حەسەن حاتەمی
پێشەکی
لە ماوەی نیو سەدەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، دوو شەڕی ماڵوێرانکار، پڕ خوێن و پڕ تێچوو لە جیهان روویان دا کە چەندین میلیۆن مرۆڤ گیانیان و ژیانیان لەدەست دا کە زۆربەیان پیاو یا کوڕ بوون. بەتایبەتی ئەوانەی لەبەرەکانی شەڕدا بوون.
لەبەرانبەردا، کچان و ژنان لە وڵاتانی بەشدار و تێوەگلان لە شەڕ بەتایبەتی لە ئورووپادا، زۆر چالاک و وزەبەخش بوون بۆ سازکردنەوەی وڵاتەکانیان لە مێژووی نۆژەنکردنەوەی ژیان و ئاوەدانیدا. لە درێژەی ڕەوتی گەشە و چاکسازیدا و دژایەتی لەگەڵ شەڕ و بەفەرمیی ناسینی مافی ئینسانی بەتایبەتی ئازادی و یەکسانی و پێکهاتنی ڕێکخراو گەلێک بۆ بەرگریی لێیان بەتایبەتی جاڕی گەردونی مافی مرۆڤ، هاوپێوەندییەکی مەزنی ژنان و کچان لە جیهان بۆ مافی ئازادی و یەکسانی بە یارمەتی پیاوان و کوڕانی خاوەن ئەو بیروهزرە، سەراەڕای ئەوەی چەند شەڕیی ناوچەیی دیکەش بەداخەوە قەومان بەڵام زۆر مافیش بەفەرمی ناسران. بۆ وێنە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان لە ١٩٧٧ وەک «ڕۆژی مافی ژنان و ئاشتی نێونەتەوەیی» و لە ١٧ ئۆکتۆبری ١٩٩٩ ٢٥ی نۆڤامبر وەک «ڕۆژی جیهانی خەباتی نا بۆ توندووتیژی دژی ژنان».
ڕۆژی جیهانی نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان کە مەبەستی باسەکەی ئێمەیە، لە کارەساتێکی تاڵ لە وڵاتی کۆماری دۆمێنیکێن لە ئەمریکای ناوەندی، لە ٢٥ ی نۆڤامبری ١٩٦٠ ڕوویدا کە سێ خوشک لە کۆی چوار خوشکی بنەماڵەی میراباڵ، بە ناوەکانی پاتریا، مینرۆا و ماریا ترێزا لەلایەن سەرکوتکارانی دەسەڵاتی تروخیلوی دیکتاتۆڕ ڕفێندران، ئەشکەنجەکران و بە خنکاندن و هەناسە لێبرین «قەتڵی دەسەڵاتی» کران. خوشکی چوارەم بە نازناوی دەدە ماوەی ٨٤ ساڵ ژیا و لە ٢٠١٤ بەشێوەی ئاسایی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
ئێران..
لە ئێران لە ساڵی ١٥٠١ لە دوای هاتنە سەرکاریی سەفەوییەکان زۆربەی کۆمەڵگەکان لە ئێران سوننی مەزهەب بوو. بەڵام دەسەڵات، مەزهەبی شیعەی بە فەرمیی ناساند. لەو کاتەوە دەسەڵاتی دوویەم لە هەناوی کۆمەڵگەکانی ئاریایی لە ئێران دا، هاوبەشی دەسەڵاتی پاشاکان بوون و شادەماری ژیانی گەلانیان بەدەست بوو.
لە یەکەم شۆڕش دا، لە ١٩٠٦ (١٢٨٥) کە ناوی مەشڕووتەی لێنرا و بۆ کەم کردنەوەی دەسەڵاتی ڕەهای شا بۆ سەلتەنەت کردن بوو، نەک بۆ حکوومەت کردن؛ توێژی مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی شیعە لەئێراندا کە هەتا ئەوکات، ماوەی ٤٠٥ ساڵ بوونیان هەبوو، بەشێوەی جۆراوجۆر زۆرینەی حەشیمەتیان کردبوو بە شیعە، کە شەڕ و شمشیر زۆرترین دەوری لەو شیعەکردنەدا دەگێڕا. مامۆستایانی ئایینی شیعە لەو شۆڕشەدا، دوو بەش بوون. بەشی یەکەم لە بەرەیی مەشرووتەخوازان بوون و بەشی دووەم دژبەر بوون و ناویان مەشرووعەخواز بوو.
