ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٠٧-٠٢-٢٠٢٦ کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە سوئێد کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆی بەڕێوەبرد.
کۆنفڕانس کاتژمێر ١١:١٥ لە لایەن بەڕێوەبەر خاتوو “ئارەزوو حیسامی” بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی سەرجەم شەهیدان و بەتایبەتی بۆ ڕوحی نەسرەوتووی ئەو ژن و پیاوانەی بۆ ئازادی و یەکسانی گیانیان بەخت کردوە دەستی پێکرد.
سەرەتا کاک کەریم بابەکری وەک کۆمیتەی خانەخوێ کە میوانداری کۆنفڕانسی ئەوساڵ لە شاری ئۆرێبروو بوو، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.
دواتر پەیامی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمیتەی سوئێد لەلایەن خاتوو “شوعلە قادری” خوێندرایەوە.
بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوئێد بەڕێز “نەبەز عەلیدوست” پەیامێکی کورتی پێشکەش کرد.
کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنان لە سوئێد ڕێزی لە خاتوونێکی ماندوویی نەناس خاتوو ”کلسووم ئیبراهیمی وەتمان” هاوژینی دڵسۆزی بەڕێز کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی گرت و ڕۆڵی ئەو خاتوونەی لە پێگەیاندنی منداڵەکانی وەک دایکێکی دڵسۆز و هەروەها هاوسەرێکی بەوەفا بەرز نرخاند.
لە بڕگەیەکی دیکە دا خاتوو “ئارەزوو حیسامی” دەنگی متمانەی بۆ کۆنفڕانس و دیوانەکان وەرگرت.
بەڕێزان خاتوو “نیشتمان دەروێشی” و خاتوو “شیلان ساڵحی” داوایان لە خاتوو “خەجیج تەدەیون” ئەندامی لەمێژینەی یەکیەتیی ژنان کرد کە بێت و بە ڕەسمی کۆنفڕانس بکاتەوە.
خاتوو خەجیج لە پەیامەکەی دا دڵگرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەربڕی و گوتی جێگای داخە کە ڕێژیمە جنایەتکارەکان لە ڕۆژهەڵات ژنان بە تاوانی هاوار کردن بۆ ئازادی گوللەباران دەکەن و لە ڕۆژئاوا کچانمان کە بەرگری خاک و مەوجوودیەتی خۆیان دەکەن لە بەرزایەکان دەخەنە خوار.
خاتوو خەجیج لە بەشێکی دیکە لە پەیامەکەی دا ئاماژەی بە خەبات و تێکۆشانی یەکیەتیی ژنان کرد کە نەپساوە تێدەکۆشن و گوتی لە ژێر ڕەهێڵەی ئاگری تۆپباران دەستمان پێکرد و سڵمان نەکردوە ئەوڕۆ کە ئەو هەموو کچ و ژنە بەتوانایانە دەبینم کە تێدەکۆشن بۆ کاری ڕێکخراوەکەمان خۆشحاڵم و شانازی دەکەم کە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیەم.
بەشی یەکەمی کۆنفڕانس تەرخان کرابوو بۆ باس لەسەر کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی ژنان، لەو بەشە دا داوا لە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کۆمیتەی سوئێد بەڕێزان، “سۆزان فەتحی”، “شلێر حەسەنپوور” و “کوێستان بابایی” کرا تا بێن و بڕیارەکانی کۆنگرە باس بکەن.
لەو بڕگەیە دا خاتوو سۆزان فەتحی بە نوێنەرایەتی باسەکەی کردەوە و دواتر کات درا بە ئەندامانی بەشدار لە کۆنفڕانس تا لەو پێوەندیە دا پرسیارەکانی خۆیان باس بکەن.
دواتر نوێنەران بە نۆبە وەڵامی ئەو پرسیارانەیان دایەوە کە بەرەوڕوویان کرابوونەوە هەروەها بەڕێز “ئازاد عەزیزی” بەرپرسی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە دەرەوەی وڵات لە ڕێگای سەرهێڵ وەڵام و ڕوونکردنەوەی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی پێشکەش بە بەشدارانی کۆنفڕانس کرد.
دوای پشوویەکی کورت دیوانی دووهەم پێک هاتوو لە خاتوو “کەژاڵ ئەحمەدی” و خاتوو “ئاواز مەولانی” درێژەیان بە کاری کۆنفڕانس دا، لەو بەشە دا ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکان پێشتر بۆ هەموو ئەندامان نێردرابوو، ڕاپۆرتی بەشی ماڵی لە لایەن بەرپرسی بەشی دارایی خاتوو “سوهەیلا مێهدیزادە” و ڕاپۆرتی بەشی ڕاگەیاندن لە لایەن بەرپرسی ئەو بەشە خاتوو “باوان کەریمی” خوێندرانەوە.
خاتوو “ئاواز مەولانی” چاوەدێری بەشی ماڵی ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکە دا ئەندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ساڵی پێشوو هەرکام کورت باسی کاری خۆیان لە ماوەی ساڵی ڕابردوو دا کرد.
دوا بەشی کاری کۆنفڕانس باس لەسەر پێرەو و بەرنامەی کۆمیتەی سوئێد بوو کە لەو بەشە دا سرنج و تێبینەکان یاداشت کران.
کۆتا بڕگە خۆ بەربژێر کردن بۆ کار لە کۆمیتەی داهاتوو دا بوو کە ئەندامان چالاکانە بەشدارییان کرد و لە کۆتاییدا لە هەڵبژاردنێکی نهێنی و دێموکراتییانەدا دەستەیەکی نوێ بۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنان هەڵبژێردران.
سوپاس و ڕێزی بێ سنوور بۆ کۆمیتەی ئورێبروو و هەموو ئەو بەڕێزانە بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەچوونی کۆنفڕانس زەحمەت و ماندوو بوونیان کێشا.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران -کۆمیتەی سوئێد
٠٧-٠٢-٢٠٢٦












