ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ بۆ بەرزڕاگرتنی ۲٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، کۆمیتەی حیزب لە شاری ڤێسترۆس بە هاوکاریی کومیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شارە ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆیان بۆ ئەندامانی حیزب و بنەماڵەکانیان لەو شارە پێک هێنا.
“ڕەحمان نستانی” ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمیتە پاش بەخێرهێنانی میوانان، سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیبی بە دەنگی خۆی پێشکەش بە بەشداران کرد. دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگەیاندرا.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەرنامەیە دا خاتوو “سوهەیلا مەهدیزادە” بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە شاری ڤێسترۆس و ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە سوئێد بە نوێنەرایەتی پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی پێشکەش کرد.
بڕگەی دووهەمی بەرنامەکە بۆ بەشی هونەری تەرخان کرابوو کە لاوی دەست و پەنجە ڕەنگین “ژیوار دیجەی” بە مۆسیقای شاد کەشێکی پڕ لە خۆشیی بۆ بەشداران خولقاند.




