ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٢٩/١١/٢٠٢٥)، کومیتەی حیزب لە شاری ئۆرێبرووی وڵاتی سوئید بە ھاوکاریی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شارە ڕێوڕەسمێکیان بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان پێک ھێنا.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا، خاتوو شوعلە قادری بەخێرھاتنی بەشدارانی کرد و سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب لەلایەن ھونەرمەند عومەر گەردی و کۆڕی ھونەرییەوە پێشکەش کرا.
پاشان خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان ڕاگەیاندرا.
دواتر گروپێک بۆ ناو لوکاڵ پێکھاتوو لە کچان و کوڕانی ئاڵا بەدەست و جامانە لە مل بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگە ھاتنە نێو ھۆڵەکە و ھەڵپەڕکێیەکی جوان لە لایەن گرووپی ھەڵپەرکێیەوە پێشکەش کرا.
دواتر بەڕێز کەریم بابەکری بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو شارە چەند وتەیەکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.
لە بڕگەی دواتردا، بەڕێز ڕەحیم محەممەدزادە تێکۆشەری دێرینی حیزب باسێکی سەبارەت بە ڕۆژی پێشمەرگە و ڕۆژی ئاڵای کوردستان پێشکەش کرد.
سروودی ئەی پێشمەرگە لەلایەن عومەر گەردییەوە پێشکەش کرا و پەیامی ھەیئەتی پارتی دێموکراتی کوردستان خوێندرایەوە.
بەشی دواتری ڕێوڕەسمەکە بۆ بەشی ھونەری تەرخان کرابوو کە ھونەرمەندی لاو و دەنگخۆش ھونەر ئەمین و موزیکژەنی بەتوانا فریاد گرون کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.




