
لە یادی ٨ی مارس ڕۆژی نێونەتەوەیی ژن لە دوو جێی جیاواز دا. ڕۆژی یەکشممە ڕێکەوتی 08.03.2026 یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری کرد لە یادی ٨ی مارس لە ئۆسلۆ پێتەختی وڵاتی نۆروێژ و هەروەها لە شارۆچکەی لیلیەستروێم.
بەرنامەی یەکەم: کاتژمێر چواری دوا نیوەڕۆ لە ئۆسلۆ خەڵکێکی بەرچاو کە پێهاتبوو لە ژن و پیاو، ئامادە بوون لە مەیدانی کرێکار . شایانی باسە چەن وتار و گۆرانی تایبەت بە ڕۆژەکە پێشکەش کرا. یەکیەتیی ژنانی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، بە بەرزکردنەوەی دروشمی ژن ژیان ئازادی- پشتیوانی لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، بەشداری کرد.
بۆنەکە بە ڕێپێوان لە نێو شەقامی کارلووهانی شاری ئۆسلۆ بە وتنەوەی دروشم کۆتایی پێهات.
بەرنامەی دووهەم کە لە لایەن شارەوانی لیلیەسترۆێمەوە پێکهاتبوو بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی ژنان لە نەتەوە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە لە کاتژمێر شەشی ئێوارە دەستی پێکرد. دوای بەخێرهێنانی بەشداران. لەلایەن سێ ژن کە لە لایەن کۆمیتەی ئامادەکاری مارسەوە دەستنیشان کرابوون، بەسەرهات و بیرەوەری ژیانی خۆیان گێڕایەوە. شایانی باسە خاتوو هەمین ڕۆستەمی کە ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانە، باسێکی لە سەر ژیانی خۆی هەر لە کوردستانەوە تا نۆروێژ پێشکەش بە بەشداربووانی یادەکە کرد و باسی لەوە کرد کە چۆن توانییویەتی لەم وڵاتە خۆی پێ بگەیەنێ. خاتوو سەفیە کە ژنێکی سومالییە باسێکی لە ئازارەکانی خۆی کرد کە هاتبوونە سەر ڕێگایی و چۆن بەرەنگاریان بووەتەوە. هەروەها خاتوو فەریدە شکوور کە ژنێکی ئەفریقاییبوو باسێکی لە سەر ژیانی خۆی پێشکەش کرد و وتی، ئەگەر مرۆڤ بیهەوێت، مەحاڵ نییە بە ویستەکانی بگات. دوای نزیکەی ٣ کاتژمێر، بەرنامەکە کۆتایی پێهات.
یەکیەتیی ژنانی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کە نۆروێژ
09.03.2026