ئەو ململانێیە ٧٢ ساڵی کێشا، هەتا مەشڕووعەخوازەکان بەتەواوی لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ دا، سەرکەوتن. لەو ٧٢ ساڵە دا، ٥٧ ساڵ دەسەڵات بە دوو شای پەهلەوییەکانی تازە دامەزراو بوو. باوک – ڕەزا شا ١٦ ساڵ – و کوڕ – محەممەد ڕەزا شا ٣٧ ساڵ -. هەرچەند خۆیان بە درێژەدەری مەشڕووتەخوازیی دەزانی بەڵام تێیدا سەرکەوتوو نەبوون. پەهلەوییەکان سەربارەت بە ژنان و کچان ڕەفتار و کردەوەکانیان لەسەریەک ئەرێنی بوو. لە بەرانبەر دا، مەرامی مەشڕووعە خوازیی حسێبێکی ئەوتۆیان بۆ ژنان و کچان نەدەکرد و لە ڕەدی مرۆڤی خاوەن ماف دا، بەداخەوە نەیاندەخوێندنەوە.
لەدوای شەڕی دووەمی جیهانی کە مێژوو بە «مێژووی هاوچەرخ یا سەردەم» پێناسە دەکرێ، کۆمەڵێک ڕووداو و تێکۆشان لەلایەن ژنان و کچان بوون بە هۆی درووستبوونی ژمارەیەک حیزب و ڕێکخراوی مەدەنی و تا ڕادەیەک تێکەڵاو لەگەڵ سیاسەت لەتاران و شارە گەورەکان لەلایەک و لە ئازەربایجان و کوردستان لەلایەکی دیکە، جێگە و پێگەی ژنان و کچان زۆر بەرز بۆوە. بۆ وێنە: بۆ یەکەم جار لە مێژوویی جوغرافیای سیاسی ئازەربایجان و ئێراندا کە لە ٢١ی سەماوەزی ١٣٢٤دا، حکوومەتی میللی ئازەربایجان ڕاگەیاندرا؛ ژنان و کچان لە ساڵی ١٣٢٤دا، مافی دەنگدان و خۆبەربژێریان بۆ بەشداریی و بەڕێوەبەری لە شکڵی پەرلەمان و شووڕاکاندا، وەدەستهێنا و بەکردەوە ئەنجام درا.
لە جوغرافیای سیاسی و دەرفەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ کۆماری کوردستان ڕاگەیاندرا، ٥٢ ڕۆژ دواتر حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان دامەزرا. لە درێژەی ئەو حیزبە بە ڕێکخراوی ژنان و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، کە درێژترین مێژووی تێکۆشانی ئەو ڕێکخراوە بەتوانایەیە، ٧٩ ساڵە مێژوو و تێکۆشانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی نیشتیمان و تاراوگەدا، بە هەڵکشان و داکشانی خۆیەوە، هەیە.
هەروەها، لە ساڵی ١٩٦٢ (١٣٤١) لە ئێران و زەمانی پەهلەوی دووەم (محەممەد ڕەزا شا) دا، بیری ئیسلامی سیاسی لە درێژی مەشڕووعە خوازییدا، دژایەتیی ئەنجوومەنی ئەیالەتی و ویلایەتیی و ڕێفۆڕمی شای کرد، کە لە یەک لە ماددەکانیدا، هەوڵی جێگیرکردنی مافی دەنگدانی کچان و ژنان لە ئێرانێ بە فەرمیی دەرکرد. ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی شیعە موخالیف و دژبەر بوون. ڕێبەریی دژبەران ڕوحوڵڵا خومەینی بوو کە دواتر بۆ ئەوەی ئێعدام نەکرێت پلەی ئایینیەکەی لە حوجەتولئیسلامەوە کرا بە ئایەتوڵڵا. ئەوە ململانێیەکی زۆر گرینگ نێوان بیری ئیسلامی سیاسی و عورفی و سکولار، بەبۆچوونی ئەمڕۆ، بوو کە ١٦ ساڵ، دواتر ئیسلامی مەشڕووعە و سیاسی لە شەپۆلی بەهێزی ناڕەزایەتییەکانی دژی دەسەڵاتی محەممەد ڕەزا شا (پهلوی دووەم) کە لە ٢٦ی بەفرانباری ١٣٥٧ لە ئێران ڕۆیشت، خومەینی هاتەوە ئێران و بە فێڵ و تەڵەکە (تەقیە) زاڵ بوو کە دەسەڵاتێکی دژەمرۆیی و دژەژنی جێگیر کرد و پتر لە ٤٥ ساڵە گەلانی ئێرانی تووشی ناخۆشترین ژیان و گوزەران کردووە.
