ڕۆژی یەکشەممە ڕیکەوتی ١٥-٠٣-٢٠٢٦ کۆمیتەی “یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە شاری ئورێبروو” بە هاوکاری “ماڵی کوردان” “جڤاکی دێموکراتی کوردستان” و “ئا بێ ئێف “ بەرنامەیەکی هاوبەشیان بۆ یادی شیمیابارانی شاری هەڵەبجە پێک هێنا.
بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و یەک خولەک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
لە بەشی یەکەم دا فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر کارەساتی هەڵەبجە نیشان درا، دواتر
بەڕێز “رێدوان ئاڵتۆن” بەرپرسی ناوەندی جڤاکی دێموکڕاتی کوردستان لە ئۆرێبروو بە وتەیەکی کورت بەخێر هێنانی بەشدارانی کرد و مەبەستی بەرنامەکەی ڕاگەیاند.
خاتوو “شۆعلە قادری” بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە شاری ئورێبروو باسێکی لە ژێر ناوی “هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوو بۆ ناو جەرگەی کارەسات” پێشکەش کرد.
خاتوو شۆعلە لەسەرەتای باسەکەی دا باسی گرینگی پێک هێنانی چالاکییەکان لە لایەن ڕەوەندی کوردی و بەرنامەی هاوبەشی ڕێکخراوەکان لە هەندەران کرد و هیوای بەردەوامی بۆ کارو چالاکییەکان بە ئاوات خواست، دواتر سرنجی خستە سەر وەزعی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناو چوونی دیکتاتوری سەردەم “عەلی خامەنەیی” کە ڕۆژی ٢٨-٠٢-٢٠٢٦ لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کوژرا، کرد و گوتی: چارەنووسی هەموو دیکتاتوران وەک یەک وایە.
لە بەشێکی دیکە باسەکەی دا خاتوو شۆعلە تیشکی خستە سەر کورتەیەک لە میژووی شاری هەڵەبجە و کارەساتی شیمیابارانی ساڵی ١٩٨٨ی زائینی و لێکەوتەکانی.
کۆتا بەشی باسەکەی بە کورتەیەک لە بیرەوەری خۆی و جگەرگۆشەکەی کە کاتی کارەساتەکە تەنها ١٥ مانگی تەمەن بوو، سەرەڕای زامدار بوونیان بە بۆمبی شیمیایی لە لایەن سپای ئیران بەدیل گیران و ڕەوانەی بەندیخانەی شاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان کران.
دوای باسی خاتوو شوعلە قادری کاک “فەرعان شێخ محەممەد” چالاکی سیاسی پوختەیەکی لە باسەکان بە زمانی سوئێدی پێشکەش کرد.
لە بەشی دووهەمی بەرنامە داوا لە کاک “سەعید بێگزادە” کرا تا باسێک لەسەر هەل و مەرجی ئێستای کوردستان و ئێران بەگشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش بکا.
بەڕێز بێگزادە لە باسەکەی دا گوتی: ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژە مێژوویەکانی خۆی تێپەڕ دەکا و ئەگەرەکان زۆرن، من باسی دوو ئەگەر دەکەم، ئێمە وەک کورد یان زیانێکی زۆر لەو وەزعەی ئێستا دەکەین، یان ئەگەر دەرفەت هەڵکەوێ دەکرێ بە قازانج و بەرژەوەندی کورد کەڵکی لێوەرگرین.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەی دا کاک سەعید گوتی: بڕوام وایە چ ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بڕوخێ کە ئەگەری زۆرە، کورد بە قۆستنەوەی دەرفەتەکان دەتوانێ بۆ ئاڵوگۆڕ کەڵک وەرگرێ و ئەگەریش ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە جێی خۆی مایەوە و سازانێکی نێونەتەوەیی بکا، دووبارە ئەو حکومەتە نابێتەوە حکۆمەتەکەی پێش شەڕ و وێناچێ وەک پێشوو بەهێز بێ.
بۆیە دیسان دەرفەت زۆرە بۆ کوردو بۆ هێزەکانی دیکەی ئێران کە ئەو هەلە بقۆزنەوە بتوانن ئاواتەکانیان وەدی بێنن.
دوا بەشی کۆڕەکە خاتوو “سووسەن لیندهۆم” ئەندامی حیزبی “کریس دێموکراتی سوئێد” وتارێکی کورتی بە زمانی سوئێدی پێشکەش کرد.
پێویست بەئاماژەیە لە نێوان باسەکان دا چەند شێعر و پەخشانی تایبەت بەو یادە پێشکەش کران و بەرنامەکە کاتژمێر ١٥،٣٠ کۆتایی پێهات.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی ئۆرێبروو
١٥ی مارسی ٢٠٢٦
بەرابەر بە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤




