زانیاریی زیاترەوە هەنگاو دەنێین. خەباتی ئێمە بۆ پرسی یەکسانی لە سوێد، ئاستی نێونەتەوەیی و بەتایبەتی لە کوردستان، ڕێگەیەکی دوور و درێژ و پڕ لە کەند و لەندە؛ دەبێ بە هەموو توانامانەوە بەرگری لە مافەکانی خۆمان بکەین، دەنگمان یەک بخەین و بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان تێبکۆشین.

زۆر گرنگە ئێمەی ژنان پشتیوانی لە یەکتر بکەین، ئەزموونەکانمان ئاڵوگۆڕ بکەین و کەشێکی ئازاد بخوڵقێنین تا نەوەی نوێ لەگەڵ خۆمان هاوئاهەنگ بکەین. یەکدەنگ بین تا کاریگەریی زیاترمان هەبێت؛ پێکەوە دەتوانین گۆڕانکاری دروست بکەین.

ئێمە بە ڕوانگەیەکی نوێتر گەڕاینەوە و پەیمانمان بە خۆمان دا شێلگیرتر لە جاران بۆ داهاتووی ژنان، مافی یەکسانی و سەرخستنی ئامانجەکانی بزووتنەوەی ژنانی دێموکرات تێبکۆشین.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران – کۆمیتەی سوێد
٢٥-١٠-٢٠٢٦