بۆ ئەوەی بەشێک لە بۆچوونەکانی خومینی سەبارەت بە ژنان و کچان پتر بزانین پێویستە ئاماژە بکەین کە لە ١٠ی ڕەشەمەی ١٣٤١دا، لە نامەیەک بۆ شا لە دانی مافی دەنگدان بۆ ژنان و کچان ناڕەزایەتی دەردەبڕێ و بەپێچەوانەی بنەمای قورئان و ئیسلامی دەزانێت. پێشتریش ئەو لە (صحیفەی نور جلد اول، تهران وزارت ارشاد اسلامی ١٣٦١، ص ٢٧) نووسیبووی: «دەسەڵاتی ئێران بە یاسا پیرۆزەکانی ئیسلام دەستدڕێژی کردووە و بە یاسا سەلماوەکانی قورئان تەمای دەستدرێژی هەیە و بە یاسای بنچینەیی دەیهەوێ ژنەکانی بەعیفەت و پاک بێزراو و میللەتی ئێران سەرشۆڕ بکا».
لەلایەکی دیکەوە ئایەتوڵڵا خومەینی بڕوای وابوو: بەجێهێنانی ئەو جۆرە یاسایانە و بەشێک لە ماددەکانی وەک: نیزامی زۆرەملێ [سەربازی] بۆ کچان، یا یەکسانی مافی ژن و پیاو بە ئاشکرا بە مانای لابردنی قورئان و ئیسلام لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دایە. هەروەها خومەینی کاتێک ڕەخنە لە کارنامەی سەرۆک وەزیری و کابینەی عەلی ئەمینی دەگرێ دەڵێ: ئیدارەی سەرانسەری وڵات هەڵەیە. پەروەردە لە قوتابخانەکان و زانستگەکان دا، بە تەواوی هەڵەن و تەنیا کافر بەرهەم دێنن.
کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان توندوتیژی دژی ژنان بە «هەرجۆرە کردەوەیەکی توندووتیژی لەسەر بنچینەی جێندر (ڕەگەز) کە بە برین هەڵگرتن یا جێی لێدان و ناڕەحەتی لەش و دەروون بە زەبر لێدان پێناسە دەکا، کە هەڕەشە لەو کردەوانە بە زۆری و بەربەست کردنی ئازادی (چ لە کۆمەڵ و چ لە ژیانی تاکەکەس) دا، دەگرێتەوە. هەرەوەها، هەرجۆرە ڕەفتارێکی توندی ڕەگەزی کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی لەش، دەروون و ناخۆشی و ئازار گەیشتن بە ژنان، چ بە شێوەی هەڕەشە، یا کەند و کۆسپی ڕێگریی بێ ئیختیاریی لە ئازادی چ بەشێوەی ئاشکرا و بەشێوەی نەهێنی، بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان پێناسە دەکرێ.
شۆڕشی گەلانی بەرایی لە ئێران کە لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧دا سەرکەوت، ڕێژیمی پاشایەتی بە مێژوو سپێردرا. ٢٥ ڕۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە یەکەم چالاکی ژنان لە ١٧ ڕەشەممە (٨ی مارس)دا، لە تاران و چەند شاری دیکە یەک لەوان سنە، خۆپێشاندانێکی مەزن بەڕێوەچوو. ڕێز لە ٨ی مارس گیرا و بەدژی درووشمی نوێی دەسەڵاتی ئێران واتە «یا روسری یا توسری» کە پاشان «حیجابی زۆرەملێ»ی لێکەوتەوە، هەڵوێستی توند گیرا. ئەو درووشمە و کردەوەکانی دواتر کە لە دەستووریی دامودەزگاکانی دەسەڵاتی نوێ هاتنە ئاراوە، ژنان و کچان کران بە ئامانجی یەکەمی توند و تیژییەکان.
