دوای تێپەر بوونی ٣٧ سال بە سەر رووداوی دڵتەزێنی وییەن، وەک وەفایەک بۆ شەهیدی سەرکردە دوکتور عبدوالرحمان قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاورێ کاک عەبدوڵلا قادری ئازەر ئەندامی ڕێبەری و نوینەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، رۆژی یەکشەمە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، بەرامبەر بە ١٢ی ژۆئیەی ٢٠٢٦ی زایینی، ڕێورەسمێک بە بەشداری ئەندامان و لایەنگەرانی حیزب، نوینەر و کەسایەتیە سیاسی و کۆمەلایەتی یەکان و بە حزوری ڕێزدار کاک حەسەنی شەرەفی ئەندامی دەستەی کارگێری حیزب، لە لایان دوو کۆمیتەی فەرانسە و بێڵژیک بەڕيوە چوو.
بەرنامەکە بە سروودی نەتەوەیی “ئەی رەقیب” و پاشان ساتێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دوای دانانی تاجە گوڵینە لە لایان نوینەرانی حیزبی ديموکرات و بنەماڵەی شەهیدان و نوینەری حیزب و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکان، پەیامی دەستەی کارگێری حیزب لە لایان ڕێزدار کاک حەسەن شەرەفی ئەندامی دەستەی کارگێری حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشکێشی بەشدار بووان کرد.
لە دوواین بڕگەی بەرنامەکە نوینەری ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئيران لە وڵاتی فەرانسە خاتوو شەیدا ویجدانی ، پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوە مەدەنیەکانی ڕۆژهەڵات کوردستانی پێشکيشی ئامادە بووان کرد، ناوەڕۆکی پەیامەکە وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو تێرۆرە ناجەوانمەردانەی کە لە کاتی گفتوگۆدا لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام درا، دوکتور قاسملوو وەک ڕێبەرێکی کاریزما و بلیمەت دەناسێنن کە دەنگی کوردی گەیاندە ئاستی نێودەوڵەتی، و لە کۆتاییدا پەیمانی وەفاداری بۆ بەردەوامبوونی ڕێبازەکەی لەسەر بنەمای ئاشتی، دیالۆگ، ئازادی و دادپەروەری نوێ دەکەنەوە.
ڕێوەرەسمەکە بە دانانی تاجە گوڵینە و نوێ کردنەوەی پەیمانی وەفا، لە سەر گڵکۆی شەهیدانی میکونوس واتە دوکتور سادەق شەرفەکندی و هاوڕێیانی بە هەستێکی پڕ لە بەرپرسایەتی و ئەمگناسی کۆتایی پێ هات.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران


