ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٨-٠٧-٢٠٢٥ ی زائینی ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردن و کۆڕی پرسەی “ئاوارە حەسەن زادە” کوڕی تێکۆشەر، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران مامۆستا “عەبدوڵڵا حەسەن زادە” لە شاری ئارویکای وڵاتی سوئێد بە بەشداری بنەماڵەی بەڕێزی مامۆستا و بەشێکی زۆر لە هاوڕێ و دۆستانی بنەماڵەی مامۆستا و هەروەها بە بەشداری ئەندامانی حیزبی دێموکڕات و نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە سیاسییە کوردستانیەکان بەڕێوە چوو.
سەرەتا بە ئامادەبوونی بنەماڵەی بەڕێز مامۆستا عبدوڵڵا حەسەن زادە لە گۆڕستانی شاری ئارویکا تەرمی “ئاوارە حەسەن زادە” لە نێو خەم و پەژارە بە خاکی غەریبی ئەسپێردرا.
دواتر میوانان بەگشتی لە ساڵۆنی کۆڕی پرسە، کۆبوونەوە، بەڕێز کاک “حەمەڕەسوڵ کەریمی” ئەندامی پێشووی ڕێبەری حیزب بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە خاتوو “گەلاوێژ حەسەن زادە” بە نوێنەرایەتی سوپاسنامەی بنەماڵەی پێشکەش کرد.
پێویست بە ئاماژەیە کە نوێنەری کۆمیتەی گشتی یەکیەتیی ژنان بەشداری لە کۆڕی بە خاک سپاردن کرد و چەپکە گوڵی ڕێزی لەسەر گڵکۆی کۆچکردوو دانا.
“ئاوارە حەسەن زادە” زیاتر لە سی دەیە واتە هەر لە تەمەنی منداڵی بە هۆی پێداویستی بە چاوەدێری تایبەت کە ئارامتر لە ژیانی پێشمەرگایەتی و بەدوور لە ڕەهێڵەی تۆپ و مووشەکبارانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بێ، بە پێشنیاری شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو ڕەوانەی دەرەوەی وڵات و لە وڵاتی سوئێد نیشتەجێکرا.
لەو ماوە دوور و درێژە دا بنەماڵەی مامۆستا و بەتایبەتی کاک “محەممەد حەسەن زادە” و دواتر کاک “ئاکۆ حەسەن زادە”،ناوە بە ناوە دەیانهێنایەوە ماڵ و یا لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەردانی بەردەوامیان دەکرد کە بەداخەوە دواجار ڕۆژی ١٩-٠٦-٢٠٢٥ بە نەخۆشیەکی کوت و پڕ بۆ هەمیشە ماڵائاوایی لە ژیان دەکا.
یەکیەتیی ژنانی دێموکرات وێڕای دووپات کردنەوەی هاوغەمی و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی تێکۆشەری مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە و بەتایبەتی سەرەخۆشی خۆمان پێشکەش بە “خاتوو ئەستی” دایکی ئاوارە و ئەندامانی یەکیەتیی ژنان لە کۆمیتەی سوئێد خاتوو “نیروان حەداد “و کاک “ئاکۆ حەسەن زادە” دەکەین و هیوای سێبووری بۆ هەموو لایەک بە ئاوات دەخوازین.
ڕووحی پاک و بێ گەردی کاک ئاوارە شاد و ئارام.
یەکیەتیی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی سوئێد




