نەتەوەی بەلوچ لە ژێر سێبەری چەوساندنەوەی حکوومەتی تاراندا وەک باقی نەتەوە غەیرە فارسەکان بە ئەنقەست لە پەڕاوێز و دوور لە گەشە ڕاگیراون.
ئەو نەتەوانەی فارس و سەر بە ئایینی شیعە نین وەک ئەوەی تووشی گوناهێکی گەورە بوون لە ئێراندا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ، بۆیە بەداخەوە چ وەک مرۆڤ چ وەک نەتەوە و دەستەیەک کاتێک لە سەختیدا ڕاگیرا و ڕێگەی گەشە و خۆشبژێوی پێ نەدرا و نەیانهێشت بەشداری ڕاستەقینە و چالاکانە لە کاروباری ژیانی کەسیی و کۆمەڵ بکات بڕوای بە خۆی نامێنێت و پێیوایە بێ توانایە، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە مرۆڤ لە هەژاری و برسێتیدا بمێنێ، ئیتر هەموو دڵەڕاوکێی ژیانی دەبێتە دابینکردنی نان و ڕزگاری لە برسێتی کە ئەمەش زۆر سرووشتییە و حاشای لێناکرێ.
لە ئاوا کۆمەڵگایەکدا هەمووان زیان دەبینن و ژیان و کەڕامەت خەوشی تێدەکەوێ لەم نێوانەدا ژنان زیاتر دەشکێنەوە و دووکەڵە خەستەکە زیاتر چاوی ئەوان دەگرێت .
ژنانی نەتەوە بندەستەکان وەها کارەساتگەلێکیان دیتووە و ئیستاکەش دەیبینن کە نابێ بە ئاسانی لەسەریانەوە تێپەڕ بین، ئارامی ژیان وا دەخوازێ بە هەر شێوازێک دەکرێ لە هەر کوێیەک مەجال بوو لێبڕاوانە دیفاع لە کەرامەت و گەشەی ژنان بکرێ، ئەمە تەنیا ئەرکی ژنان نییە چوونکە ژن و پیاو پێکەوە دەتوانن تابڵۆی ژیان ڕەنگین بکەن و بەختەوەری کۆمەڵگا بەستراوەتەوە بە حزوری زیندووی ژنانەوە لەو کۆمەڵگایەدا چوونکە بۆشایی حزووری ژنان قەت بە پیاوان پڕناکرێتەوە، هەر وەک چۆن پێچەوانەکەشی ڕاستە و ئەم دوانە پێکەوە دەتوانن مانا بە پرسەکان بدەن هەتا چێژی ژیان لە نێوانیاندا وەک یەک دابەش بێت.
پشتیوانی یاسایی لە مرۆڤ و مافەکانی بەشێکی زۆری کێشەی ژیان چارەسەر ئەکات یانی لە سیستمێکدا کە یاسا پشتیوانی وەک یەک لە پیاو و ژن ئەکات و ئەو پشتیوانییەش بە کردەوە جێبەجێ ئەبێت ئیتر کەس ناتوانێ بەرچاوتەنگانە پێی لە بەڕەی خۆی زیاتر ڕاکێشێت ڕێژەی تووندوتیژی بەرانبەر بە ژنان زۆر دێتە خوارەوە چوونکە دەزانن یاسایەکی تووند و جیددی بۆ دیفاع لە ژنان هەیە، بەلام لە سیستەمی دەسەڵاتداری ڕێژیمی ئێراندا ژن ئەبێ بە تەواوی لە خزمەت پیاو و ملکەجی ئامۆژگارییە شەرعییەکان بێت و تاکۆتایی تەمەنی ئەبێ وەک منداڵێک چۆن بێ ئیزنی گەورەتری ناتوانێ هیچ بکات ئەویش وا بێت ئەوەش گرژی نێوان ئەو دوو ڕەگەزە زیاد ئەکات و هەرکامەیان هەوڵ بۆ سەرکەوتنی خواستی خۆیان ئەدەن کە زۆرجار ئەنجامی خراپی ئەبێت .