لە یەکەم بەهاردا کە ناوی «بەهاری ئازادیی» لێنرا، شەڕێکی خوێناوی بە سەر سنەدا سەپا. هێرشی ڕێژیم بۆ نێوشار وێرانی، کوژران و زیندانی کرانی تێکۆشەرانی گەلەکەمانی لێکەوتەوە. ئەو کارە سەرکوتکارانەیە، پێشێلکاریی مافی کورد و کوردستانیان بەگشتیی و مافی ژنان و کچان بەتایبەتی بەتوندترین شێوە لێکەوتەوە.
لە ١٠ی خاکەلێوە کە بۆ ئێمەی کورد ڕۆژێکی زۆر شووم و ناخۆشە و ڕێبەرانی کۆماری کوردستان، شەهیدان پێشەوا قازی محەممەد، حەمە حوسێن خانی سەیفی قازی، ئامۆزا و سەدری قازی برای پێشەوا، سەردار کرابوون و گیانیان لێئەستێندرابوو، یەکەم ڕێفراندۆمی دیاریکردنی ڕژێمی نوێ ئەنجام درا. لە ١٢ی خاکەلێوە، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیەندرا. زۆربەی گەلی کورد، حیزب، ڕێکخراو و کەسایەتییە میللی – مەزهەبییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک: حیزبی دێموکراتی کوردستان (ئێران)، کۆمەڵەی شۆڕشگێر، یا بەڕێز مامۆستا شێخ عێزەدەینی حوسێنی بەشدارییان نەکرد. لە ئاستی سەرانسەریشدا، چریکە فیداییەکان، بەرەی دێموکراتیک دا مەتین دەفتەری و ژمارەیەکی زۆر لە ڕووناکبیرانی وەک: یاد بەڕێز ئەحمەدی شاملوو و هاو چەشنەکانی بەشداری ئەو ڕا پرسییە نەبوون. چونکە مافەکان نەتەنیا پارێزراو نەبوو، نێوەرۆکی کۆماری ئیسلامیش نادیار بوو.
گەلی کورد زۆر زوو هەڵوێستی لەبەرانبەردا گیرا کە بە داسەپاندنی شەڕی سێ ڕۆژەی نەغەدە، لە ٢٩، ٣٠ و ٣١ی خاکەلێوەدا، توندوتیژی بۆ جاری دووەم وێرانی و کوشتار، ئەم جار بەجێهێشتنی ماڵ و ژیانیشی بۆ کوردەکانی پێوە بوو. چەند ساڵ هاوژینی و خزمایەتی و ئارامی نێوان کورد و تورکی ئازەری و بوونی شووڕای هاوبەشی ئیدارەی شاری نەغەدە، بەرەو توندوتیژی و مرۆڤکوژی، ژن و منداڵکوژی بە فەرمانی ئاخوند حەسەنی پێشنوێژی هەینی شاری ورمێ و نوێنەری ئایەتووڵڵا خومەینی، ڕێبەری مەزهەبی ڕژێمی نوێ ئەنجام درا.
دواتر لە شەڕی سێ مانگە و ١١ی خەرمانانی ١٣٥٨دا، لە گوندی قاڕنێ لە ٧ کیلۆمیتری نەغەدە، کارەساتی کۆمەڵکوژی ڕووی دا و ٦٨ کەس لە ژنان، کچان و پیاوان و کوڕانی دانیشتووانی ئەو گوندە خنجیلانە و پڕ وەزەیە بۆ ژیان و بەرهەمهێنانی لادێی کرا، تەنانەت مەلای ئاوەدانیش کە قورئانی بۆ تکایە بۆ نەکوژرانی خەڵک بەدەستەوە بوو، بەداخەوە گیانی لێئەستێندرا. ئەو کردەوە جینایەتکارانەیە کە لە چەند ناوچەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش چەند پات بۆوە، ژنان و کچانی ئەو دەڤەرانە بە لەدەسەتدانی باوک، برا، هاوسەر، خزم و کەس، جیران و هاودەیی، تووشی ژانی ژیانی دوور و درێژ بوون، بۆ ئەوەی سەپاندنی دەسەڵاتی نگریس و پڕ لە ئێش و ئازاری جینایەتکاریی خۆی سەقامگیر بکا. ئێستا پتر لە ٤ دەیەیە بەهۆی بەرگریی و بەرخۆدانی هەموو ئۆگرانی ئازادیی و ژیانی ئینسانی کچان و ژنان، پیاوان و کوڕان، حیزب و ڕێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکان، دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیی سەرکەتوو نەبووە.
