شلێر مەحموودی
- پێناسەی توندوتیژی و جۆرەکانی و توندوتیژی بنەماڵەیی
- ئەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەی کە دژی توندوتیژین و لەپێناو بەدیهێنانی یەکسانی جێندەری دامەزراون.
- ئێران لەکوێی ئەو هاوکێشەدایە.
- رۆڵی حیزبی دێموکرات و رێکخراوەی یەکیەتیی ژنان لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی.
- ئەرک و ڕۆڵی ژنان لە کەمکردنەوەی توندوتیژی.
- ئایا بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنها ئەرکی ژنانە.
توندوتیژی چیە./ بەهەموو ئەو کردەوە و هەڵسوکەوتە توندانە دەگوترێ کە ڕووبەرووی ژنان دەبێتەوە جا جەستەیی بێت یاخود دەروونی.
کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان دەڵێ هەرچەشنە توندوتیژیەک لەسەر بنەمای ڕەگەزی بێت و ببێتە هۆی زیانی جەستەیی، جنسی یان دەرونی ژنان لە چورچێوەی توندوتیژیدا پێناسەی کردووە. جا ئەوە توندوتیژییە چ لەنێو کۆمەڵگەدا یاخود لە چوارچێوەی ژیانی تاکەکەسیدا بێت یان لەلایەن بنەماڵەو حکوومەتەوە ئەنجام بدرێت و بەیەکێک لە گرینگترین کێشەو ئاستەنگی بۆ سەر تەندروستی کۆمەڵگە دادەنێ.
کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ٢٥ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٩٩ی وەک ڕۆژی جیهانی سڕینەوەی توندوتیژی بەدژی ژنان راگەیاند و داوای لە دەوڵەتان و ناوەند و ڕێکخراوە ناحکوومیەکان کرد لەو رۆژەدا بە وەرێخستنی بەرنامەگەلێک یارمەتی بە وشیاریی ژنان لەبواری خەبات بەدژی توندوتیژی بدەن.
جۆرەکانی توندوتیژی: جەستەیی و دەروونی
توندوتیژی جەستەیی بە ھەر جووڵەیەک دەوترێ کە بەشێوەی فیزیکی کاریگەریی ھەیە لەسەر جەستەی بەرامبەر، وەک شکاندنی شوێنێک لە جەستە، سووربوونەوە یا شینهەڵگەڕانی شوێنێکی جەستە، بریندار بوون یان ھەر جۆرە نیشانەیەکیتر. لەم جۆرە توندوتیژییەدا ئاسەوارەکانی توندوتیژی بەتەواوی دیارە و ئەو کەسەی رووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە.
جۆرێکیتری توندوتیژی، کە بە ڕواڵەت ھیچ نیشانەیەکی نییە، ئەویش توندوتیژی دەروونییە.وەک سووکایەتیپێکردن، جنێودان، ناوزڕاندن و توانجلێدان لەو جۆرە توندوتیژییە دەروونیانەن کە کاریگەریی دەروونی قووڵیان ھەیە لەسەر بەردەنگ و لە ھەمانکاتیشدا سەلماندنیان لە بەردەم ناوەندی بڕیار یاخود یاسادا ئەستەمە.
توندوتیژی رۆحی و دەروونی هۆکارێکە بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر متمانە بەخۆی لەدەست بدات و تووشی خەمۆکی و نەخۆشی دەروونی زۆر مەترسیدار بێت و تا ئەو جێگایەیی بگاتە ڕادەی خۆکوشتن.
