بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بەڕێوەچوونی سێمینارێک لە ناوچەی لیشتێنبێرگ

٤٥
بەڕێوەچوونی سێمینارێک لە ناوچەی لیشتێنبێرگ
سوئیس‹بەڕێوەچوونی سێمینارێک لە ناوچەی لیشتێنبێرگ

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بە هاوکاریی ڕێکخراوی «نۆیاتاگ» و بە بەشداریی نوێنەرانی چوار حیزبی ئەڵمان، سێمینارێک لە ناوچەی لیشتێنبێرگی بێرلین بەڕێوە چوو.

لەو سێمینارەدا، نوێنەرانی حیزبەکانی SPD، CDU، Bündnis 90/Die Grünen و Die Linke بەشدار بوون. لیستی بەشداربووان بەم شێوەیە بوو:
تیۆدۆرا گیۆنۆڤا-بوش (Teodora Gionova-Busch) — SPD
فیلیز کەکولوئۆغڵو (Filiz Keküllüoğlu) — Bündnis 90/Die Grünen
مارتین شەیفەر (Martin Schaefer) — CDU
کامێلا شوولەر (Camilla Schuler) — Die Linke

هەر یەک لە بەشداربووان، لەبارەی بۆچوون و سیاسەتەکانی حیزبەکەی خۆی سەبارەت بە پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەڵمانیا قسەی کرد و دیدگا و بەرنامەی حیزبەکەی خستە ڕوو.

لە بەشێکی تری سێمینارەکەدا، باس لە هەڵکشانی پشتیوانی بۆ حیزبی (AfD) کرا؛ حیزبێک کە بە حیزبێکی ڕاستگەرا و دژەپەنابەر ناسراوە. نوێنەرانی حیزبە بەشداربووەکان نیگەرانیی خۆیان لە سەرکەوتن و گەشەی ئەم حیزبە دەربڕی و بە پێشهاتێکی دڵەڕاوکێهێنەر بۆ کۆمەڵگەی ئەڵمانیایان دانا.

لە بەشێکی تری بەرنامەکەدا، ئامادەبووان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا بیر و بۆچوون و خواستەکانی خۆیان بە نوێنەرانی حیزبەکان بگەیەنن و پرسیار و نیگەرانییەکانیان لەبارەی دۆخی کۆمەڵایەتیی ئەڵمانیا، بە تایبەتی بارودۆخی پەنابەران، لەگەڵ نوێنەرانی حیزبەکان تاوتوێ بکەن.

لە هەمان چوارچێوەدا، خاتوو فەرزانە ڕەزەوی، ئەندامی یەکێتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران (کۆمیتەی ئەڵمانیا)، بابەتێکی ورد و تێروتەسەلی سەبارەت بە نیگەرانییەکانی پەنابەران و ئەو کێشانەی لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، پێشکەش کرد.

خاتوو ڕەزەوی لە قسەکانیدا جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی ماف و ئاسایشی پەنابەران کردەوە و نیگەرانیی خۆی لەبارەی کاریگەریی هەڵکشانی ڕەوتە ڕاستگەرایی و دژەپەنابەرییەکان لەسەر ژیانی پەنابەران دەربڕی. بابەتەکەی پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا و بووە جێی سەرنجی بەشداربووان و نوێنەرانی حیزبەکان.

سێمینارەکە پاش نزیکەی سێ کاتژمێر، بە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی ڕاستەوخۆی نێوان نوێنەرانی حیزبەکان و بەشداربووان کۆتایی پێ هات.