بەڕێوەچوونی وێبنارێکی سیاسی لە سوئێد بۆ لێکدانەوەی ڕووداوەکانی مانگی خەرمانان

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٧ی سپتامبری٢٠٢٦)، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران – کۆمیتەی سوێد، وێبنارێکی سیاسی بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕووداوە پڕ لە کارەساتەکانی مانگی خەرمانان لە پلاتفۆرمی «زووم» بەڕێوە برد.
ئەم وێبنارە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی ڕێکخراوەکە دەستی پێکرد. لە دەستپێکدا خاتوو «لەیلا محەممەدی»، وەک بەرێوەبەری بەرنامە، بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کرد و بە ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی خەرمانان، شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی، وێبنارەکە دەستی بە کارەکانی کرد.
لە بەشی یەکەمی کۆڕەکەدا، خاتوو «کەنێرە مێهفەر» لە چوار تەوەردا شیکردنەوەیەکی یاسایی بۆ ڕووداوەکانی مانگی خەرمانان پێشکەش کرد. ناوبراو سەرەتا ئاماژەی بە دادگای «میکۆنۆس» کرد و وێڕای بەرزنرخاندنی دادپەروەری و سەربەخۆیی ئەو دادگایە، جەختی کردەوە کە ئەو حوکمە توانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستی جیهانیدا وەک دەوڵەتێکی تیرۆریست بناسێنێت. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرد و بە توندی ئیدانەی کرد.
خاتوو مێهفەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ڕۆڵی ژنان و ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان لە بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» کرد و ڕای گەیاند کە خەبات بۆ یەکسانی و دێموکراسی، پرۆسەیەکی مێژووییە کە لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە دەستی پێکردووە. هەروەها دیاردەی «ژنکوژی»-ی بە دەرەنجامی یاساکانی پڕ لە هەڵاواردن و تووندوتیژیی کۆماری ئیسلامی زانی کە بە کردەوە ڕێگە بۆ کوشتنی ژنان خۆش دەکەن.
دواتر دوکتور «مەجید حەقی» وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر پێویستیی دامەزراندنی پردێکی ئۆرگانیک لە نێوان ناوخۆی کوردستان و دیاسپۆرا کردەوە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە گۆڕانکارییە ژیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ڕای گەیاند کە کورد لە هەمان کاتدا لە بەردەم دەرفەت و هەڕەشەی نوێدایە.
دوکتور حەقی ئاماژەی بەوە کرد کە دیاسپۆرا دەبێت لە ڕۆڵی پشتگیریکردنەوە بەرەو ڕۆڵێکی ستراتیژی لە بوارەکانی دیپلۆماسی، ڕاگەیاندن و توێژینەوە هەنگاو بنێت. ناوبراو پێشنیاری کرد کە پلاتفۆرمێکی هاوبەشی نەتەوەیی بە ئامانجی یەکخستنی تواناکان و سیاسەتەکان دروست بکرێت و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکگرتوویی حیزبەکانی کوردستان دەبێت لە دروشمەوە بۆ دامەزراوە و کردەی کرداری بگۆڕێت.
لە کۆتایی وێبنارەکەدا، دەرگای گفتوگۆ بۆ بەشداران کرایەوە و پرسیار و تێبینییەکان لەلایەن کۆڕگێرانەوە وەڵام درانەوە. ئەم وێبنارە دوای دوو کاتژمێر تاوتوێکردنی چڕوپڕ بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.









