پێشەکی
لە مێژووی نوێی بیرکردنەوەی کوردیدا، بانگەواز بۆ ئازادی ژن یەکێکە لە بنەما فکرییە سەرەکییەکان. نموونەیەکی دیار لەم هەوڵانەدا، بانگەوازە شاعیرانە و فکرییەکانی هێمن موکریانییە کە لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی کوردی و ناوچەکە بە گشتی لە ژێر فشاری کولتووری و ئایینی توندوتیژەکان بوون، بە ڕاشکاوی داوای ئازادی ژنی کرد. ئەو لە هۆنراوەکانی خۆیدا داوای دەرچوونی ژن لە “چارشێوی ڕەش” و ئازادی ژیان لە قەرنی بیستەمدا دەکات و ڕادەگەیەنێت کە: تا ژن ئازاد نەبێ، سەرچاوەی ژین لیخنە.
ئەم بانگەوازە، دوای زیاتر لە هەشتا ساڵ، هێشتا پێویستییەکی مێژوویی و فکریی هەیە؛ چونکە لە زۆرێک لە نەتەوە و دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا، پرسی پۆشینی ژن نەک وەک مافێکی مرۆڤی و هەڵبژاردنێکی تاکەکەسی، بەڵکو وەک ئامرازێکی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەکارهاتووە. حیجاب: پێناسە و جیاوازییە فکرییەکان زاراوەی حیجاب لە ڕەگی وشەیی «حیجاب» ـەوە هاتووە کە واتای حەیا، شەرم، یان پەردەکردن دەدات. بەڵام لە مێژووی تێگەیشتنی فکریی ئیسلامدا، هیچ کۆدەنگییەکی تەواو لەسەر پێناسەی حیجاب و سنوورەکانی نییە. هەندێک ڕوانگە حیجاب بە ئەرکی ئایینی و فەرزی لە سەر ژنی موسڵمان دەزانن، لە کاتێکدا ڕوانگەی دیکە تەنیا سەرپۆش یان لەچک دەناسێنن و ڕووبەند و داپۆشینی تەواو ڕەت دەکەنەوە. لە قورئاندا، وشەی «حیجاب» بە واتای جلوبەرگ بەکارهێنراو نییە، بەڵکو زاراوەکانی خمار و جلباب بۆ باسکردنی پۆشاکی ژنان بەکارهاتوون. هەروەها، لە هەندێک ئایەتدا حیجاب تەنیا وەک پەردەیەکی نێوان ژنانی پێغەمبەر و خەڵکی دیکە پێناسە کراوە، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە هەندێک توێژەر بڵێن مەبەستی قورئان، گشتی ژنان نییە. حیجاب و دەسەڵاتی سیاسی لە سەردەمی نوێدا، حیجاب لە زۆرێک وڵاتدا بەتایبەتی لە ڕژێمە ئایدیۆلۆژییەکاندا، بووەتە سیمبوڵێکی سیاسی. لە وڵاتانی وەک ئێران، عێراق، تورکیا، سووریا و ئەفغانستان — کە بە شێوەیەکی جیاواز داگیرکەری کوردستانن — دەوڵەت بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پێداگری لەسەر شێوازی پۆشینی ژن دەکات. لە ئێراندا، دوای شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩، حیجاب بوو بە بنەمایەکی ناسینەوەی سیستەمی سیاسی. لەم دوو ساڵەی دواییدا، یاسایەکی نوێ بە ناوی «پشتیوانی لە کولتووری حیجاب و پۆشاک» خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەپێی ئەوە، پێشێلکردنی یاساکانی حیجاب سزای زیندانی و دارایی قورسی هەیە. ئەم یاسایە، بەتایبەتی لە ماددەکانی ٢٨٦ و ٣٦، ڕەنگی کۆنترۆڵی سیاسی و سزادانی ئایدیۆلۆژیی تێدایە. ژنان، ناڕەزایەتی و حیجاب وەک نیشانەی خۆپیشاندان وە هەروەها شەهیدبوونی ژینا ئەمینی بووە خاڵێکی گۆڕانکاریی مێژوویی. لە دوای ئەم ڕووداوەدا، ژنانی ئێران، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکاندا، بوونە پێشەنگی خۆپیشاندانەکان و حیجاب بوو بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر سیستەم. دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» نەک تەنیا داواکاریی ژنان، بەڵکو بانگەوازێکی گشتی بۆ ئازادیی مرۆڤ بوو.
بەڵام ئەم دۆخە هەروەها هۆکاری ئەوە بوو کە زۆر جار داواکارییە بنەڕەتییەکانی نەتەوەکان و کەمینەکان — وەک مافی زمان، خودموختاری و سەربەخۆیی — لە پەراوێز بخرێن. تایبەتمەندی کوردستان یەکێک لە خاڵە جیاوازەکان، دۆخی ژنانی کوردستانە. بە گشتی، کولتووری کوردی کولتوورێکی کراوەتر و ئازادتر بووە و ژنان لە مێژوودا ڕۆڵێکی دیار و ڕچەشکێنیان هەبووە. کەسایەتییەکانی وەک مەریەم خان، ئایشە شان، فەتانە وەلیدی و مەرزیە فەریقی، نموونەی ئەو ڕۆڵە ژنانەن کە لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا نەک تەنیا قبووڵ کراون، بەڵکو بەڕێزەوە چاویان لێ کراوە.
کۆتایی
پرسی حیجابی ناچاری — چ بە زۆر لەبەرنەکردن بێت، چ بە زۆر لەبەرکردن — لە بنەڕەتدا پرسی ماف و ئازادیی تاکەکەسییە. ئەگەر ژن هەڵبژاردنی خۆی نەبێت، هیچ پۆشینێک ناتوانێت بە حەیا یان ئیمانداری پێناسە بکرێت. لەوەیەوە، بانگەوازەکانی هێمن موکریانی هێشتا مانیفێستێکی فکریی سەردەمیانەن: ئازادی ژن، بنەمای ژیان و پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە.




