ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 29/01/2026 کاتژمێر 5ی ئێوارە، ئاکسیۆن و ڕێپێوانێک لە لایەن کوردانی هەر 4 پارچەی کوردستانەوە بەڕێوەچوو.
سەرەتای ئاکسیۆنەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و پاشان چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە سەرجەم شەهیدان و بەتایبەت شەهیدانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان خاتوو سەحەر خاڵ ئاقا کۆساری بەرپرسی ئاکسیۆنەکە و ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد. پاشان پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن خاتوو زارا یوسفی خوێندایەوە.
هەروەها بە دروشمی ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە و بژی بەرخودانی ڕۆژئاوا و دەیان دروشمی نیشتمانی و نەتەوەیی ڕێپێوانێک بە ناو شاردا کرا کە سەرجەم بەشداربوان تەنیا لە ئاڵای کوردستان کەڵکیان وەرگرتبوو.
ڕێپێوانەکە کاتژمێر 7ی ئێوارە لە بەردەرکی شارەداری شارەکە کۆتایی پێهات.




