ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١١ی پووشپەڕ ، لە شاری ئێسن سیمینارێکی سیاسی لەلایەن فراکسیۆنی پارتی سەوزەکان (Bündnis 90/Die Grünen) سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران و سووریا بەڕێوەچوو.
میوانەکان بریتی بوون لە بێریڤان ئایماز، مەریەم کلارن، و گۆنول ئێگلێنس. هەروەها سەحەر خاڵی ئاقایی و زەهرا یوسفی نوێنەرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ، و هەروەها نەرمین عوسمانی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI) بەشداری سیمینارەکەیان کرد.
لە سیمینارەکەدا، دۆخی ئێستای گەلی کورد لە هەموو چوار پارچەی کوردستان ــ ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا، باشوور و باکوور ــ بە شێوەیەکی ورد خراوەتە بەر باس. بەشداربووان جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، زیادبوونی حوکمەکانی سێدارە لە ئێران، و هێرشه دڕۆنییە بەردەوامەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی پێشمەرگە لە باشووری کوردستان کردەوە.
هەروەها، باس لە پێکدانانی دوێنێ کرا کە لە ئەنجامیدا شەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیانیان لەدەست دا.
تەوەرێکی گرنگی دیکەی گفتوگۆکان بریتی بوو لە دۆخی سەخت و نادادپەروەرانەی کوردان لە وڵاتانی جیاوازی ناوچەکە و ئەو جیاکاری و سنووردارکردنانەی بەردەوام بەرامبەریان دەکرێت.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، خانم سەحەر خاڵی ئاقایی پرسیاری ئەوەی ئاراستەی میوانان کرد کە چۆن چالاکوانانی کورد دەتوانن پەیوەندی و هاوکاریی خۆیان لەگەڵ سیاسەتمەدارانی ئەڵمان و هەروەها پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا (بوندستاگ) بەهێزتر بکەن، بۆ ئەوەی چاڵاکی و هەوڵەکانیان کاریگەریی سیاسیی زیاتری هەبێت.
لە وەڵامدا، بێریڤان ئایماز جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم جۆرە سیمینار و کۆبوونەوانە ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی پەیوەندی، گۆڕینەوەی ئەزموون و بۆچوون، و بنیاتنانی هاوکارییەکی بەهێزتر لە داهاتوودا دەبینن.
ئەم سیمینارە بوارێکی گرنگ بۆ گفتوگۆی سیاسی و گۆڕینەوەی بۆچوون سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران و کوردستان دابین کرد و هەروەها گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری نێوان دیاسپۆرای کورد و دامەزراوە سیاسییەکانی ئەڵمانی خستەڕوو.



