بە بۆنەی چوارەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی؛ لە شاری فرانکفۆرت ڕێپێوانێکی بەرفراوان بەڕێوە چوو

ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی، بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی چوارەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و هەڵگیرسانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، گردبوونەوە و ڕێپێوانێکی جەماوەری لە شاری فرانکفورتی ئەڵمانیا بەڕێوە چوو.
لەم بۆنەیەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی ئەوروپا و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی بەڕێوە چوو، بەشێک لە ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدارییەکی چالاکانەیان هەبوو.
دەستپێکی ڕێپێوانەکە لە ناوەندی شار و لە بەرانبەر باڵەخانەی شارەوانی بوو، پاشان خۆپیشاندەران بە ئاراستەی «دارەکانی یادەوەریی گیانبەختکردووان» لە کەنار ڕووباری ماین درێژەیان بە ڕێپێوانەکەیان دا.
لە درێژەی ئەو گردبوونەوەیەدا، نوێنەری ڕێکخراوە ئێرانی و ئەڵمانییەکان وتاریان پێشکەش کرد. تەوەری سەرەکیی وتارەکان بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی گرنگیی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» و جەختکردنەوە لەسەر بەهاکانی وەک مافی مرۆڤ، ئازادی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی.
لە بەشی کۆتاییی ڕێوڕەسمەکەدا، نوێنەری شارەوانیی فرانکفۆرت بە گوتارێک وێڕای پشتیوانی لە ئامانجەکانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، پەرۆشیی خۆی بۆ داخوازییە ڕەواکانی بەشداربووان و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکان دەربڕی.
ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێپێوانە، ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم ئەو کەسانە بوو کە لە پێناو دادپەروەری و ئازادیدا تێکۆشان و گیانیان بەخت کرد. بەشداربووان لە کۆتاییی بۆنەکەدا، بە پێداگرییەوە جەختیان لەسەر درێژەدان بە ڕێبازی بزووتنەوەکە و پاراستنی یادی شەهیدان تا گەیشتن بە ئامانجە باڵاکان کردەوە.