جێی ئاماژەیە کە زیندانییەکانی سیاسیی دە ساڵی یەکەمی خۆسەپێنی ئەو ڕێژیمە دژی مرۆییە کە زۆربەی کچ و ژنی لاوی بە تاک و بە کۆ کە کوژران، پێش گیان لێئەستاندیان لاقەشیان دەکردن کە ڕێکخراو و حیزبەکان بە تایبەتی موجاهدین، حیزبی دێموکرات، کۆمەڵە و چریکە فیداییەکان پشکی شێریان پێ بڕا. بۆ وێنە: شەهین باوەفا لە سنە لە ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٥٩ دا، لەگەڵ فریشتە گوڵعەنبەرایان و غوڵامڕەزا خاکباز، شەهلا و نەسرینی کەعبی دوو خوشکی سەقزیش لە ٧ ی خەرمانانی ١٣٥٩ و سەدان موجاهید لە تاران، تەورێز و شارەکانی دیکەی ئێرانی داگیرکراوی بە هۆی ئیسلامی سیاسییەوە، گیانیان لێئەستێندرا.
وشەگەلی گرینگ و کلیلی، سەبارەت بە توندوتیژی:
توندوتیژی نێوماڵ، توندوتێژی بنەماڵەیی، توندوتیژی دژی ژنان و کچان، زەعیفە، ڕوانگەی ئەمنییەتی لەسەر ژنان، توندوتیژی لەشی و دەروونی، جیا کردنەوەی کچان و کوڕان لە قوتابخانەکان، ڕفاندن، لاقەکردن و دەستدریژیی جنسی، زیندان، دەستدرێژیی بۆ کچان پێش ئێعدام، ژنان و کچانی زیندانی خەزا بۆ پاسداران، هێزە ئینتیزامییەکان، پۆلیسی فەتا، منداڵانی نێوزیندان، ژووری تاکەکەسی یا ئەشکەنجەی سپی، بە پرچەوە هەڵاوسین لە زیندان، توندوتیژی لەسەر ڕەگەز، دەستئاواڵەبوون بۆ جینایەت (آتش بە اختیار)، سەربڕینی ژنان و کچان، فرۆشتنی کچان و ژنان، وەلانان، نێرسالاری، ئەنجوومەنی ئیسلامی لە زانستگەکان، گەشتەکانی سارئەڵڵا و ئیرشادی ئیسلامی، مەترسی لەسەرسڵامەتی ژنان، منداڵ هاوسەری، منداڵ ئازاری، ئەسڵی ١١٥ی دەستووری ئێران کە ژن ناتوانێ سەرکۆمار بێ، داسەپاندنی سەرپۆش و ڕووپۆش و ڕەنگی لیباس، حورمەت نەگرتنی ژنان و کچان، جنێودان، قسەی ناخۆش، تانە و تەشەر، لێدان و لاتاو پێدادان. شەڕ و کێشەی جەستەیی، بەپرچ ڕاکێشان، بەردباران، ژنکوژی، منداڵکوژی، دایککوژی، هەڵاواردن، ڕۆژنامە نووسانی کچان و ژنانی زیندانی، کۆمیتەی تاوان. گوشار بۆ خۆکوژی، قەتڵی نامووسی، قەتڵی پزیشکان و پەرستاران، دژایەتیی لەگەڵ پێشگیری لە منداڵ بوون، تەجاوزی گرووپی، شاهیدی دوو ژن لە بەرانبەر پیاوێکدا، ئەسید پڕژاندن بۆ دەمووچاوان، ئومووری تەربییەتی، حەڕاسەت، ئەماکن، سپای پاسداران، قەساس، شەقامی وزەڕا لە تاران، پانتایی جوغرافیای گەلانی ئێران مەیدانی توندوتیژی دژی ژنان و کچان، تیمارستانی ئیمام حوسێن، بەغی، پەرەستوو، تەقە لە لەشی ژنان بە تایبەتی چاوەکان، کلینیکی تەرکی بێ حیجابی، لایحەی حیجاب و عیفاف و…
شۆڕشی سێیەم بە پێشەنگی ژنان و کچان
بەربەرەکانی ژنان و کچان لە یەکەم هەنگاوەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی نوێی کاتیدا، دواتر کۆماری ئیسلامی لە ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، تا ئیستا بەشێوەی جۆراوجۆر لەئارا دا بووە و هەیە. ٨ ی مارسەکان، کەمپێنی یەک میلیون ئیمزا، کەمپێنی یاسای بێ سەنگسار، دایکانی خاوەران، ئازادییەکانی بە ئەسپایی، چوارشەمە سپییەکان، چەکی ئێمە دووربینی ئێمەیە کە مەسیح عەلینیژاد، لە زۆربەیاندا، نەخشی بەرچاوی ڕاگەیاندن و ڕێنونێ هەبووە، جێی سەرنجن.
