ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١-٠٤-٢٠٢٦ کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە شاری ڤێسترۆس کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆی بە بەشداری زۆربەی ئەندامانی ئەو شارە پێک هێنا.
کۆنفڕانس بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد، دواتر بەرپرسی کۆمیتە خاتوو “سوهەیلا مەهدیزادە” بە نوێنەرایەتی کۆمیتە بە گەرمی بەخێرهاتنی ئەندامانی کرد و پێشنیاری کۆمیتەی بۆ دیوانی بەڕێوەبەری ڕاگەیاند.
ڕێژەوی کاری کۆنفڕانس لە لایەن
دیوانی هەڵبژێردراوی کۆنفڕانس خاتوو “ناهید حوسێنی” خوێندرایەوە و داوا لە خاتوو “فاتمە سووری” ئەندامی چالاکی کۆمیتەی ڤێسترۆس کرا کە بێت و بەڕەسمی کۆنفڕانس بکاتەوە.
خاتوو فاتمە لە پەیامەکەی دا گوتی: شانازی بە ئەندام بوونی خۆی لە ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنان دا دەکا و کار و چالاکییەکانی کۆمیتەی گشتی و بەتایبەتی کۆمیتەی ڤێسترۆس بەرز دەنرخێنێ و هیوای خواست یەکیەتیی ژنان هەروا بەردەوام بن لە کار و تێکۆشانیان دا.
لە بەشی یەکەمی کاری کۆنفڕانس دا بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەی گشتی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات خاتوو “خەجیج ڕوستەمی” چەند وتەیەکی پێشکەش کرد، دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزب لە لایەن کاک “سەید عەلی هاشمی” پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکە دا بەرپرسی کۆمیتەی گشتی یەکیەتیی ژنان لە سوئێد خاتوو “شلێر حەسەنپوور” کە لە ڕێگای سەرهێڵ بەشداری کۆنفڕانس بوو، بەکورتی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
لە بەشی دووهەم دا ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی کۆمیتە لە لایەن بەرپرسی کۆمیتە خاتوو “سوهەیلا مەهدیزادە” خوێندرایەوە دوابەدوای ئەو خاتوو “ئاواز مولانی” ڕاپۆرتی بەشی ماڵی پێشکەش کرد و دوای قسە کردن لە سەر ڕاپۆرتەکان هەردوو ڕاپۆرت پەسەند کران.
دواین بەشی کۆنفڕانس هەڵبژاردنی کۆمیتەی نوێ بوو کە لەو بەشە دا چەندین کەس خۆیان بەربژێر کرد و دەنگی متمانەیان بۆ کار و بەرپرسایەتی لە کۆمیتەی نوێ دا پێدرا.
کۆتا بەشی کاری کۆنفڕانس “خاتوو ناهید حوسێنی” شاعیر و چالاکوانی سیاسی و ئەندامی یەکیەتیی ژنان هۆنراوەیەکی پێشکەش کرد و بە شاخە گوڵێک ڕێز لە بەڕێزیان و گشت ئەندامانی چالاکی کۆمیتەی ڤێسترۆس گیرا.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی ڤێسترۆس، وڵاتی سوئێد
١١-٠٤-٢٠٢٦




