ڕۆژی چوارشەممە 2026/1/28 خۆپیشاندانێک بە بەشداری کوردانی دیاسپۆرا لە نۆروێژ کە لە لایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکان ڕێکخرابوو، لەوانە: یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ، کۆمیتەی گشتی کۆمەڵەی کولتووری کوردی، یەکیەتیی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەوەندی کورد، سەنتەری ڕۆشنبیری، ئەنجومەنی نیشتمانی کورد و ژنانی فیدراسیۆنی دیاسپۆرا لە وڵاتی نۆروێژ بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.
سەرەتای بەرنامەکە بە بەخێرهێنانی بەشداران لە لایەن بەڕێوەبەران، خاتوو لانە یاری و کانی و بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” لە لایەن شێرکۆ مەریوانی و ڕاگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن کاک ڕەزوان قزی، پەیامی ڕێکخراوەکانی ژنان لە لایەن خاتوو ئاشنا ئیسماعیلی و پەیامی ڕێکخراوەکانی لاوان لە لایەن خوشکە لینسا هاکان پێشکەش کران. لە هەموو پەیامەکاندا باس و داوای یەکگرتوویی و یەکڕیزی نەتەوەی کورد و هەروەها داوای پشتگیری لە دەوڵەت و ڕێکخراوەکانی نۆروێژی کرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو خۆپیشاندانەدا خاتوو ئینگرید فیسکۆ نوێنەری حیزبی چەپی سۆسیالیستی نۆروێژ پەیامێکی پێشکەش کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.
دواتر ئێریک سێلە نوێنەری حیزبی پارێزگاریی نۆروێژ پەیامێکی پێشکەش کرد کە لە پەیامەکەیدا باسی دڕندەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دژ بە خەڵکی ئێران بەتایبەت نەتەوەی کورد کە لەم چەند حەوتووی ڕابردوودا بە دەیان هەزار کەس کە بۆ ڕزگاری و ئازادی دەنگیان بەرز کردووەتەوە، شەهید و بە دەیان هەزار کەسی دیکەش بریندار و بێ سەروشوێنن کردووە، ناوبراو پشتیوانی حیزبەکەی بۆ ئازادی کوردستان و بوون بە دەوڵەت، و بۆ نەتەوەی کورد دووپات کردەوە.
چەند سروودێک لە لایەن هونەرمەندان، شێرکۆ مەریوانی و سامان پێشکەش کرا و پارچە شیعرێک لە لایەن خاتوو دەریا خۆشناو خوێندرایەوە.
تابلۆی کەزی هۆنینەوە لەلایەن چەند کچی کورد بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان پێشکەش کرا.




