ژنە توێژەر و نوخبەیەکی خەڵکی شاری مەهاباد بە بەشداری کردن لە کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی لە چین سەرنجی بازنەکانی ئەکادیمی و میدیایی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، دکتۆر شەبنەم دادپەروار، توێژەر لە بواری مێژوو و توێژینەوەی نێوان کولتوورەکان و یەکێک لە زانا و نوخبە زانستییەکانی کورد، وەک یەکێک لە بەشداربووانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە چین، دەستکەوتە زانستی و توێژینەوەکانی خۆی لەو کۆنفرانسەدا کە پرۆفیسۆر و زانایانی وڵاتانی جیاواز تێیدا ئامادە بوون پێشکەش کرد.
لەم کۆنفرانسە زانستییەدا، دوکتور دادپەروار پەردەی لەسەر دوو بەرهەمی توێژینەوەی خۆی بەناونیشانی “لە کاشغرەوە بۆ دیاربەکر” و “مێژوو و کۆمەڵگا لە سەردەمی تانگدا” لادا. ئەم بەرهەمانە پەیوەندییە مێژوویی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ڕۆڵی ڕێگاکانی پەیوەندی وەک ڕێگای ئاوریشم لە داڕشتنی کارلێکە شارستانییەکاندا دەکۆڵنەوە.
یەکێک لە خاڵە دیارەکانی ئەم ئامادەبوونە نمایشکردنی شوناس و کولتووری کورد بوو لە بۆنەیەکی نێودەوڵەتیدا. ئەم لێکۆڵەرە مەهابادییە بە بەشداریکردن لە کۆنفڕانسەکەدا بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییەوە، دەرکەوتێکی کولتوور و ناسنامەی گەلی کوردی لە ژینگەی زانستی جیهانیدا پیشان دا، کە لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازی لێکرا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگدانەوەی هەبوو.
شارەزایان پێیان وایە بوونی زانا و نوخبەی زانستی کورد لە بۆنە نێودەوڵەتییەکاندا، جگە لە بەرزکردنەوەی پێگەی زانستی تاک، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ناساندنی توانا کولتووری و مێژوویی و توێژینەوەکانی کۆمەڵگەی کورد و فراوانکردنی دیالۆگی زانستی و کولتووری نێوان گەلان.
ئەم ڕووداوە جارێکی تر نیشانی دا کە زانای کورد دەتوانن لەسەر ئاستی جیهانی ڕۆڵ بگێڕن و بەشدارییەکی کاریگەر لە بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی زانستی نێودەوڵەتیدا بکەن.




