ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦-٠٤-٢٠٢٦ یەکیەتیی ژنانی دێموکرات کۆمیتەی ستۆکهۆڵم، کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆی، بە ئامادەبوونی بەشێک لە تێکۆشەران و چالاکانی ئەم ڕێکخراوەیە بەڕێوەبرد.
کۆنفڕانس کاتژمێر ١٢:٢٠ بە دەقێکی جوان و پڕ نێوەرۆک لە لایەن “خاتوو ڕێناس خزری” ئەندامی یەکیەتیی ژنان دەستی پێکرد، لە بەشێک لە نووسراوەکە دا ئاماژە کرابوو کە ئێمە: ڕێکخراوەی مەدەنی ژنان دەنگی ئەو ژنە بوێرانەین کە بۆ ئازادی و مافی یەکسانی خەبات دەکەن کە دەنگیان کپ دەکرێ …
پاشان ڕێژەوی بەرنامەی کۆنفڕانس خوێندرایەوە.
دواتر کۆنفڕانس بە سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ یاد و ڕێز لە شەهیدان و نەمرانی بزووتنەوەی گەلەکەمان، بە وتەیەکی ئەندامی دێرینی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات بەڕێز “خاتوو خەجیج ڕۆستەمی”، بەرپرسی تەشکیلاتی کۆمیتەی گشتی یەکیەتیی ژنانی سوئید دەستی پێکرد.
خاتوو خەجیج لە بەشێک لە قسەکانی دا، کوتی: هەل و مەرجی ناڕوونی ئێستا و لە نێو هومێد و نا هومێدییەکان دا، هەنگاو دەنیین. زەمانێک ڕۆژهەڵاتی کوردستان لانکەی شۆڕش و خەبات و ناوەندێکی زۆر گرینگی خەبات بوو. بەڵام ئێستا جیاوازە. بۆیە: دەبێ ئێمە جێی هومێد بیین و پەیمانی خەبات و تێکۆشان نوێ کەینەوە. هەروەک ئاگادارین لە هەواڵ و ڕووداوەکان ڕا، شەهیدانی ئەم دواییانەمان کچان و ژنانن. ئەو فیداکاریانە نیشانەی بوێری و لە مەیدان دابوون و ئومید لە دەست نەدانە.
هەستی نەتەوایەتیی لە مەیدانمان دێڵێتەوە و بە چاولێکردن لە وەزعی هاوڕێێانمان لە باشووری کوردستان و لە ژێر ڕەهێڵەی فڕۆکەی بێفڕۆکەمان (دڕۆن) و هاژک (مووشەک) باران زۆر خراپە و ناخهەژێنە. پێشتر لە هێڕشەکانی ئیسلامی ئێران دا، شاخەکان هەبوون، ئێستا بەداخەوە لەوانیش بێبەرین. بۆیە بەشداریمان لەو کۆنفڕانسە دا، ئەرکەکانمان پتر دەکا، کە ئومێدەوارم بە یارمەتی هەموو تێکۆشەرانمان لە کۆمیتەی ستۆکهۆڵم، کە زۆر شوێنێکی گرینگی خەبات و تێکۆشانە، جێبەجێ کرێن.
پەیامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، کۆمیتەی ستۆکهۆڵم لە لایەن “بەڕێز کاک عەباس یاری” پێشکەش کرا.
بەڕێزی وێڕای خۆشحاڵی لە گرتنی کۆنفڕانس لەو هەلومەرجە ئەستەمە دا، پیرۆزبایی گەرمی کۆنفڕانسەکەی کرد و ئامادەیی هاوکاریی و پشتگیری کۆمیتەی شاری ستۆکهۆڵمی حیزبی ڕاگەیاند.
کورتە پەخشانیکی هەست بزوێن، سەبارەت بە شەهید بوونی لاوانی پێشمەرگە، “شەهید غەزاڵ مەولان” “شەهید نەدا میری”، “شەهید سەمیرە ئەڵڵایاری” و “ شەهید شاهین ئازرەبەرین” لە لایەن دیوان و بەڕێوەبەری کۆنفڕانس “خاتوو لەیلا عەلیار” پێشکەش کرا.
لە بەشێکی دیکە دا لە لایەن “خاتوو شلێر حەسەنپوور”، بەرپرسی کۆمیتەی گشتی سوئێد، لە ڕێگەی تەلەیفون “سەرهێڵ” وتەیەکی کورت پێشکەشی ئامادەبوانی کۆنفڕانس کرا.
خاتوو شلێر سپاسی بەشداربوانی کۆنفرانسی کرد بۆ پشتیوانی و ئامادە بوونیان لە کۆنفڕانس و هەروەها کار و تێکۆشانی کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی وەک ناوند بە گرینگ وەسف کرد و سپاسی کۆمیتەی بەڕێوەبەری بەگشتی کرد و بەتایبەتی ڕۆڵی بەرپرسی کۆمیتە “خاتوو ماپەری قەرەگولی”، ئەندامی لە مێژینەی بەڕێوەبەریی لە باشووری کوردستان هەتا ستۆکهۆڵم و ئەزموونەکانی و بوونی بەڕێزی لە کۆمیتە دا زۆر بە گرینگ زانی.
سەبارەت بە کۆمیتەی بەڕێوەبەری داهاتووی کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی یەکیەتیی ژنان، کوتی: ستۆکهۆڵم ئەندامی بەتوانا و بەئەزموونی زۆرە بەدڵنیایەوە بوونی کەسانی بە ئەزموون و چالاک لە بەڕێوەبەری دا لە هەلومەرجی ئێستا دا گرینگ و پێویستە.
پاشان ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی کۆمیتەی ستۆکهۆڵم، لە لایەن خاتوو ماپەرە قەرەگۆلی، بەرپرسی کۆمیتە پێشکەش کرا دوابەدوای ڕاپۆرتی کار و چالاکی ڕاپۆرتی بەشی ماڵی پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
دوای قسە کردن لە سەر هەردوو ڕاپۆرت و هەروەها چەندین پرسی دیکە، وەرگرتنی پێشنیار و ڕەخنەکان، ڕاپۆرت بە تێگڕای دەنگ پەسند و گردن ئازادیی و سپاس لە بەڕێوەبەریی کۆمیتەی پێشوو کرا.
کۆتا بەش، هەڵبژاردنی کۆمیتەی نوێ بوو، کە چەندین کەس خۆیان بەربژێرکرد و کۆمیتەی بەڕێوەبەری نوێ بۆ کار و چالاکی داهاتوو هەڵبژێردرا و دوای پتر لە ٣ کاتژمێر، کاری بەردەوام، کۆنفرانسی ساڵی ٢٠٢٦ کۆتایی پێهات.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی ستۆکهۆڵم
٢٦-٠٤-٢٠٢٦