توندوتیژی بنەماڵەیی چییە؟
کارێکی شاراوەیە لەلایەن مێرد، باوک برا یا خزموکەسی نزیک دژ بە ئەندامانی دیکەی بنەماڵە ئەنجامدەدرێن. لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا ژنان بەبۆنەی شەرم و ئابڕووی خۆیان و ترس لە تەمبێکردنی قورس توندوتیژییەکان دەشارنەوە و لای کەس یا لایەنی پەیوەندیدار باسی ناکەن. لە زۆربەی وڵاتاندا ژنانی خێزاندار کە توندوتیژی جنسییان بەرامبەر دەکرێت بێدەنگ دەبن و ژنانی سەڵتیش ناچارن کە لەگەڵ ئەوکەسەی توندوتیژی جنسی ئەنجام داوە لەگەڵیان ژیانی هاوبەشی پێک بهێنن وەک عێراق و هەرێمی کوردستان و لەدوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی مەترسی توندووتیژی بنەماڵەیی چەند قات زیاد دەکات. بۆیە پێویستە ژنان زۆر هۆشییارانە سەبارەت بەو پرسە مامەڵە بکەن.
بەڵام لە هەندێک وڵاتدا یاساگەلێکی تایبەت هەن بۆ دژایەتیکردنی هەر چەشنە توندوتیژیەک چ لەکاتی ژیانی هاوبەش چ لە کۆمەڵگە، کولتوور بۆ کۆنترۆڵی توندوتیژی بنەماڵەیی رۆڵێکی بەرچاو و گرنگی هەیە و یاساش رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە.
هۆکارەکانی توندو تیژی بنەماڵەیی
بەپێی ئەوەی زۆرێک لە توندوتیژییەکان لە بنەماڵەدا بەرامبەر بەژن دەکرێ سەرنج دان بەو بابەتە گرنگی خۆی هەیە و بەپێی راپۆرتەکان و لێکۆڵینەوە یاساییەکان هۆکارەکانی توندوتیژی بنەماڵەیی بەسەر چەند هۆکارێکدا دابەش دەکرێن:
- هەڕەشەو ترساندن/ هەڕەشەی ئازاردان یا کوشتنی ژن یا منداڵان و خزم و کەس، هەڕەشەی خۆکوشتن، لەناوبردن یا شاردنەوەی بەڵگە تاکەکەسییەکان، بەربەستدانان بۆ پەیوەندی ژنانە، هەڕەشەی تەڵاقدان و هتد.
- توندوتیژی جەستەیی / لێدان، گرتن ،بەستنەوە، زیندانیکردن ، دەرکردن لە ماڵەوە، قەدەخەکردنی خواردن، مستلێدان، پاڵپێوەنان و هەرچەشنە لێدانێکی جەستەیی.
- توندوتیژی دەروونی یا کەلامی/ جنێودان، قسەلەگەڵ نەکردن، تووڕەیی و هاوارکردن بەسەریدا، لەناوبردنی بڕوابەخۆبوون، لەناوبردنی کەرامەتی ئینسانی، شەرمەزارکردن، منەتکردن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و هتد.
- توندوتیژی جنسی/ لەبەرچاونەگرتنی دۆخی تەندروستی لەکاتی پەیوەندی جنسیدا، مەجبوورکردن بۆ لەباربردنی منداڵ و منداڵبوونی نەخوازراو ، دەسترێژی جنسی.
- توندوتیژی ئابووری/ بەربەستدانان بۆ سەربەخۆیی ئابووری ژن، فرۆشتنی زێڕ و کەلووپەلی تایبەت بە ژن، خەرجنەکردنی پارە بۆ بژێوی ژن.
- توندوتیژی یاسایی/ بەربەستدانان بۆ بەخێوکردنی منداڵ لەکاتی تەڵاقدا، فرەژنی، تەڵاقنەدانی ژن بەپێچەوانەی خواستی خۆی.
- بەربەستدانان لەبەرامبەر گەشەو پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، فیکری و فێرکاری، رێگەنەدان بەکارکردنی ژن، بەربەستدانان بۆ درێژەدان بە خوێندن، بەربەستدانان بۆ پەیوەندی لەگەڵ خزم وکەس یا هاوڕێکانی ژن.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی جۆرەکانی توندوتیژی جیهانی بەپێی قۆناخەکانی ژیان دابەش دەکات:
_ قۆناخی بەرلەدایکبوون/ لەباربردنی منداڵ بەبۆنەی ڕەگەزەوە، بەتایبەتی کچ، هەوڵدان بۆ لەناوبردنی کۆرپەلە لەماوەی دووگیانیدا.
