تێڕوانینێکی گشتگیر بۆ جەنگ:لە وێرانکارییەوە بۆ بنیاتنانەوە

دڵنیا سەقز
تەوەرى یەکەم: جەنگ وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕەهەندە ڕەگەزییەکانی جەنگ تەنیا ململانێیەکی چەکداریی نێوان دوو بەرەی ڕکابەر نییە، بەڵکو دیاردەیەکی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتییە کە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ڕۆح و دەروونی تاک و پێکهاتەی کۆمەڵگە هەیە. یەکێک لە دڵڕەقترین زیانەکانی جەنگ بۆ ژنان، توندوتیژیی ڕەگەزییە؛ ئەم دیاردەیە لە مێژووی جەنگدا وەک چەکێکی کاریگەر بۆ شکاندنی شکۆی بەرامبەر بەکارهاتووە بە تێڕوانینێکی کۆمەڵناسییانە، ئەم توندوتیژییانه بەشێکی دانەبڕاون لە کلتووری سەربازی و سیستەمی پیاوسالاری؛ سیستەمێک کە تێیدا لەشی ژن وەک کەرەستەیەک بۆ دەربڕینی دەسەڵات و سەپاندنی سەروەری دەبینرێت.
تەوەری دووەم: ئابووریی سیاسی و دیدگای فێمینیستی بۆ جەنگ لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسییەوە، جەنگ گۆڕەپانێکی ئاڵۆزی ئابوورییە کە ژنان زۆرترین باری قورسی لەسەر شانیانە. کاتێک جەنگ هەڵدەگیرسێت، بودجەی ولات بەره و کرینی چەک و کەرەستەی سەربازی دەبرێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ بودجەی پەروەردە، تەندروستی و تورەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی کەم دەکاتەوە. ئەم گۆڕانکارییە، ژنان زیاتر لە دۆخێکی هەژاریدا دەهێڵێتەوە، چونکە ژنان زیاتر پشت بە خزمەتگوزارییە گشتییانه دەبەستن کە لە ئاکامی بودجەی سەربازیدا قوربانییان پێ دەدرێت. جەنگ تەنیا وێرانکردنی شارەکان نییە، بەڵکو گۆڕینی ئاراستەی سەرچاوەکانە لە خزمەتی مرۆیی بۆ خزمەتی کاولکاری.
تەوەری سێیەم: ڕۆڵی ژنان لە ئاشتی و بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەی پاش-جەنگ لە سەردەمی پاش-جەنگدا، کاتێک کۆمەڵگە هەوڵی ساڕێژکردنی برینەکان و بنیاتنانەوەی ژێرخانەکان دەدات، ژنان دەبنه بزوینەری سەرەکی گەڕانەوە بۆ سەقامگیری. چالاکیی ژنان بۆ ئاشتی، تەنیا بەشدارییەک نییە لە دیپلۆماسیی فەرمیدا، بەڵکو گۆڕینی ئاراستەی کۆمەڵگەیە بەره و بەها مرۆییەکان. ئەزموونه جیهانییەکان دەیسەلمێنن کاتێک ژنان لە مێزی دانوستان و پڕۆسەکانی بڕیاردانی پاش-جەنگدا بەشدار دەبن، ئاشتییەکان بەهێزتر و پایەدارتر دەبن، چونکە ژنان زیاتر سەرنج دەخەنە سەر “ئاشتیی کردهیی” و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ ژیان.
ئاکامگیری لە کۆتاییدا، گەیشتن بە ئاشتییەکی ڕاستەقینه تەنیا بە وەستاندنی چەک بەدەست نایەت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هەیە لە چۆنیەتی تێگەیشتن لە جەنگ و ئاشتی. ئاکامی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە هەر کۆمەڵگەیەک بتوانێت توانای ژنان لە بنیاتنانی ئاشتیدا بەگەڕ بخات و لە عەقڵییەتی پیاوسالاری و کاولکاری دەرباز ببێت، ئەوا بە خێراییەکی زیاتر بەره و ئاوەدانکردنەوەی جێگیر هەنگاو دەنێت. ئاشتی پڕۆسەیەکی بەردەوام و کۆکەرەوەی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگەیە، نەەک تەنیا ڕێککەوتتنامەیەک لەسەر کاغەز.
وێنە و میدیای بابەت
وێنەکان خۆکار دەگۆڕدرێن؛ بە تیرەکانیش دەتوانیت بە دەستی بگۆڕیت.






