رامیار سەرحەدی
پەروەردە و بارهێنان یەک لەو خاڵە گرینگانەیە کە هەموو دایک و باوکێک ئەبێ ئاگاداری بن و بزانن چۆن لەگەڵ منداڵی خۆیان هەڵسووکەوتیان ببێ کە لە هەر بوارێکەوە لە تەندرووستیدا ببن، توێژینەوەی زانستی سەلماندوویەتی کە زێدەتر لە شەست لە سەدی کەسایەتی دەروونی مرۆڤ لە شەش ساڵەی سەرەتایی منداڵیدا چ دەبێ و ئەمە پیشاندەری گرینگی پەروەردەیە. هەرچەند بارهێنانی مرۆڤ هەتا دوارۆژی تەمەن بەردەوامە، بەڵام گرینگی شەش ساڵی سەرەتایی قۆناغی منداڵی حاشاهەڵنەگرە و گرینگتر ئەوەیە کە باوک و دایک ئەبێ قۆناغ بە قۆناغی ژیانی مندالەکەیان بناسن هەتا خەساری پێ ناگات و لەبواری دەروونییەوە پێگەیەکی جێگیری ببێت.
بە داخەوە دایکان و باوکانی ئەمرۆ کە دەبن بە خاوەنی منداڵ، بێ ئەوەی بچووکترین زانیارییان سەبارەت بە پەروەردەی منداڵ ببێ، لە جیاتی فێربوون و ڕاهاتن لە پەروەردەی منداڵەکانیان، لەسەر بنەمای ئەزموونی بنەماڵەیی و کۆمەڵگە، بە شێوەی هەڵە و نالۆژیکی لەگەڵ منداڵەکانیان هەڵسووکەوت دەکەن. لەو حاڵەتەدا نەتەنیا لە پەروەردەی سەردەمیانە منداڵەکانیان بێ بەش کردووە، بگرە ئازاری ڕوحی منداڵان دەدەن. بێ ئاگا لەوە کە ئەم نەزانینە ئەبێتە هۆی تووشبوونی ترس، دڵەڕاوکێ، نینۆک خواردن و ناسازگاری و…هتد لە منداڵەکانیاندا. لەم وتارە ئەمانەوێ لەمەڕ یەک لەو کێشانەی کە زۆر باو بووە واتە ترس لە تەنیایی باس بکەم.
بەژانترین دیاردەی ژیانی میکانیکی لەم ساڵانەی دواییدا، بە تەنیا جێهێشتنی منداڵە لە ماڵەوە، بە تایبەت ئەو کەسانەی تاقە منداڵێکیان هەیە زیاتر ئامانجی ئەم چەند دێڕەن. ئەو توێژینەوانەی کراون ئەوەمان پیشان دەدات کە زۆربەی ئەو خێزان و دایک و باوکانەی منداڵەکانیان بە تەنیایی لە ماڵەوە بە جێ دەهێڵن و خۆیان بۆ ئامانجی کار یا ڕەنگە بۆ خوێندن و زۆر کاری دیکە لە ماڵ دوور دەکەونەوە، لە گەڕانەوەدا لەگەڵ چەندین دیمەنی ترسناکدا ڕووبەڕوو دەبن. بەوپەڕی داخ و کەسەرەوە دەبێ ئەوە قەبووڵ بکەین کە لەمڕۆدا بە سەدان و بگرە هەزاران دایک و باوک هەن بە بێ گوێدانە مەترسی و ئەنجامە کارەساتبارەکان دەرگای ماڵەوە لە سەر منداڵە تەنیاکەی خۆیان دادەخەن و بۆ ماوەیەک بە تەنیایی بەجێیان دەهێڵن.
با ڕاشکاوانە و بەڕوونی بڵێم کە هیچ کەس و لە هیچ هەلوومەرجێکدا نابێت منداڵ تەنیا لە ماڵەوە جێبهێڵین و ئەم کێشەیەش چ لە شەودا و چ لە ڕۆژدا هیچ جیاوازییکی نییە. دایک و باوک سەبارەت بە مندالەکانیان بەرپرسن و ئەوەی کە بە بێ گوێدانە ئەرکی دایکایەتی و باوکایەتی منداڵەکەیان بە تەنیایی و بەبێ هیچ سەرپرشتیارێک لەماڵەوە جێدەهێڵن لووتکەی هەست بە بەرپرسایەتی نەکردنە.
ئەو زیانەی بەهۆی تەنیا جێهێشتنی لە ماڵەوە تووشی منداڵ دەبێ تەنیا لە مەترسییە جەستەییەکاندا کورت نابێتەوە. بەڵکوو لە ڕووی دەروونییەوە زیاتر بۆ لەسەر وەستان و توێژینەوە دەبێ، چونکوو منداڵێکی تازە سەرپێ کەوتوو و کەم تەمەن کە لە پڕ لەخەو خەبەری دەبێتەوە و خۆی لە ماڵێکی تاریک و درگا لەسەر داخراودا دەبینێتەوە و چەندین کاژێر کەس وەڵامی هاوار و گریانەکانی ناداتەوە و هیچ کەس نییە بە هانایەوە بێت، ڕووبەڕووی هەژێنترین، ناخۆشترین و تێکدەرترین ئەزموونی ژیانی دەبێتەوە. ئەو کێشە دەروونییەی کە جان باڵبی لە تیۆری (پەیوەست بوون) Attachment بە منداڵی «دڵبەستەی نەحەواوە» ناوی دەبات و هەندێ کێشەی دەروونی بە شوێن خویدا دەهێنێت. ڕەنگە هەتا لە ژیان دا مابێ متمانە بە کەس نەکات و ڕەشبینی لە زەینیدا جێگیر ببێ. ماوەیەک پێش ئێستا دیمەنێکی دڵتەزێنم بینی بەو چەشنە کە منداڵێکی بچکۆلانە بە دەموو چاوێکی سوورهەڵگەڕاو لەسەر باڵکۆنی ماڵەکەیانەوە وەستابوو، ژنی دراوسێکان لەمپەڕی باڵکۆنی ئاپاڕتمانەکەوە دڵخۆشی دەدایەوە و دەیگوت: «دایکت زوو دەگەڕێتەوە».
ڕەنگبێ ئەوە کارێکی ئاسایی بێت کە هەندێجار مرۆڤ ناچار بێت بۆ کارێک بچێتە دەرەوە و منداڵەکەی لەگەڵ خۆی نەبات، یان بە هۆی کەش و هەوا بیهەوێت منداڵەکەی لە ماڵەوە بە تەنیا بەجێ بهێڵێت، بەڵام لەمجۆرە حاڵەتانەدا لەباتی ئەوەی منداڵەکە بە «قەدەر» بسپێرێ، پێویستە منداڵەکەتان لە هەموو بڕیار و کارێکی دیکەی ژیانتان گرینگترە بێت. واتە پێشتر ڕێگا چارەیێی بۆ منداڵەکەت بدۆزنەوە و دوای دڵنیابوون لە ساغی و ئاسایشی، ئینجا بە شوێن ئەنجامدانی کار و پێویستییەکەتان بکەون.
زۆر کەس دەڵێن دراوسێ ئەتوانێ یاریدەدەری چاک بێت، کە وایە هەوڵبدەن ناسیاویی لەگەڵ ئەو کەسانەدا پەیدا بکەن کە لە دەوروپشتتاندا دەژین و لە داوای یارمەتی کردنیان سڵ ناکەن. بۆ نموونە لەگەڵ خۆ بردنی منداڵ بۆ کلینیکی ددان ساز کردن کارێکی ئەوەندە قورس نییە کە لەگەڵ بەتەنیا جێهێشتنی لە ماڵەوە هاوتا بێت.
ڕەنگە چوونە دەرەوەیەکی چەن خولەکی لە ڕۆژدا زۆر مەترسیدار نەنوێنێت، بەڵام وا چاکترە کە هەرگیز ئەو کارە نەکرێت. دیارە مەبەست لە بەتەنیا جێهێشتنی منداڵ لەو کاتانەدایە کە، لە خانووی باواندایە نەوەک باخچەی ساوایان یان ئەو دامەزراوە و دەزگایانەی کاریان چاوەدێڕی کورتماوەی منداڵانە کە جێی متمانەن.
لەوەنەیە لە هەندێک حاڵەتدا دایکان و باوکان کەسێکی ناسیاو و جار بە هۆی دۆخی ژیان ناچار دەبن دایەن بۆ منداڵەکانیان بگرن. ئەگەر بێت و دایەن شارەزا و باوەڕ پێکراو نەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی سازبوونی چەندین کێشە و گرفتی بەرچاو بۆ منداڵەکە. بۆیە دەبێ دایەن خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانەی خوارەوە بن؛
- منداڵەکەتان بناسێت، واتە شارەزای ئاکاری منداڵەکەتان بێت.
- منداڵ خۆشەویست بێت و پەروەردەی منداڵ بزانێت کە بە چ شێوەیەک لەگەڵیدا هەڵسووکەوت بکات.
- جێگەی متمانەی دایک و باوک بێت.
- پێویستە ئەو کەسە یان ئەو شوێنەی دایەنەکەتان پێ دەناسێنێت، بەباشی تایبەتمەندییە ڕەوشتییەکانی بزانێت.
- لەش ساغ و سڵامەت بێت، چ لە ڕووی دەروونی و چ باری جەستەیی.
پێویستە ئەو خاڵانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە بە هەند وەربگیردرێن، لەبەر ئەوەی سەرەکیترین فاکتەری شوێندانەر لەسەر ڕەوتی گەشەی فیکری ئەو منداڵە، دایەنەکەیە و دەبێ ئەوە قەبووڵ بکەین کە پاش ماوەیەک منداڵ زیاتر خوو بەوەوە دەگرێت تا بنەماڵەکەی. تەواوی ئەمانە لە حاڵەتێکدایە هیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ بەتەنیا جێهێشتنی منداڵەکە نییە. چوونکوو بمانەوێ و نەمانەوێ بوونی دایەن لە ماڵەوە کاریگەری قووڵی لەسەر زەینیەتی منداڵەکە دەبێت و منداڵەکە لە ئێوە دوور دەخاتەوە. کەواتە دەبێ دامەزراندنی دایەن تەنها بە کاتی پێویست بێت، نەک بۆ ئەوە بێت کە زیاتر ئیسراحەت بکەین و بواری زیاترمان هەبێ بۆ ڕابواردن.
سەرچاوەکان:
- دەروون ناسیی گەشە، لۆرا بێرک، وەرگێڕانی: یەحیا سەید محەمەدی، بەرگی یەکەم
- دەروون ناسیی پەروەردە، عەلی ئەکبەر سەیف، وەشانخانەی سۆخەن
- شێوەکانی پەروەردە و بارهێنان، هان پۆل رسووبێر، وەرگێڕانی: سادات جاسمی