_ قۆناخی مێرمنداڵی/ منداڵی کچ توندوتیژی جەستەیی، جنسی و دەروونی بەرامبەر دەکرێ.
_ قۆناخی منداڵیی/ منداڵهاوسەریی، خەتەنەی کچان، دەستدرێژی جنسی، فرۆشتنی جەستەی منداڵان و بەکارهێنانی منداڵان لە ڤیدیۆی نەشیاو.
_ قۆناخی لاویی/ توندوتیژی بەرامبەر خۆشەویستەکانیان بۆ نموونە تێزاپ پێداکردن و دەستدرێژی، پەیوەندی جنسی بەهۆکاری کێشەی ئابووری واتا لەشفرۆشی، وەک ئەو کچانەی کە خوێندکارن بۆ دابینکردنی و پارەی خوێندن زۆرجار پەیوەندی جنسیان لەگەڵ کەسانی هاوتەمەنی باوکیان دەبێت، دەستدرێژی جنسی لە شوێنی کار، هەڕەشەی جنسی و هتد.
- قۆناخی گەورەساڵی/ مەجبوورکردن بە خۆکوژی یا کوشتن بە هۆکاری ئابووری ، ئەنجامدانی توندوتیژی جنسی و دەروونی.
ڕێککەوتننامەکان:
١_ ڕێککەوتننامەی سیداو، بەمانای ڕێککەتنامەی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بەهەموو جۆرەکانی جیاکاری دژ بە ژنان دێت.
سیداو پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە لەلایەن کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان پەسند کرا. ئەو پەیماننامەیە هەموو جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان لەناو دەبات. هەروەها وەک هاوشێوەی پەیماننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی وەسف کراوە ئەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە لە ماوەی ساڵی ١٩٧٩ی زایینی پەسەند کراوە پێشکەش بە وڵاتان کرا بۆ ئەوەی بەشداری بکەن و واژۆی بکەن، جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی لە ساڵی ١٩٨١ دەستی پێکردووە و پەیماننامەکە لە پێشەکییەک و سی بەند پێکدێت کە دیاریترین مافەکانی ژنانی تێدا چەسپاوە.
١/ هەموارکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی کە جیاکاری ڕەگەزی لەخۆ دەگرن.
٢/ قەدەغەکردنی بازرگانی و بەکارهێنانی ژنان.
٣/ فەراهەمکردنی خوێندن و خزمەتگوزاری تەندروستی بۆژنان.
٤/ دەستەبەر کردنی مافی خاوەندارێتی و ئازادیی کار.
ئەو وڵاتانەی کە ڕێککەوتنەکەیان واژۆ کردووە
سوید یەکەم وڵات بوو کە لە ساڵی ١٩٨٠ بە فەرمی ڕێککەوتنەکەی واژۆ کرد؛ بۆ ئەوەی ساڵی دواتر دوای واژۆکردنی 20 وڵاتیتر، ژمارەی ئەو وڵاتانەی پەسەندیان کرد، گەیشتە 186 وڵات و قەتەر و فەلەستین دوا وڵات بوون کە ئەم ڕێککەوتنەیان ڕێکخست و هەموو وڵاتانی عەرەبی واژۆیان کرد ئەوە جگە لە سودان. بەڵام زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئێران پەسندیان نەکردووە و هەندێک ڕەخنەیان دەربڕیوە سەبارەت بە هەندێک بڕگە کە پێچەوانەی فێرکارییەکانی شەریعەتی ئیسلامی و یاسا نیشتمانییەکانن.
_ لە مادەی دووەمی ڕێککەوتننامەکە دەڵێ هەموو ئەو وڵاتانەی ئیمزایان کردووە دەبێ هەموو ئەو یاسایانەی کە جیاکاریی لە نێوان ژن و پیاودا دادەنێ دەبێ بیسڕنەوە ئەوەش لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام ناگونجێ بۆ نموونە لە مەسەی میراتدا.