ڕێژیم لە چۆنیەتی درێژەدانی دەسەڵاتی دوای نەمانی ڕوحوڵڵا خومەینی، ڕێگەیەکی دیکەی بە یاسایەکی بنچینەیی داخراوتر لە پێشوو و بە ڕێبەرێکی دیکەی لاوزاتر لە پێشتر بەناوی عەلی خامنەای، وەک: وەلی فەقیهی دووەم بەپێی یاسا نووسراو و نەنووسراوەکان بەتایبەتی ئەسڵی ١١٠، هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی توند کرد و ئەوەی بەناوی ئاڵوگۆڕخوازیی و گۆران لە ئاستی سەرکۆماریی، نوێنەرانی مەجلیس و شووڕاکان کە بەشی جمهوریەت لە بەرانبەر ئیسلامییەت دان، تەسلیم کران. هەتا ساڵی ١٣٩٦ یاری «ئیسلاحتەڵەب و ئوسوڵگەرا « لە ماوەی ٢٠ ساڵدا و سڕکرانی شەپوڵ (بزووتنەوەی سەوز) بوون بەهۆی بێئومێدی لەلایەن بەشێکی بەرچاوی گەلان ئارایی لە ئێران و «دوایی ماجەرا» دەستی پێکرد. سەرەڕای ئەوەی توندوتێژی زۆر لەگەڵ ژنان و کچان، ڕۆژنامەنووسان و سیاسییەکانی جیابیر لە دەسەڵات لە نێوخۆی ئێران و دەرەوە «قەتڵی حکوومەتی» و تیرۆرکران، لیستی دوور و درێژ سەبارەت بەو جینایەتانە هەیە.
ناڕەزایەتییەکان لە ساڵەکانی ١٣٩٧- ٩٨ دا، لەچوارچێوەی دروشمی «اصلاح طلب، اصولگرا دیگە تمومە ماجرا» خوێناویتر کران بەڵام درێژەیان کێشا و لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢٠٢٠) دا، بە «قەتڵی حکوومەتی» ژینا ئەمینی کە ناوی زۆرە ملێی مەهسای لە پێناسەکەیدا، بۆ داندرا بوو، لە تاران بەهۆی گەشتی ئیرشاد و بە بیانووی نادروستی «کەم ڕووپۆشی» بزووتنەوەیەک لەبەر دەرکی نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران دوای گواستنەوەی تەرمی جوانەمەرگی کوردستان، بۆ گۆڕستانی ئایچی لە سەقز، خرۆشی گەلان بەتایبەتی لە کوردستان، هاواری ژینا تۆ نامری و ناوت دەبێتە ڕەمزی خەبات و بەرخۆدان، شەقام و مەیدانەکان بوون بە مەکۆی تێکۆشان و شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» ئەمجار ژنان و کچان کە پێشەنگی ئەو خەباتە بوون جووڵانەوەکەیان بە هاوکاریی پیاوان و کوڕان بەرەو شۆڕشێک برد، کە دەسەڵاتی تارانی هەتا لێواری نەمان برد.
