نارین ڕەسووڵنژاد
رۆژی ٢١ی فێبریەی بەرانبەر بە ٢ی ڕەشەممەی ههر ساڵێک، رۆژی جیهانیی زمانی دایكە و هەموو گەلانی جیهان بە چالاكی جۆراوجۆر یادی زمانی دایکیان بەرز ڕادەگرن. بێگومان پاراستنی زمان و کولتوور وهک هێمایی سهرهکیی ههر گهلێک، ڕهنج و فیداکارییزۆری دهوێت و جێگهی خۆیهتی که لهم ڕۆژهدا پیرۆزبایی و دهسخۆشی لهو کهسانه بکرێت که لهو پێناوهدا بهردهوام له تێكۆشان و خهباتدان و هەروها خەڵک هان دەدەن بۆ خوێندن بە زمانی دایکی کە ئەمە دەتوانێت یارمەتی مرۆڤ بدات بۆ پەرەپێدانی خۆشەویستی بۆ ئەدەبیات، خوێندنەوەی شێعر و چیرۆک و ئوستوورەکان کە بە زمانی زگماکی مرۆڤ نووسراون و دەتوانێت پەیوەندییەکی سۆزداری بەهێزتر دروست بکات.
زمانەکان نوێنەرایەتی مێژوو، فەرهەنگ و کولتوری ئەو کەسانە دەکەن کە بەکاریان دەهێنن. سروشتی وشە وەرنەگێڕدراوەکان ئەوە پیشان دەدات کە چەمکێک لە کولتوورێکدا هەیە کە ئەوەندە گرینگی پێ دەدرێت کە ئەرکی وشەی ناوازەی بۆ دیاری بکرێت. هەروەها زمانەکان زانیاری زیاترمان دەربارەی مرۆڤناسی پێدەڵێن و زمانەکان، بە واتا ئاڵۆزەکانیان بۆ شوناس، پەیوەندی، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، پەروەردە و گەشەپێدان، گرنگییەکی ستراتیژیکیان هەیە بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی. کاتێک زمانەکان نامێنن، تابلۆ دەوڵەمەندەکانی جیهان لە هەمەجۆری و فەرەڕەنگی کولتووریشدا لە کیس دەچن و بەو پێیەش، دەرفەتەکان، نەریتەکان، یادەوەرییەکان، شێوازی بیرکردنەوە ناوازەکان، دەربڕینەکان، و سەرچاوە بەنرخەکان بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشتریش لەدەست دەچن و زمانەکان ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن لە پەرەپێدانی ناسنامەی کولتووری و گفتوگۆی نێوان فەرهەنگەکان، لە بەهێزکردنی هاوکاری و گەیشتن بە پەروەردەیەکی چلونایەتیانە بۆ هەمووان، لە دروستکردنی کۆمەڵگای زانستی گشتگیر و پاراستنی میراتی کولتووری، و لە کۆکردنەوەی ئیرادەی سیاسی بۆ بەکارهێنانی سوودەکانی زانست و تیکنۆلۆژیا بۆ گەشەی سەقامگرتوو.
بۆ هەموو نەتەوە بێدەوڵەتەکان، وەک نەتەوەی کورد کە لە پڕۆسەی خەبات بۆ سەربەخۆییدایە، زمان یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی شوناس بۆ ئەوەی کولتوور و مێژوو و نەریتەکانی بە زیندووی بهێڵێتەوە و ڕێگری بکات لە ئاسمیلەکردنیان لە فەرهەنگی گرووپی باڵادەست.
هەروەها ئامرازێکی بەرخۆدان و یەکگرتووییە، و زمانێکی هاوبەش ڕێگە بەم نەتەوەیە دەدات باشتر پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا بکات و ئەزموون و ئامانجەکانی بگەیەنێت و بەرەنگاری توانەوە و لەناوچوونی کولتووری ببێتەوە.
هەروەهاتر نەتەوەی کورد، پێویستی بە میراتی مێژوویی و ئەدەبی خۆی هەیە وەک ئامرازێک بۆ پاراستن و گواستنەوەی ئەدەبیاتی مێژووی زارەکی و زانستی ڕەسەن، کە ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن لە داڕشتنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیدا.
یەک خاڵی گرینگ لە زمانی زگماکیدا “سەربەخۆیی فیکریـ”ـیە. نەتەوەیەک کە سەربەخۆیی فیکری هەبێت دەتوانێت ناسنامەی نەتەوەیی خۆی ڕێک بخات و ئامانجی بۆ دابنێت و لە ڕێگەی کۆکردنەوەی بەکۆمەڵەوە بیخاتە سەر ڕێگای سەربەخۆیی.
بەڵام گرینگترین خاڵ کە کەمتر باسی لێ کراوە خۆشویستن و عەشق و ئەوینە بە زمانی زگماکی، ئەوەی کە ڕێگە دەدات مرۆڤ، پەیوەندییەکی قووڵ و ڕەسەن لەگەڵ ناسنامە و کولتوور و هەستەکانی هەناوی خۆیدا دابمەزرێنێت، خودی ڕاستەقینەی خۆی دەرببڕێت، هەست و سۆز و یادەوەری و خەونەکانی بە زمانی دڵ دەرببڕێت، پەیوەندی نزیکتر و قووڵتر نیشان بدات و دەستی بگات بە سەرچاوەیەکی بێکۆتایی ئیلهام و خەیاڵ بە زمانی زگماکی خۆی.
“کاترین کالدوێڵ هاریس” مامۆستای یاریدەدەری دەروونناسی لە زانکۆی بۆستۆن دەڵێت: ئێمە دەنگدانەوەیەکی سۆزداری بەهێزمان هەیە بۆ زمانێک کە زوو بەدەستی دەهێنین و بە لێهاتوویی بەرز فێری دەبین چونکە زمانی سەرەتایی لە هەمان کاتدا لەگەڵ سیستەمی ڕێکخستنی سۆزدا گەشە دەکات، هەر بۆیە ئەو ڕستانەی لە سەرەتاوە فێری بووین پەیوەندییەکی نزیکیان بە سیستەمی سۆزداری مێشکەوە هەیە و زۆرتر جێگەی متمانە و قبووڵن.
بێگومان گەورەترین تاوانی داگیرکەرانی کوردستان، پێش کوشتن و سەرکوتکردن، ڕێگریکردن بووە لە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بۆ ئەوەی زمانی دایکی خۆیان خۆش بوێت و بە چاوی ڕاستەقینەی خۆیان دونیا ببینن و بە دڵێکی ڕاستگۆ و دڵسۆزانەوە لێی نزیک ببنەوە و عاشق بن و لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ جیهان، دڵداری و خۆشەویستی و ئەوینداری بکەن.