_ بۆ نموونە لە مادەی شازدەدا باس لەلابردنی هەمووجۆرە سەرپەرشتی و خاوەندارییەک دەکات لەسەر کچان و ژنان لەلایەن باوک و برا و مێرد و سەرپەرشتیاری تر.
_ کچ دەتوانێ ناوی دایک هەڵبگرێت وەک چۆن ناوی دایکی هەڵدەگرێت.
_ قەدەغەکردنی فرە ژنی.
_ چۆن پیاو دوای جیابوونەوەی هاوسەرەکەی بۆی هەیە ڕاستەوخۆ ژن بێنێت ژنیش دەتوانێ.
بەرزکردنەوەی تەمەنی شووکردنی کچان بۆ ١٨ ساڵ. ژن ئازادە منداڵی ببێ یان نا.
٢_ جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ کە لە پێشەکییەک و ٣٠ بەند پێکهاتووە.
جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ یان مافنامەی جیھانیی مرۆڤ پەیمانێکی نێونەتەوەیییە کە لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٨ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە مافە بنەڕەتییەکانی ھەر مرۆڤێک پەسەند کرا. ئەم جاڕنامەیە ئاکامی ڕووداوەکانی شەڕی جیھانیی دووەم بوو و بۆ یەکەم جار باسی لە تەواوی ئەو مافانە دەکرد کە ھەر مرۆڤێک لە ھەر شوێنێکی جیھان خاوەنیەتی.
٣_ ئەنجوومەنی چالاکییە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
کارەکانی:
کار لە سەر زیاترکردنی ڕێز و پارێزگاریکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی دەکات. لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکوومییەکاندا سەبارەت بە کاروبارە ئابووریو کۆمەلایەتییەکان ڕاوێژ دەکات.
مافەبنچینەییەکانی مرۆڤدا هەندێک لە مافەکان باسکراون کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە بنچینەیی و بناغەی مرۆڤایەتی دادەنرێن و تۆمارکراون لە ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیماننامەی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە شارستانی و سیاسییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و ئەم مافە پێناسە کراون تێیدا:
مافی چارەی خۆنووسین[١]
مافی ئازادیی بوون[٢]
مافی دادگایکردن بەپێی یاسا کارپێکراوەکان[٢]
مافی ئازادیی جووڵانەوەکان[٣]
مافی ئازادیی بیروڕا[٤]
مافی ئازادیی ئایین[٤]
مافی ئازادیی ڕادەبڕین [٥]
مافی ئازادیی کۆبوونەوە[٦]
مافی ئازادیی پێکهێنانی یەکێتی و کۆمەڵەکان[٧]
دەسەڵاتی دادوەری
٣_ کۆمیسیۆنی دۆخی ژنان (بە ئینگلیزی: Commission on the Status of Women) کۆمیسیۆنێکی کاراییی ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێک لە ئۆرگانە سەرەکییەکان لە ناو نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەو کۆمیسیۆنە وەکو ئۆرگانێکی نەتەوە یەکگرتووەکان وەسف کراوە کە یەکسانیی جێندەری و بەھێزکردنی ژنان بەرەوپێش دەبات.[٢] ساڵانە نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک کۆدەبنەوە بۆ ھەڵسەنگاندنی پێشکەوتنەکانی یەکسانیی جێندەری، دەستنیشانکردنی بەربەستەکان، دانانی ستانداردی جیھانی و داڕشتنی سیاسەتی کۆنکرێتی بۆ پێشخستنی یەکسانیی جێندەری و پێشکەوتنی ژنان لە سەرانسەری جیھاندا.
ئێران لە کوێی ئەو هاوکێشەدایە
ئایا لە سیستەمی سیاسی و یاسایی ئێراندا تا چەند گرنگی بەو پرسە دراوە
ئەگەر چاوێک بە یاسا و سیاسەتی ڕژێمی ئێراندا بخشێنین، دەبینین بەیاساو سیاسەت و پەروەردە و کولتوور دژی مافە بنەڕەتییەکانی ژنانە و لەمێژووی دەسەڵاتی خۆیدا ئەوەی سەڵماندووە. ئەو پەیماننامەی باسمان کرد ئێران لە بەشێکیان ئەندامە یا ئەندام بووە چونکە تا ئێستا دووجار لە کۆمسیۆنی ژنانی ئەنجوومەنی ئابووری کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بووەتە ئەندام و دەرکراوە لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ئێران لە کۆمیسیۆنی دۆخی ژنان سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بەھۆی پێشلکارییەکانی دژی خۆپیشاندانەکانی ٢٠٢٢ی ئێران و پاش ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی جەستەیی، جنسی و زارەکی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە دژی ژنان. ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ لە ١٥ی کانوونی ٢٠٢٢، ئێرانی لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی ژنان دەرکرد. بڕیارنامەی پێشنیارکراو بۆ ئەمە لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەش کرا و ٢٩ ئەندامی ئەم ئەنجوومەنە پشتگیریان لە بڕیارنامە پێشنیار کراوەکە کرد.
ئەم کارە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەم کۆمیسیۆنە ڕووی دا، وەک کاردانەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کوژرانی «ژینا ئەمینی» و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی ژنانی ئێران کە بەھۆی کوژرانی ژینا ئەمینییەوە سەری ھەڵدابوو. ھاووڵاتیان و چالاکانی سیاسیی نەیاری ئێران پێشوازییان لە دەرکردنی ئەو وڵاتە لە کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان کرد و لە بەرامبەردا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم کارەی بە «نایاسایی» ناوبرد. ئێران ڕێککەوتننامەی سیداوی واژۆ یا پەسند نەکردوە لەبەرئەوەی هیچ یەکێک لەو مافانەی قبووڵ نییە بۆ ژنان کە لە ڕێککەوتننامەکەدا هاتووە و پێیوایە دژی شەریعەتی ئیسلامییە.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە هەموو جۆرێک مافەکانی ژن پێشێل دەکات و توندوتیژی لە ئاستێکی بەرز دایە و بە هەموو سێکتەرەکانی وڵات مافی ژنی پێشێل کردووە، ئەگەر لە سیاسەت و دەستووری وڵاتەوە دەست پێبکەم دەبینین چۆن ژنی بەدەستوور یا یاسای بنەڕەتی بێبەش کردوە لە کۆمەڵێک پۆستی سیاسی لەبەر ئەوەی پێی وایە ژن زەعیفەیە و ئەو پۆستانەی پێ بەڕێوە ناچێ و هەتا ئێستا کەمترین رێژەی ژن لە پەرلەمانی ئێراندا هەن کە شوێنی یاسادانانی وڵاتە. ئەگەر باس لەیاسای خێزان بکەم ژنی تەنها لە چوارچێوەی ماڵدا خولاسە کردۆتەوە و کاری خزمەتی ماڵ و منداڵە و پیاویش بەخێوکەر و خاوەنیەتی. لەیاسای کاردا جگە لەوەی ژنان زۆربەی کات ڕووبەرووی توندوتیژی یا دەستدرێژی جنسی دەبنەوە هەقدەستی کاریان نیوەی پیاوانە.
ئەگەر بەگشتی چاوێک بەبارودۆخی ژنان لە ئێراندا بخشێنین دەبینین کە ژنان بەگشتی خاوەنی یەک کێشەن بەڵام ژنی کورد چەند قاتی ژنێکی نەتەوەکانی دیکە دەچەوسێندرێتەوە و بەتوندوتیژی سیستماتیک و بەرجەستەترینیان توندوتیژی سیاسییە، ئەبەدەن ژنی کورد لە ئێراندا بۆی نییە هیچ پۆستێکی سیاسی وەربگرێ و هەر ژنێکیش بۆلای سیاسەت بچێ ئەوە بەتوندترین شێوە سزادەدرێت و جگە لە ئەشکەنجەیەکی زۆر و دەستدرێژی جنسی حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەردەکات. نوێترین نموونەش ورێشە مورادی و پەخشان عەزیزی-ن. ئەوەش وادەکا کە لە سیاسەتی ئێراندا سیاسەت بڤە بێ و ناچارن لە ڕێگەی ئەنجوومەنە مەدەنییەکانەوە بێنەمایدان و سیاسەتی خۆیان دژی ئێران داڕێژن و لە ڕووی کولتوورەوە دژیان دەجەنگی و ڕێگەیان پێنادات بە جلوبەرگی کوردی و زمانی کوردی بخوێنن و تا ئێستا چەند ژن زیندانیکراون کە لە ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان و زماندا مامۆستان وەکو زارا محەمەدی.
لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ڕژێمی ئێرانەوە ژنان ڕووبەرووی سیاسەت و پلانە دژە ژنەکانی ئێران بوونەتەوە بۆیە هەمیشە ترسی لە دەسەڵاتی ژنان هەیەو جگە لەوەی بێبەشیان دەکات لە مافەکانیان بەتوندترین شێوە سەرکوتیان دەکات، باشترین نموونەش بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوو کە بەهۆی کوشتنی ژینا ئەمینی-ەوە سەریهەڵداو چەندین ژن و لاو بوونە قوربانی و شەهید بوون. ئێران لە نێوخۆ ژن سەکوت دەکا و پەل بۆ وڵاتانی دراوسێ داوێت و هەموو سنوورەکان دەبەزێنێت و نەیارانی خۆی کە بە «دژەشۆڕش» ناویان دەبا، تیرۆریان دەکات. باشترین نموونەش هێرشە مووشەکییەکەی ١٧ی خەرمانانی ٢٠١٨ بوو کە دوو سکرتێری ڕێکخراوی یەکیەتی ژنانی وێڕای هاوڕێیانیان شەهید کرد ئەوانیش شەهید نەسرین و شەهید سوهەیلا بوون، لە ٦ی رەزبەریش شەهید هاجەر و شەهید رێحانە بوون. بەبێ گوێدانە یاسای جەنگ و یاسا نێودەوڵەتییەکان کە باس لە پاراستنی ژن و منداڵ دەکەن.
ڕژێمی ئێران لە ٤٥ ساڵی تەمەنیدا پەنای بۆ شێوازی جیاواز بردووە بۆ ناچارکردنی ژنان بۆ ڕەچاوکردنی حیجاب و تاقیکردنەوەیان: لە ئامۆژگاری و هەڕەشە لە مینبەرەوە، ناساندنی پەروەردەی ئیجباری حیجاب لە کتێبی خوێندندا و غەرامە و شەق لە کوێرکردنەوە خۆپیشاندەران بۆ حیجابی ناچاری لە شەقام و زیندان و ئەشکەنجەدان. ئەم حکوومەتە ئێستا ڕووی لە زانستی دەروونناسی کردووە و دەیەوێت نەیارانی حیجابی ئیجباری لە «کلینیک» و بە «بوونی پرۆفیسۆری بەئەزموون لە بواری فەلسەفە و بەهاکانی حیجاب» قەناعەت پێبکات کە ڕەچاوی حیجاب بکەن.
بۆیە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەم ڕژێمە دەسەڵاتدار بێ، ژن بێبەشە لە هەموو مافێک بەتایبەت ژنی کورد.
