بەشداری کردنی ھەیئەتێکی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕێوڕەسمی ٨ی مارس بە میوانداریەتی یەکیەتیی ئافرەتانی دێموکراتی کوردستان
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی مارسی ٢٠٢٤ی ھەتاوی، ھەیئەتێکی ١٠ کەسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری لە ڕێوڕەسمێکدا کرد کە بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیھانیی ژن لە لایەن یەکیەتیی ئافرەتانی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی شیلەندی دانمارک پێک ھاتبوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نێونەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز لێنان لە گیانی پاکی شەھیدان دەستی پێ کرد.
لە یەکەم بڕگەی ڕێوڕەسمەکەدا باسێک لە سەر مێژووی ٨ی مارس لە لایەن یکیەتیی ئافرەتانی دێموکراتی کوردستانەوە پێشکێش بە ئامادەبووان کرد.
پاشان نوێنەری ژنانی ڕۆژئاوا باسێکی لەسەر ڕەوتی ژنان لەم پارچەی کوردستان کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەدا کە بۆ نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەرخان کرابوو، وێڕای پیرۆزبایی کردنی ئەو ڕۆژە لە ڕێکخەرانی ئەو ڕێوڕەسمە و سەرجەم ژنانی بەشداربوو، ئاوڕ لە بارودۆخی ژنان لە رۆژھەڵاتی کوردستان درایەوە و بە کورتی باس لە دەور و ڕۆڵی ژنان لە خەباتی کوردستان و چۆنیەتی سەرھەڵدانی شۆڕشی ژینا لە ژێر دروشمی ژن ژیان ئازادی دا کرا.
بڕگەکانی دیکە بۆ خۆشی دەربڕین و شایی و گۆڤەندی ئامادەبووان تەرخان کرابوو، کە ھاوکات لەگەڵ پێشکەش کرانی ئێوارەخوانێک بەشداربووان بە تێپەڕ کردنی چەند کاتژمێرێک لەگەڵ یەکتر چێژیان لەو جێژن و شاییە وەرگرت و لە کەشێکی زۆر شاد و دۆستانەدا کۆتاییان بە ڕێوڕەسمەکە ھێنا.