ئێستا لەم وتارەدا باس لە کوردستان و شوێنەکانی دیکەی جیهان، بەکەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدا، ئەو بزووتنەی لە کوردستان دەستیپێکرد و سەرەتا بەشی هەرە زۆری پارێزگەکانی ئێران، زۆر و کەم، تێیدا بەشدار بوون. هاوکات لە دەرەوە و بەشێکی زۆری جیهان دژی جینایەت و «توتالیتارێزمی ئیسلامی» شەقام و مەیدانەکان بە هەزاران کەسیان ئیدانە و دژایەتی ڕێژیمیان کرد. ئەو شەپۆلە مەزنە لەلایەن کەسانێکی شارەزا وەک شۆڕشی سێیەم پێناسەی دەکری کە مەشغەڵەکانی هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی، بە ئومێدەوە، هەرچەند زۆر بە دژواریی، ڕێگەی خۆی دەپێوێ.
ئەو شۆڕشەی کە بەرهەمی پتر لە چوار دەیە خەباتی، حیزب و ڕێکخراوە سیاسی، مەدەنیی و کەسایەتییەکانە و لە نێو ئەواندا، ناوەندی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، کە بەداخەوە ئێستا لاواز بووە، گەورەترین ڕۆڵی ئەرێنییان گیڕا. بەئامارێکی ناتەواو بەڵام جێی متمانە و باوەڕ پێکراو کە لە بەرنامەی ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی سوورخەڵاتان کە ژیان و سەربردەیی ١٤٠ شەهیدی شۆڕشی ژینا «ژن ژیان ئازادی» تێدا، کە لەلایەن خاتوو سۆما ناسری باسی کرا، بەشێک لە تێچووەکە بەجۆرە بووە، کە بەداخەوە هەر درێژەی هەیە.
لە کوردستان و ئێران سەرجەم لە ٣٦ پارێزگە خەڵک ڕژانە سەرشەقامەکان و بەشداری خۆپێشاندانەکان بوون. بەپێی ئامار ٦٠٠ کەس گیانیان لێئەستێندراوە کە ٥٧ کەسیان ژن و ٦٨ کەس منداڵ بوون. لەو ڕێژەیە ١٤٢ کەس کورد بوون. لەو ١٤٢ کەسە ٣٢٪ یان خێزاندار و ٦٧٪ سەڵت بوون، کە تەمەنی ١١٧ کەسیان لە نێوان ١٩ بۆ ٥٠ ساڵ بوو. ژیاننامەی ٩ ژن کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون نووسراون. ٢٢٢ ژن بە پێی ئاماریی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕەوتی شۆڕشەکە دا، دەسبەسەر کراون، کە چارەنووسی بەشێکیان تا ئێستاش هەر ناڕوونە. ١٦ منداڵ و [مێر منداڵ] لە ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆ یا لە ژێر ئەشکەنجە دا، شەهید کراون. کەم تەمەنترینیان ئەمیر حوسێنی سباتی خەڵکی شائاباد بوو کە بۆ قەڵەم و دەفتەر کڕین چووبووە دەر و پەیوەستی ناڕەزایەتییەکان ببوو، گیرا و لە ژێر ئەشکەنجە دا، شەهید کرا. دوو کەس لە سێدراە دران کە دواترین کەس ڕەزا ڕەزایی خەڵکی سەحنە بوو لە مانگی گەلاوێژدا، ئێعدام کرا.
هەروەها، ٩٠ کەس بە چەکی شەڕ، ١٩ کەس بە چەکی ساچمەیی، ١٤ کەس بە هۆی ئەشکەنجەدان، ٦ کەس بە هۆی باتووم لەسەردان، لە جوانڕۆ ٤ کەس بە دۆشکە، ٣ کەس بە دەمانچەی کۆڵت، لە مەهاباد سمکۆ مەولوودی بە چەکی قەناس شەهید کران. لە سەقز سەید محەممەد حوسێنی بە ماشێنی یەکەی تایبەتی، وەبەریان دا و کوشتیان. کەسێکی بەتەمەن لە دیواندەرە بە گازی فرمێسکڕێژ گیانی لێئەستێندرا.
بەو ئومیدەی بە دڕێژەدانی ڕێگای ئەو شەهیدانە، ئامانجەکانیان کە نەمانی رێژێمی دژی گەلان لە ئێرانە، بە خەباتی یەکگرتوانە و هەمەلایەنە بێتە دی و ئازادی، یەکسانی، مافی ئینسانی و دێموکراسی لە ئێرانی فرە نەتەوەدا، جێگیر بکرێن .