رۆڵی حیزبی دێموکڕات و رێکخراوی یەکیەتی ژنان لە ککەمکرنەوە یا نەهێشتنی توندوتیژی
ئەگەر چاوێک بە مێژووی حیزبی دێموکراتدا بخشێنین دەبینین کە هەر لەسەردەمی کۆماری کوردستانەوە بەدامەزرانی رێکخراوی ژنان و هێنانەمەیدانی ژنان لەکاری سیاسی و تەشکیلاتیدا سەلماندی کە حیزبێکی دێموکرات و ئازادیخوازە و دواتر هەموو ئەو ڕێککەوتننامانەی قبووڵ کردوە کە تایبەتن بە یەکسانی ڕەگەزی و کاریشی بۆ کردووە و یەکەم حیزبیش بووە کە فرەژنی و ژنبەژن و گەورە بەبچووکی و مارەکردنی کچی لە تەمەنێکی کەم قەدەغە کردوە و کاریگەریی باشی لەسەر کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە و لە بەرنامە و ئەساسنامەی خۆیدا بە دەق باس لە یەکسانی ژن و پیاو دەکات بەڵام دەبێ لە ئێستادا خۆی ئاپدەیت بکاتەوە و زیاتر کار لەسەر هێنانە مەیدانی ژنان بکا بەرەچاوکردنی جێگەو پێگەی ژنان و هاوکاریکردنیان بۆئەوەی ژنانی زیاتر لەناوەندی بڕیاردا هەبن.
دیارە ئەگەر باسێکیش لە ڕێکخراوی یەکیەتی ژنان بکەم دەڵێم رێکخراوێکە سرفەن لە پێناو هێنانەدی یەکسانی ڕەگەزی و هۆشیارکردنەوەی ژنان دامەزراوە و لەدرێژەی خەباتی خۆیدا وێڕای هەوراز و نشێوەکان چەندین ژنی پەروەردە کردوە و تائێستاش بەردەوامەو پێداگرە لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەکانی بەڵام هەم حیزبی دێموکرات و هەمیش رێکخراوی ژنان لە ئاستی گۆرانکارییەکان و پێشکەوتنەکاندا کار بکەن.
ئەرکی ژنان چییە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی توندوتیژی
کاتێک باس لە ئەرک دەکرێت دەبێت لەبەرامبەردا مافێکیش هەبێت. سەرەڕای هەموو ئەو مافانەی بۆ ژن دەستەبەر کراوە و ڕێوشوێنی بۆ دانراوە توندوتیژی هەر بەردەوامەو هەر ڕۆژە و بەجۆرێک و بەشیوازێکی نوێ سەرهەڵدەدا وەک لە ئێستادا دیریترینیان سۆشیالمیدیایە کە لە پانێلێکی جیادا باسدەکرێ و من ناچمەسەری. جگە لەوەش لە جیهانی سەرمایەداریشدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ژن بەجۆرێک قوربانییە و ژن وەک کالایەکی بازرگانی دەبینرێ و ڕیکلام بەجەستەیەوە دەکرێ. چونکە ئازادیی ژن لە ئازادی ڕادەربرین و بڕیارداندایە نەک لە ڕووتی و جوانکاری کە ئێستا زۆر ڕوو لە هەڵکشانە لە وڵاتە دواکەوتووەکانیش بەجۆرێکی دیکە قوربانی دابونەریتە کۆنەکانە و ناتوانێ لێی دەرچێ. ئەگینا تووشی سزادان لەلایەن کۆمەڵگەوە دەبێتەوە. بۆیە شێوازی توندوتیژی لە شوێن و ناوچەیەکەوە جیاوزە لە شوێنێکیتر و بەپێی سیاسەت و یاسا و کولتووری کۆمەڵگە دەگۆڕێ بەڵام ئەرکی ئیمەی ژن چییە بۆ ئەوەی کەمترین ڕێژەی توندوتیژی ببینین:
یەکەم، بردنەسەری شعووری سیاسی و کۆمەڵایەتی
دووەم، خۆپێگەیاندن و خۆخوێندەوارکردن
سێیەم، هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی ئابووری
چوارەم، تێگەیشتن لەوەی کە لە بەرامبەر مافدا ئەرک هەیە و هەڵبژاردنی هاوسەری ژیان بە تێبینی و هاوکوفیەوە بێ. هاوکووفی واتای چییە و لە کۆتایشدا دەڵێم هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی تەنها ئەرکی ژنان بەتەنیا نییە بەڵکو ئەرکی حکوومەت و ڕێکخراوە حکوومی و مەدەنی وچالاکانی مافەکانی مرۆڤ و یاساناس و پیاوانی یەکسانیخوازە.