هەر لە سەرەتای شۆڕشی ژینا-ژن، ژیان، ئازادی، کە بە کوشتنی حکوومەتی ژینا ئەمینی و ڕاپەڕینی ژنان و خەڵکی کوردستان دەستی پێکرد و لە ئێران و گشت جیهان تەشەنەی سەند، ژنانی کورد لە پێشەنگی خەباتێکی ڕزگاریخوازانە لە دژی ستەم و هەڵاواردن و توندوتیژیی پێکهاتەیی بوون.
هەروەک دەزانین لەم ڕۆژانەی دواییدا دیسان شەقامەکانی ئێران و کوردستان پڕبوون لە دروشمی ئازادیخوازانە و ڕزگاریخوازانە. بەم بۆنەشەوە ئێمە وەک فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بەیاننامەی هاوبەشی پێنج ڕێکخراوی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران و کوردستان ڕادەگەیەنین. ئەم ناڕەزایەتیانە درێژەپێدەری ڕەوای شۆڕشی ژیناو و وەڵامێکی ڕوونە بۆ سەرکوتی سیستماتیک و پێشێلکردنی بەربڵاوی مافە بنەڕەتییەکانی خەڵک.
سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕازییان، دەستگیرکردنی ژنانی چالاکوان و کوشتنی منداڵان، بە توندی شەرمەزار دەکەین و جەخت لەسەر مافی خۆڕاگری و ڕێکخستن و خەباتی کورد و ژنانی کورد دەکەینەوە.
فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی لەگەڵ گەلی بەزاڵەهاتووی ئێران و بزووتنەوەی کوردستان و ژنانی کورد، وەستاوە و بۆ پشتیوانی لە داواکارییە دادپەروەرەکانیان بۆ ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی ئینسانی، داوای هاودەنگیی و فشاری نێودەوڵەتی کاریگەر دەکات.
ژن، ژیان، ئازادی
فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی
٧ی١ی٢٠٢٥