دەستدرێژی یەکێک لەو کارە قیزەونانەیە کە نیشانەی سەرەڕۆیی و دڕندەیی کەسێکە کە لەبەر حەزی پیسی خۆی گوێ ناداتە ئازاردانی کەسی بەرانبەر و بە ئەنجامدانی کارێکی دوور لە ئەخلاق دڵی کەسی بەرانبەری دەشکێنێت .
چەند مانگ پێش هاوکات لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان ئەویش دیسان لەبەر زوڵم و ناعەداڵەتی بەرانبەر بە کچە کوردێک بە بیانووی ئەوەی جلوبەرگی بە دڵی دەسەڵاتدارانی ئێران نەبووە لەشاری تاران گیانی لێ ئەستێندرا لە “چابەهار” فەرماندەیەکی [ نیروی انتظامی] بەناوی “ئیبراهیم کوچەکزایی” دەستدرێژی جینسی ئەکاتە سەر کچێکی ١٥ ساڵانی بەلووچ و ڕێژیم ئەیەوێ بێدەنگی لێ بکات و وەک پێویست و بە پێی عادەتی خۆی مافی مافدار بخوات، بەڵام خەڵکی چەساوە و بێبەشی بەلووچ لە مزگەوت ئازایانە بەدەنگ هاتن و داوایان کرد ئەو فەرماندەیەی ڕێژیم سزا بدرێت، بەڵام ڕێژیم بە تووندترین شێوە خەڵکی دایە بەر دەستڕێژ و ژمارەیەکی زۆری لە خەڵک شەهید کرد و بەلێشاو خەڵکی بەرەو زیندانەکانی پەلکیش کرد کە هەر لەوێشدا دیسان دەستدرێژی و بێڕێزی و شکەنجە دران و لەوەش قەباحەتتر ئەوە بوو کە بە کچە دەستبەسەر کراوەکانیان وتووە کە ئەبێ بڵێن لە مزگەوتی مەکی دەستدرێژیمان کراوەتە سەر لە لایەن پێشنوێژی ئەو مزگەوتە و کەسایەتییە خۆشناوە ئایینییەکانی بەلووچەوە، هەموومان دەزانین کە مزگەوتی “مەکی” و کەساتییە ئایینییەکانی ئەو مزگەوتە خۆشەویست و جێگای متمانەی خەڵکن و مزگەوتیان کردۆتە مینبەرێک بۆ ڕاپەڕینی ئازایانەی میللەتی بەلووچ بۆ بەگژداچوونەوەی زوڵمی دەسەڵاتدارێتی تاران و ڕێژیم تۆقاوە لە ڕۆژانی هەینی و نوێژی هەینی.
بۆ بێدەنگکردنی دەنگی بەرزی میللەتی بەلووچ خامنەیی داوای لە دارودەستەی کردبوو کە مەولەوی عەبدولحەمید سووک و بێ ئابڕوو بکەن بەڵام نەک هەر پێیان سووک نەکرا بگرە لەکاتی شۆڕشی ژینادا ناوبراوە وەک مەرجەعێکی ڕێبەر و خەمخۆر لەگەڵ نەتەوەکەی دەرکەوت کە ئەمەش ڕسوایی بۆ خودی ڕێژیمی پێوە بوو.
لەسەر ئەساسی یاسای سزای ئیسلامی ئەو ڕێژیمە ماددەی ٢٢٤ و ٢٣٤هەرکەسێک دەستدرێژی بکاتەسەر ژن یان پیاوێک و ئەو کردەوەیە بسەلمێندرێت تاوانبار ئەبێ لە سێدارە بدرێت، بەڵام دەبینین ئەو یاسایە بۆخۆیان ڕەچاو ناکرێت و چوونکە داردەستێکی خۆیان بکەری ئەو تاوانە بووە و ئەویش لە ژێر گوشاری خەڵکدا ١٥ مانگ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە بە بارمتە ئازاد کراوە.
دەستدرێژی جینسی لایەنە دەروونییەکەی و لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکەی زۆر ئازاربەخشە ئەویش لە کۆمەڵگای ئێراندا و کچێکی کەم تەمەن کە دوای ئەوەی بێڕەحمانە هەست و کەسایەتیی زەخمار ئەکەن و نە خزم و بنەماڵە و نە ژینگەی کە تیادەژی ناتوانن قورسایی ئەو ئازارەی وەک پێویست لەکۆڵی بکەنەوە و یارمەتی ئاسایی بوونەوە ژیانی بدەن بەڕاستی دەتوانێ بۆ هەمیشە ژیان ئەو کچە قوربانییە بخاتە ژێر سێبەری تاریکی خۆی . لە وڵاتێکی دموکراتیکدا کە مرۆڤ بایەخی هەیە کاتێک کەسێک لە خێزاندا گیانی لەدەست ئەدات زۆرجار دەسەڵات ئەرکدارە لە ڕێگەی دەرونناسەوە هەواڵەکە بدات پێیان و لەگەڵیدا ئارامیان بکاتەوە و یارمەتی درووستی بدات بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوە قبووڵ بکات و پاشانیش لەگەڵ ئەو ئازارە ڕابێت و زوو بگەڕێتەوە ژیانی ئاسایی، کۆمەڵگا و دەورە و بەریش هاوکاری کەسە خەمبارەکە دەبن بەڵام لە کۆمەڵگای گەشە نەسەندوودا کە حاكمانێکی لەچەشنی ئاخوندی تێدا حاکمن خۆیان سەرچاوەی تاوان و مەینەتی بۆ کۆمەڵگا و خەڵکن جائیتر لە نێوان ئەو خەڵکیشەدا ئەگەر ژنێک لێی بقەومێ یان مەسەلەی پێوەندیدار بە ئابڕوو و جنسییەتەوە لێی ڕووبدات تەنانەت ئەگەر قوربانیش بێ ژیان و داهاتووی ئاوێتەی مەینەت و مۆتەکە ئەبێت، زۆرجار بینراوە و کە کچە ناچار دەبێ مێرد بە کەسێک بکات کە هیچ خۆشەویستییەکی بۆی نییە تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو عەیبە و پەڵە پیسە بەخۆیەوە دابشۆرێ دەبێ ژیانێکی کۆیلایەتی و پڕ لە شکاندنەوە قبووڵ بکات ، کاتی وا بووە کچە بە کەسێکی نوقستان یان ناتەواوی زەینی دراوە، وەک ئەوەی ئەو کچە ئیتر هیچ کەڵک و بایەخێکی نییە و ناچارە هەموو شت قبووڵ بکات، ئەوەیش وایکردووە کچەکە هیچ بڕوای بەخۆی نەمێنێت و تەنیا لەبەر شیرینی گیان و بۆ ئەوەی گیانی لێ نەستێنن شان بداتە بەر ژیانێکی کولەمەرگی و وەک ئەوەی ژیانێک بە کۆمەڵگا و خزمان قەرزدار بێت لەژێر منەتیاندا بە داماوترین شێوە بژی.
مەبەست لە باسی لێکەوتەکانی دەستدرێژی لەسەر کچان ئەوە نییە کە کۆمەڵگامان بە تەواوی ئاوا مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا دەکەن، کەسانێکیش هەن زۆر بە جوانی و وەک مرۆڤی سەردەم بە ڕەفتارێکی درووستەوە دەستی کەسی قوربانی دەگرن بۆ هەستانەوە ولە دوای ئەوەش زیاتر لە کەسی ئاسایی ڕێگەی ژیانی تەندرووست و ڕوولە گەشەی پێ نیشان ئەیەن، بەڵام بەداخەوە ئەوە ڕێژەیەکی کەمە و بۆ دیفاع لە مافی ئەو بەشە زۆرەی کە لە دەستەی یەکەمدا نوقم ئەبن پێویستە هەموو بەرپرسیار نین.