ئێوارەی ڕۆژی شەممە یەکیەتیی ژنانی دێموکرات بە هاوکاری کۆمیتەی حیزب لە شاری ڤێسترۆس، بە بۆنەی هاتنی ساڵی تازەی کوردی و نەورۆز و هەروەها جەژنی ڕەمەزان شەوێکی کوردیان بۆ ئەندامان و بنەماڵەکانیان پێکهێنا.
سەرەتا “خاتوو سوهەیلا مەهدیزادە” بەرپرسی یەکیەتیی ژنان لە شاری ڤێسترۆس وێڕای بەخێرهێنانی ئەندامان، پیرۆزبایی چێژنی ڕەمەزان و نەورۆزیان لە ئامادەبوان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ گەلی کورد بەگشتی و ئارامی و وەدیهاتنی ئازادی و ڕزگاری بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەئاوات خواست.
خاتوو سوهەیلا لە قسەکانی دا ئاماژەی بەوە کرد و گوتی: نەورۆزی ئەو ساڵ جیاوازی لەگەڵ نەورۆزی ساڵانی پێشوو ئەوەیە کە بە هۆی نائارامی و قەتعی هێڵی ئینترنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەی ئێمە بەشداران خەبەرمان لە ئازیزانمان نییە، هەر بۆیە وەک کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە ڤێسترۆس بە پێویستمان زانی لەگەڵ ئەندامان بەیەکەوە بە سروودی نیشتمانی و چالاکی لە دەوری یەک نەورۆزی ئەوساڵ پیرۆز بکەین.
شایانی باسە کە بنەماڵەکان هەر کام ئێوارە خوانی خۆیان ئامادە کردبوو و هەمووان لە دەوری یەکتر بە خۆشی نانی ئێوارەیان بەسەریەکەوە خوارد.
لە بەشی کۆتایی دا چەندین چالاکی کێبڕکێی کە بەڕێزان “خاتوو سوهەیلا مەهدیزادە” و “خاتوو ئارەزوو حیسامی” ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ڤێسترۆس بەرنامەڕێژیان بۆ کردبوو لە نێوان ئەندامان بەڕێوەچوو.
بەرنامەکە بریتی بوو لە وێنەکێشان بۆ منداڵان، پرسیار لەسەر کار کردنی نێوان ژن و پیاو، هەروەها گێڕانەوەی بیرەوەری و خوێندنەوەی هۆنراوە لە لایەن بەشداربووان.
کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ڤێسترۆس
بە هاوکاری کۆمیتەی حیزبی دێموکرات کۆمیتەی ڤێسترۆس
٢١-٠٣-٢٠٢٦




