ڕۆژی پێنج شەممە ١٤.٩.٢٠٢٣ لە لایەن کومیتەکانی دەرەوەی وڵات و نۆروێژی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کتێبخانەی لیللێسترۆم و کۆمۆنی لیللێسترۆم، سمینارێک بە بۆنەی ساڵوەگەڕی شۆڕشی “ژینا” و ژن، ژیان، ئازادی، بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی یەکیەتیی ژنان وکوردانی دانیشتووی وڵاتی نوروێژ، لە شاری لیللێسترۆم بەڕێوە چوو.
سەرەتا بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری ساتێک بێدەنگی ڕاگەیێندرا.
دواتر لە لایەن بەڕێوەبەرانی سمینارەکە ، خاتوو “نینا لانگڤێلد” و کاک “کەریم ئەڵاوەیسی” بە هەر دوو زمانی کوردی و نۆروێژی بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و بە کورتی ئاماژەیان بە مەبەستی سمینارەکە و ڕیزی بەرنامەکان کرد.
لە بڕگەی یەکەمی سمینارەکەدا، بەڕێز “ئیسماعیل ئیسماعیلزادە” چەند کۆپەلە شێعری پێشکەش کرد. دواتر بەڕێز “عەبدوڵا حیجاب” باسێکی لە سەر شۆڕشی ژینا پێشکەش کرد. لە بەشێکی باسەکەی بەڕێزیاندا هاتبووکە: شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە بە لێکەوتەی قووڵی سیاسییەوە، ئەو شۆڕشە نە تەنیا ڕێژیمی دیکتاتۆر، بەڵکوو زێهنیەتی دیکتاتۆرخوڵقێنیش بە ئامانج دەگرێ و لە ئێستاوە کاریگەرییەکانی لە سەر کۆمەڵگه دیارە. نەسڵی ئێستا بایەخ و نرخە ئیدئۆلۆژیک و سیاسییەکانی ئەو ڕێژیمە ڕەت دەکەنەوە و خۆیان بۆ دامەزراندنی سیستێمێکی لایک، دێمۆکراتیک ئامادە دەکەن، و سەرچاوەی هێز و ئیلهامی ئەو شۆڕشە بزووتنەوەی کوردستان و ژنانی کوردستانن کە ڕابردوویەکی دەیان ساڵەیان لە خەبات بۆ دێمۆکراسی، یەکسانی و ئازادیدا هەیە.
برگەی یەکەمی سمینارەکە بە پێشکەش کردنی چەند سروود و گۆرانی شۆڕشگێڕی لە لایەن گرووپی “دیوانەوە “کۆتایی پێهات.
لە بڕگەی دووهەمی سمینارەکەدا شانۆیەک بە پێشاندانی دیمەنی شەهید کردنی ژینا کە لە لایەن ئەندامانی یەکیەتیی لاوان و یەکیەتیی ژنانەوە ئامادکرا بوو پێشکەش کرا.
پاشان نوێنەری رێکخراوی هەنگاو خاتوو “شلێر باپیری “باسێکی لە ژێر ناوی، دۆخی مافی مڕڤ لە ئێران و بەتایبەت کوردستان پێشکەش کرد. بەڕێزیان باسی لە مافی مرؤڤ لە ئێران کرد و بەتایبەت جەختی لە سەر بارودۆخی کەمینە نەتەوەکان و بەتایبەت کورد کرد، ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کرد، لەوانە لەسێدارەدان، دەستگیرکردن و سەرکوتکردنی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بە پشت بەستن بە ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دا کە بەشێکی زۆری ئاماری دەستگیرکراوان، لەسێدارەدانەکان کوردەکانن.
لەوانە ١٤٤٧کەس لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣ دەستبەسەر کراون کە ٧٧١ کەسیان کورد بوون کە دەکاتە ٥٣.٢٪ی کۆی حاڵەتەکان.
لە هەموو ئێراندا ٥٠٣ کەس لەسێدارە دراون کە ١٩.٧٪ی کۆی حاڵەتەکان کورد بوونه.
٢٥ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ١٠٧ کەس بریندار بوون.٨ کەسیان منداڵ بوون کە یەکیان کوژراوە و ٧ دیکەیان بریندار بوون هەروەها ئاماژەی بەفاکتەرەکانی وەک نەبوونی دیموکراسی، باری ئابووری، بێکاری گەنجان، ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین، ئازادی ئینتەرنێت و پرسی ژنان هۆکاری گرنگی پشتی شۆڕش بوون.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەی باپیری دا هاتبوو: بە پشت بەستن بە ئامارەکان باس لەوە کرا کە کورد لە ئێران قوربانی سەرەکی توندوتیژییەکانی کۆماری ئیسلامییە.
کە فاكتهرهكانی سۆسیۆپۆلیتیك و سۆسیۆئێكۆنۆمی له ههر شۆڕش و گۆڕانكارییهكدا پێویستییهكی سهرهكین. به واتایهكی تر ئهگهر كورد و خهڵك له ئێران ههستیان به چهوساندنهوهی ئابووری، سیاسی، كۆمهڵایهتی و تهنانهت ئایینی نهكردبا، ئهستهم بوو كوشتنی كچهكوردێك له تاران شۆڕشێكی گشتگیر بهرپا بكا و ئێران بههژێنێ، دواتر بگاته ئوروپا و ئاستی نێودهوڵهتی و تهنانهت بگاته ئهمریكا.
هەر لە بڕگەی دووهەمدا سەرۆکی مافی مڕۆڤی نۆروێژ بەرێز “مەحمود ئەمیری موقەدەم” باسێکی لە پێوەندی لەگەڵ سەر هەڵدانی شۆڕشی ژینادا پێشکەش کرد. بەڕێزیان وتی: ڕاستە شەهید کردنی کچە کوردێک بوو بە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشێک کە ناوی شۆڕشی ژینایە، بەڵام رق و تووڕەیی خەڵکی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی هەتا بەلوچستان زۆر لەوە زیاتر بوو، بە دەیان و هەزارن جینایەت لە ئێراندا کراون. هەروەها جەختی لە سەر یەکگرتوویی لایەنە دژبەرەکانی ئێران کردەوە و وتی شەهید کردنی کچێکی کورد و دەسدرێژی کردنە سەر کچێکی بەلوچ بووەتە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشک کە پێویستە هەمووان بە پێی توانا لە پشت ئەم شۆڕشە بوەستین و ببینە پشتیوانی خەڵکی چەوساوەی ئێران.
لە بەشی کۆتای سمینارەکەدا خاتوو “مەحبوبە رەحیمی” بەرپسی کومیتەی دەرەوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێرای سپاس و دەست خۆشی لە کتێبخانە و کۆمۆنی لیلەسترۆم و بەشدار بووان، چەند وتەیەکی لە پێوەندی لەسەر چۆنیەتی مەرگی ناوەختی ژینا و مەبەست لە پێکهنیانی سمینارەکە و کاری هاوبەشیی رێکخراوەکان پێشکەش کرد.