یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ بە هاوکاریی یەکیەتیی ژنان لە دەرەوەی وڵات و بە ئامادەبوونی خاتوو لەیلا عەلیار ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات ، ڕۆژی شەممە، ٨/١١/٢٠٢٥، کاتژمێر ١٢ بۆ ٤ی دوانیوەڕۆ سیمینارێکیان بە بۆنەی ڕۆژی نێونەتەوەیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شارۆچکەی ستروێمن Strømmen لە وڵاتی نۆروێژ بۆ بەڕێزان خاتوو چنوور میهرپەروەر و کاک حەسەن حاتەمی پێک هێنا.
خاتوو گەلاوێژ محەممەدی وەک بەڕێوەبەری سیمینارەکە دوای بەخێرهێنانی بەشداران، ڕیزی بەرنامەکەی بە شێوەی خوارەوە ڕاگەیاند:
سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب
خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان
پێشکەش کردنی پەیامێکی کورت لەسەر ئەو ڕۆژە لە لایەن خاتوو ڕەعدە پاڵانی، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی یەکیەتیی ژنان لە نۆروێژ
پاشان نۆرە گەیشتە کۆڕگێڕانی سیمینار. سەرەتا خاتوو چنوور میهرپەروەر باسەکەی خۆی لە ژێر ناوی پێناسەی توندوتیژی و جۆرەکانی پێشکەش کرد. بەڕێزی لەو بارەوە دوای پێناسەی توندوتیژی، پەرژایە سەر توندوتیژی لە شێوەگەلی جەستەیی، دەروونی تا تەسککردنەوەی ئازادی و سەربەستیی ژنان لە نێو خێزان و لە کۆمەڵگادا. لە کۆتایی باسەکەیدا هاتە سەر گرێدانەوەی توندوتیژی و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوە بەو توندوتیژییانە کە لە ئامانجەکانی ٢٥ی نوڤامبەردا هاتوون.
کۆڕگێڕی دووهەم ڕێزدار کاک حەسەن حاتەمی بوو کە باسەکەی لە ژێر ناوی پارێزگاری لە پێناسەی کورد لە دیاسپۆرادا بە شێوەی خوارەوە هێنایە بەرباس: سەرەتا لە سەر واتای دیاسپۆرا دوا و ئەو چەمکەی بە کۆچبەرانی کورد کە ئاوارە و هەتڵەی وڵاتانی دیکە بوونە، وێنا کرد. بەڕێز حاتەمی هۆکاری ئاوارەبوونی کورد و نیشتەجێبوونیان لە دەرەوەی وڵاتی گرێ دا بە ڕوودانی شەڕ، گوشاری سیاسی و ستەمی نەتەوەیی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان داگیر کردووە. کۆڕگێڕ لە درێژەی باسەکەیدا وتی: بۆ ئەوەی کوردی دیاسپۆرا لەو وڵاتانە ناسنامەی خۆی بپارێزێ، پێویستە زمانی دایکی، ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی و ئەو هێما و تایبەتمەندییانەی کە پێوەندییان بە کوردەوە هەیە، لە بیر نەکا و بە چالاکیی جۆراوجۆر وەک خۆپێشاندان، کاری کولتووری، مۆسیقا و گۆرانی و هەڵپەڕکێ خۆی زیندوو ڕابگرێ.
دوای باسی هەر دوو کۆڕگێڕ، نۆرە گەیشتە بەشداران کە بە پرسیار و سەرنجی خۆیان سیمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، نۆروێژ و یەکیەتیی ژنان لە دەرەوەی وڵات
٨/١١/٢٠٢٥





